هۆگر، ئەو گەنجە هەڵەبجەییەی هۆگری ژینگەیە
هۆگر لە ساڵی ٢٠٢٣ دەستی بە پرۆژەی ژینگەپارێزییەکەی کردووە و، ئێستا بەردەوام دەبە ئاوە پلاستیکییەکان کۆدەکاتەوە، کە بەداخەوە زۆربەی خەڵکی فڕێیان دەدەن و دەبنە هۆی پیسکردنی ژینگە.

As Sulaymaniyah
هەڵەبجە – AA
هۆگر ئەحمەد، گەنجێکی تەمەن ٢٢ ساڵی دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە، سەرەڕای ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام ئەم ڕاستییە نەبووەتە کۆسپ لەبەردەمیدا و لە ڕێگەی پرۆژەیەکی تایبەت بە خۆی بە جۆش و خرۆشێکی بێوێنەوە کار بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی ناوچەکەی دەکات.
هۆگر لەگەڵ ئەوەی ژینگە دەپارێزێت، وێنەگرێکی سروشتیشە و بەردەوام بەناو کەژ و کێوەکاندا دەگەڕێت و وێنەی دیمەنە دڵڕفێنەکانی سروشت و ئاژەڵەکان تۆمار دەکات، بۆ ئەوەی هەستی پاراستنی ژینگە لەناو خەڵکیدا بەهێزتر بکات.
هۆگر ئەحمەد، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە سەرەتای دەستپێکی چیرۆکی خۆی و پرۆژەکەی کرد و، ڕایگەیاند: "من ناوم هۆگر ئەحمەدە، نزیکەی سێ ساڵە کاری فۆتۆگرافەری دەکەم. چیرۆکی من جیاوازە، لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە چوومەتە قوتابخانە، سوپاسی دایکم دەکەم کە تا ئێستا لەگەڵمدا بووە و پشتگیری کردووم، سوپاس ماندووبوونی دەکەم، هەرگیز چاکەیم بیرناچێت".
هۆگر باسی لەوە کرد کە خەون و خولیای ئەوە بووە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان بخوێنێت و ببێتە وێنەکێشێکی سەرکەوتوو، بەڵام قەدەر ڕێگەی پێنەداوە ئەو خەونەی بێتە دی. هەر بۆیە ئەو توانا و دەستڕەنگینییەی خۆی لە خزمەتی کاری فۆتۆگرافەری و ژینگەدا بەکارهێناوە.
سەرەتای کاری فۆتۆگرافەری هۆگر بە مۆبایل دەستیپێکردووە و، دواتر کامێرای کڕیوە و ئێستا وێنەکان بە کامێرا دەگرێت. هۆگر لەبارەی ئەو هاندانەی وای لێکردووە دەست بە کاری ژینگەپارێزی بکات، دەڵێت: "چەندین دیمەنی ناخهەژێنم بینیوە، یەکێک لەوانە جۆلەکەیەک بوو کە بێچووەکەی مردبوو بە باڵی ڕایدەکێشا، زۆر بۆی دڵتەنگ بووم، دوای ئەم دیمەنە ئیتر بڕیارم دا ژینگە بپارێزم".
هۆگر لە ساڵی ٢٠٢٣ دەستی بە پرۆژەی ژینگەپارێزییەکەی کردووە و، ئێستا بەردەوام دەبە ئاوە پلاستیکییەکان کۆدەکاتەوە، کە بەداخەوە زۆربەی خەڵکی فڕێیان دەدەن و دەبنە هۆی پیس کردنی ژینگە. لەو بارەیەوە هۆگر دەڵێت: "دەبەی ئاو چەندین ساڵ لەناو ژینگەدا دەمێنێتەوە، بۆیە با ئێمە سوودی لێ ببینین و دووبارە بیگەڕێنینەوە بۆ ناو سروشت".
ئەو دەبەی ئاوانەی هۆگر کۆیان دەکاتەوە، دەیانکات بە شوێنی دانانی ئاو و دان بۆ باڵندەکان و بە دار و درەختەکاندا هەڵیان دەواسێت. هۆگر لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەم کارەی من دەیکەم دانانی دان و ئاو بۆ باڵندەکان کارێکی دڵخۆشکەرە، ساڵانە پەرە بە کارەکەم داوە و، ساڵی پێشوو تەنیا لە هەڵەبجە و دەوروبەری کارم کرد، ئەمساڵ هەورامان و شارەزوور بەیەکەوە هەردووکیانم کردووە".
وەک هۆگر خۆی باسی دەکات، ئەو نەخۆشی ئێسکەنەرمە و بیرکۆڵی هەبووە و خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام ئەم نەخۆشیانە نەبوونەتە ڕێگر لەبەردەمیدا بۆ ئەوەی کار بکات و پارێزگاری لە ژینگە بکات و، دەڵێت: "من هۆگری ئەو جوانییانە بووم کە هەرگیز نەخۆشی و شت کاریگەریم لەسەر دروست ناکات، ئێستا نەخۆشییەکەم کاریگەری لەسەرم نەماوە، زۆر کەم نەبێت".
هۆگر باسی لەوەش کرد کاتێک دیمەنی ئەو چۆلەکەیەی تۆمار کردووە کە بە دیار بێچووە مردووەکەیەوە وەستاوە، زۆر خەمبار بووە و هەر لەو کاتەوە بڕیاریداوە کە جگە لە کاری فۆتۆگرافەری، هاوکاری باڵندەکانیش بکات.
هۆگر دوای ئەوەی دەستی بە هاوکاری کردنی ژینگە و سروشتی جوانی پارێزگاکەی کردووە، هەستی بە ئاسوودەیی و دڵخۆشی کردووە و دەڵێت: "ئەم دەبە ئاوەی فڕێ دەدرێت چەندین ساڵ لە ژینگەدا دەمێنێتەوە و ژینگە پیس دەکات، بۆیە با ئێمە پارێزگاری لە ژینگە بکەین".
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە، ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵییەوە کانی و سەرچاوە ئاوییەکانی پارێزگای هەڵەبجە بەرەو وشکبوون چوون، بۆیە هۆگر زیاتر لە جاران هەوڵدەدات ئاو بۆ باڵندەکان دابین بکات، بەتایبەتی لەو شوێنانەی ئاوی لێ نییە و چۆڵەوانیە.
هۆگر ئاواتە خوازە لە داهاتوودا بتوانێت لەسەر شاخەکان ئاو بۆ ئاژەڵە کێوییەکان دابنێت، هاوکات لەگەڵ کۆکردنەوەی دەبە ئاوەکاندا، خۆڵ و خاشاکی فڕێدراویش کۆدەکاتەوە و دەیانبات بۆ ئەو شوێنانەی کە بۆ فڕێدانی خۆڵ و خاشاک دیاریکراون.
هۆگری دۆستی ژینگە داوا لە هاووڵاتیان دەکات ژینگە بپارێزن و لەبری ئەوەی دەبەی ئاو فڕێ بدەن، بەکاریبهێنن بۆ هاوکاری کردنی باڵندەکان و تیایاندا ئاو و دان دابنێن تا سوودی لێوەربگرن. هەروەها دەڵێت: "پێمخۆش بوو لەم ماوەیەدا ژمارەیەک گەنج ئەم پرۆژەیەی منیان دووبارە کردەوە، با هەموومان هاوکار بین".
هۆگر ئەحمەد، بە کردار نیشانیدا کە پاراستنی ژینگە تەنیا دروشم نییە، بەڵکو ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکە و دەکرێت بە کەمترین تواناکان و بە خۆبەخشی کاری گەورە ئەنجام بدرێت. ئەو نموونەیەکی زیندووی ئەو کەسانەیە کە سەرباری هەبوونی کۆسپ و تەگەرە، دەتوانن ڕۆڵی بەرچاویان لە کۆمەڵگەدا هەبێت و کاریگەری ئەرێنیی دروست بکەن.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن