عێراق

"هیچ بەربەستێکی یاسایی بۆ بەشدارییکردنی لایەنەکان لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا نییە"

شڕۆڤەکاری سیاسی، خالید دەبوونی : "ئەگەر ئەو چوار گرووپەی سەربە حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئەمریکاوە خرانە لیستی تیرۆرەوە لە حکوومەتی داھاتوو بەشداربن، ئەوا پڕۆسەی سیاسی لە عێڕاق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا دانی پێداناندرێت".

Zana Natık Kerem  | 22.10.2025 - نوێکردنەوە : 22.10.2025
"هیچ بەربەستێکی یاسایی بۆ بەشدارییکردنی لایەنەکان لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا نییە"

Arbil

ھەولێر ــ AA

شڕۆڤەکاری سیاسی، خالید دەبوونی ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو چوار گرووپەی سەربە حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئەمریکاوە خرانە لیستی تیرۆرەوە لە حکوومەتی داھاتوو بەشداربن، ئەوا پڕۆسەی سیاسی لە عێڕاق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا دانی پێداناندرێت و ڕەوایەتی نابێت، ھاوکات شارەزا لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن، دەشتی سدیق ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا ھیچ یاساییەک لە عێڕاق نییە کە ڕێگریی بکات لەوەی ھیچ لایەنێکی سیاسی بەشداری لە ھەڵبژاردن نەکات و بەپێی یاسا مافی ھەموو عێڕاقییەکانە بەشداریی لە ھەڵبژاردندا بکەن.

بڕیارە ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت.

"ئەگەر ئەو چوار گرووپەی سەربە حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئەمریکاوە خرانە لیستی تیرۆرەوە لە حکوومەتی داھاتوو بەشداربن، ئەوا پڕۆسەی سیاسی لە عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا دانی پێداناندرێت و ڕەوایەتی نابێت"

شڕۆڤەکاری سیاسی، خالید دەبوونی سەبارەت بە دوایین پێشھاتەکانی دۆخی ھەڵبژاردن لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند کە دوای دەستپێکردنی بانگەشەی لایەنە سیاسییەکان بۆ پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەپێی دۆخی ئێستا پڕۆسەکە لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

گوتیشی: "تا ئێستا ھیچ گرفتێک بۆ دواخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە ئارادا نییە و دۆخەکە گونجاوە، بۆ ئەوەی پڕۆسەکە لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەگەری ھەیە لە ڕۆژانی داھاتوودا، گۆڕانگارییەکان لە ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی کاریگەریی لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە ھەبێت".

ھەروەھا خالید دەبوونی سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکان و بەشداریکردنیان لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گوتی: "لە ھەموو ھەڵبژاردنەکاندا، ناکۆکیی لەنێو ماڵی سوننە بوونی ھەیە ھەروەک چۆن ئێستا لەنێو ماڵەکانی شیعە و کورد دا ھەیە کە ئەوەش شتێکی ئاشکرایە، چونکە ھەموو پارتەکان ھەوڵدەدەن زۆرترین کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستبھێنن".

ڕۆژی ٢٧ى ئاداری ٢٠٢٥ سەرکردەی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا ڕایگەیاند کە بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ناکات، وەک خۆی گوتی: "ئەم ھەڵبژاردنە ھیچ گرنگییەکی نییە، تەنھا لەپێناو بەرژەوەندی تائیفی و حزبییە".

موقتەدا سەدر کە لە ھەڵبژاردنە گشتییەکەی ساڵی ٢٠٢١دا، زۆرترین ژمارەی کورسی (٧٣ کورسی) بەدەست ھێنا، لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢دا کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسیی ڕاگەیاند.

ھەروەھا موقتەدا سەدر بەشداری ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی لە عێراق نەکرد کە ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بەڕێوە چوو.

شڕۆڤەکاری سیاسی، خالید دەبوونی پێی وایە کە بەشدارینەکردنی موقتەدا سەدر لە ھەڵبژاردندا، کاریگەریی زۆری لەسەر پڕۆسەکە دەبێت و گوتی: "موقتەدا سەدر لە ھەڵبژاردنی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ٧٣ کورسی بەدەستھێنا، بۆیە ئەمڕۆ پرسیاری ئەوە دەکرێت کە ئایا ئەو کورسییانەی سەدر بۆ چ لایەک دەچن و من پێموایە دۆڕاوی ئەم ھەڵبژاردنە، لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی دەبن، چونکە ژمارەیەک لە کورسییەکانی سەدر بۆ پارت و ھاوپەیمانەکانی دیکەی شیعە دەچن، لەوانە، ھاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، سەربەخۆکان و پارتە شیعەکانی دەرەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی".

"چوارچێوەی ھەماھەنگیی" دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١دا پێکھێنرا کە ھەریەک لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانیی فەتح، بزووتنەوەی عەتا و پارتی فەزیلە لەخۆدەگرێت.

ھەروەھا لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، خاوەنی ١٣٠ کورسین.

دەبوونی ئاماژەی بە کێشەکانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێڕاق سوودانی کرد و گوتی: "لەئێستادا، ناکۆکییەکی ڕوون و ئاشکرا لەنێوان لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی و سەرۆکوەزیرانی ئێستا محەمەد شیاع سوودانی ھەیە، چونکە ئاراستەیەک لەناو چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەیە لەوەی محەمەد شیاع سوودانی بو خوولی دووەم نەبێتەوە بە سەرۆکوەزیران و لەبەرامبەردا محەمەد شیاع سوودانی پێداگیرانە ھەوڵدەدات بو خوولی دووەم ئەم پۆستە وەربگرێتەوە".

خالید دەبوونی سەبارەت بە ھەڕەشە ئەمنییەکان بۆ سەر پڕۆسەی ھەڵبژاردن باسی لەوە کرد کە لە ئێستادا ھیچ ھەڕەشەیەکی ئەمنی بۆ سەر پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە ئارادا نییە.

ئەو شڕۆڤەکارە سیاسییە لەبارەی ئەگەری دواخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گوتی: "ئەگەر پڕۆسەی ھەڵبژاردن دوا بخرێت، ئەوا حکوومەتی کاربەڕێکەر پێکدەھێندرێت وەک لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا ڕوویداوە".

ڕۆژی ١٧ی مانگی ئەیلوولی ڕابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەریەکە لە بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی سەیدوشوھەدا، بزووتنەوەی ئەنساڕوڵڵای ئەوفیا، کەتائیبی ئیمام عەلی سەربە حەشدی شەعبی لە عێراق خستە لیستی تیرۆرەوە.

خالید دەبوونی سەبارەت بە کاریگەریی ئەو چوار گرووپەی سەربە حەشدی کە لەلایەن ئەمریکاوە خرانە لیستی تیرۆرەوە، لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردن، گوتی: "ئەو ھەنگاوەی ئیدارەی ئەمریکا، وەک ھۆشدارییەک بوو، لەوەی ئەگەر پارتەکانی سەربەو چوار گرووپە توانیان لەبەدەستھێنانی ژمارەیەکی زۆر لە کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران سەرکەتووبن و دواتر لە حکوومەتی داھاتوو بەشداربن، ئەوا پڕۆسەی سیاسی لە عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا دانی پێداناندرێت و ڕەوایەتی نابێت".

شڕۆڤەکاری سیاسی، خالید دەبوونی سەبارەت بە کەسایەتی سەرۆکوەزیرانی داھاتوو، گوتی: "نەک تەنھا پارتەکان، بەڵکو زۆرینەی گەلانی عێڕاق دەیانەوێت کەسێکی میانڕەو ببێت بە سەرۆکوەزیرانی داھاتوو کە وڵات بەرەوی ئارامی ببات و لەوباوەڕەدام کە محەمەد شیاع سوودانی بەختێکی باشی ھەیە بۆ ئەوەی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران".

- "لە عێراق ھیچ یاساییەک نییە لەوەی ھیچ لایەنێکی سیاسی بەشداری لە ھەڵبژاردن نەکات"

شارەزا لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن، دەشتی سدیق سەبارەت بە پێشھاتەکانی دۆخی پڕۆسەی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا ئێستا پڕۆسەکە بەپێی ئەو ڕێوشوێنانەی کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە پلانی بۆ دانراوە، بەپێی پلانەکە دەڕوات و ھیچ کێشە و گرفتێک لە بەردەم پڕۆسەکە دروست نەبووە، بەڵام ئاساییە کە باس لەوە دەکرێت پڕۆسەکە ئەنجام نادرێت یان دوادەخرێت، بۆیە تا بڕیارێکی ڕاست و دروست لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە دەرنەچێت، ناتوانین باس لە دواخستن یان ئەنجامنەدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردن بکەین، بەتایبەتیش کە بەربژێران بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران دوای ئەوەی ناوەکانیان لە کۆمیسیۆن پەسەند کراوە، دەستیان بە بانگەشە کردووە".

دەشتی سدیق پێیوایە کە ھیچ ڕێگایەکی دیکە وەک جێگرەوە بۆ پڕۆسەی ھەڵبژاردن نییە و گوتی: "ھیچ ڕێگایەک نییە بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق پەکبخرێت، بە تایبەتیش کە ئێستا دۆخی ھەرێمی کوردستان دەبینین. هەروەها لە ڕابردوو بەرلەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، پەرلەمان ھەڵوەشایەوە و حکوومەت بوو بە حکوومەتی کاربەڕێکەر، بۆیە لە عێراقیش ھەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە و بەپێی یاسا لەبەر ئەوەی لەو ماوەیەی دیاریکراوە بەرلەوەی ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خۆی ھەڵدەوەشێنێتەوە و حکوومەتیش دەبێت بە حکوومەتی کاربەڕێکەر تا ئەو کاتەی ھەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، بۆیە ئومێد دەکرێت، پڕۆسەکە لە وادەی دیاری خۆیدا ئەنجام بدرێت".

سەبارەت بە کاریگەریی بەشدارینەکردنی سەرکردەی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، موقتەدا سەدر لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەشتی سدیق ئاماژەی بەوەدا کە بێگومان ئەو بڕیارەی موقتەدا سەدر، کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت، بە تایبەتیش کە ڕێژەی دەنگدان لە پڕۆسەکە کەم دەبێتەوە، بەو پێیەی موقتەدا سەدر لەسەر ئاستی جەماوەریی، پێگەیەکی بەھێزی ھەیە لە پڕۆسەی سیاسیدا و لەمبارەیەوە گوتی: "نازانین بەشدارینەکردنی موقتەدا سەدر لە ھەڵبژاردندا خزمەت بە چ لایەنێک دەگەیەنێت، بەڵام پێشتر بۆ چەندین جار موقتەدا سەدر لە قسەکانیدا، ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە نابێت پڕۆسەیەکی ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و تێیدا دووبارە گەندەڵکار تاقی بکرێنەوە".

دەشتی سدیق سەبارەت بە پێشھاتە ئەمنییەکانی تایبەت بە پڕۆسەی ھەڵبژاردن گوتی: "تا ئێستا لە ڕووی ئەمنییەوە، ھیچ مەترسییەک لەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نییە".

ناوبراو سەبارەت بە کاریگەریی ئەو چوار گرووپەی سەربە حەشدی کە لەلایەن ئەمریکاوە خرانە لیستی تیرۆرەوە، لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردن، گوتی: "ئەو پرسە ھیچ کاریگەریی لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردن دروست ناکات، لەوانەیە بەربژێرانی ئەو چوار گرووپە بگەنە ناو ئەنجوومەنی نوێنەران و نوێنەری عێراق بکەن، بەڵام ئەو کات ئەو وڵاتانەی کە ئەو چوار گرووپەیان خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، شێوازی مامەڵەیان لەگەڵ عێراقدا دەگۆڕن، بە گشتی تا ئێستا لە عێراق ھیچ یاساییەک نییە کە ڕێگریی بکات لەوەی ھیچ لایەنێکی سیاسی بەشداری لە ھەڵبژاردن نەکات و بەپێی یاسا مافی ھەموو عێراقییەکانە بەشداری لە پڕۆسەکەدا بکەن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın