هاوینەهەواری سۆلاڤ بووەتە شوێنی سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران
ھاوینەھەواری سۆلاڤ بەهۆی سروشتە جوان و ناوازەکەی بووەتە سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە ناوچەکە دەکەن و کاتێکی خۆشی لێ بەسەر دەبەن.

Arbil
دهۆک - AA
ئامێدی خاوەنی سروشتێکی جوان و سەرنجڕاکێشە، دەوڵەمەندە بە شوێنەوار و شوێنی گەشتیاریی کە دیارترینیان هاوینەهەواری سۆلاڤە و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە وەرزە جیاوازەکان ڕووی تێدەکەن و بەهۆی دڵگیریی و ئارامییەوە، شوێنەکە خواستێکی زۆری گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی لەسەرە.
هاوینەهەوارەکە بە دووری چوار کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک و لە ناو دۆڵێکی تژی بە دار و درەخت دەوردراوە و، ئاوێکی سارد و سازگاری هەیە کە لە کانیاوەکانی شاخەوە هەڵدەقوڵێت و ناوچەکە بە ژینگەیەکی پاک بەناوبانگە.
گەشتیارێک کە لەگەڵ خانەوادەکەی لە مووسڵەوە هاتووەتە هاوینەهەواری سۆلاڤ، ئاماژە بە دڵگیریی و سەرنجڕاکێشانی شوێنەکە دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە ناوچەکەدا هەست بە سەقامگیریی دەکات و ئەمەش بە خاڵێکی ئەرێنیی ناوزەد دەکات.
گەشتیار، خدر مەحموود تەمەن ٤٩ ساڵ لەبارەی گەشتەکەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "قەزای ئامێدی، شوێنێکی گەشتیاریی سەرنجڕاکێشە، لە وەرزی ھاویندا پلەکانی گەرما لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق زۆر بەرز دەبنەوە، بۆیە لە ھەموو پارێزگاکانی عێراق خەڵک دێنە ئەم ناوچەیە، چونکە کەشوھەوایەکی فێنکی ھەیە و دیمەنەکانی دڵگیرن، منیش لەگەڵ خانەوادەکەم هاتووم و کاتێکی زۆر خۆش بەسەر دەبەین، من مانگانە سەردانی شوێنە گەشتیاریەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەم بە تایبەتیش ھاوینەھەواری سۆلاڤ، لەبەر ئەوەی جوانی سرووشت و فێنکی ئاو و ھەواکەی سەرنجی منی ڕاکێشاوە، ھەروەھا لێرە ھەست بە بەرقەراربوونی ئەمن و ئاسایش دەکەین ئەوەش خاڵێکی ئەرێنییە کە بە ئاسوودەیی دەچینە شوێنە جیاوازەکان".
پارێزگای دھۆک لە ڕووی ناوچەی گەشتیارییەوە زیاتر لە ٩٠٠ بنکەی گەشتیاری و ٢٥٠ ھاوینەھەواری ھەیە، ساڵانە زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی قەزای ئامێدی دەکەن و ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ملیۆنێک گەشتیار سەردانیان کردووە.
خاوەن شوێنێکی گەشتیاری ئاماژە بەوە دەکات کە گەشتیار لەسەرجەم پارێزگاکانی عێڕاق سەردانی هاوینەهەواری سۆلاڤ دەکەن و دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕن.
خاوەن شوێنی گەشتیاری، چەروان ئیبراھیم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامێدی، خاوەنی زۆر شوێنی دڵڕفێن و جوان و سەرنجڕاکێشە، یەکێک لەوانە ھاوینەھەواری سۆلاڤە، گەشتیار لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق ڕوو لەو شوێنە گەشتیارییە دەکەن و دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕن، لە وەرزی هاویندا، سۆلاڤ کەشوھەوایەکی زۆر فێنکی ھەیە، گەشتیاران لە بەر دەنگی کانیاو، خوڕەی ئاو، ھەست بە کەشێکی ھێور و ئارام دەکەن".