عێراق

نێچیرڤان بارزانی: "پێویسته‌ ژیان و شکۆی کرێکاران پارێزراو بێت"

Heman Hussein Yaseen  | 01.05.2022 - نوێکردنەوە : 01.05.2022
نێچیرڤان بارزانی: "پێویسته‌ ژیان و شکۆی کرێکاران پارێزراو بێت"

Arbil

هه‌ولێر - AA

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی رۆژی جیھانیی کرێکاران پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیاییدا ئاماژەی بەوەکردووە کە کرێکاران وەک توێژێکی گرنگی کۆمەڵگا، وێڕای قوربانیدان و بەشداریی کارایان لە خەبات و پێشمەرگایەتیدا، ھەمیشە رۆڵی بەرچاویان لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتدا ھەیە. دەبێت ئەوپەڕی رێز لە مافەکانیان بگیرێت

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە کە، "رۆژی جیھانیی کرێکاران بە گەرمی لە تەواوی کرێکارانی کوردستان، سەندیکا و رێکخراوەکانیان، لە کرێکارانی عێراق و جیھان بەگشتی، پیرۆز دەکەم، دەستی کار و کۆششیان دەگوشم، بە رێز و پێزانینەوە لە ئەرک و ماندووبوون و رۆڵیان دەڕوانم و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".

لە پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە، "کرێکاران وەک توێژێکی گرنگ و کاریگەری کۆمەڵگەی کوردستان، وێڕای قوربانیدان و بەشداریی کارایان لە خەبات و پێشمەرگایەتیدا، ھەمیشە رۆڵی بەرچاویان لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتدا ھەیە. دەبێت ئەوپەڕی رێز لە مافەکانیان بگیرێت، ژیان و شکۆیان پارێزراو بێت، رێکخراو و سەندیکاکانیان چالاک و رێکخراوتربن بۆ ئەوەی پارێزەری باشتری ماف و شایستەکان و کاتژمێرەکانی کارکردنیان بن و مسۆگەری ئەوە بکەن کە کرێکاران لە ھەلومەرج و ژینگەی دروستدا کار دەکەن".

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەم رۆژەدا جەختی لە پشتگیریکردنیان بۆ ھەموو ماف و داوا رەواکانی کرێکاران کردووەتەوە و رادەگەیەنێت کە "دامەزراوە و لایەنە پەیوەندارەکانی ھەرێمی کوردستانیش لەسەریانە لە چوارچێوەی یاساکاندا رەچاوی ژیان و گوزەرانی کرێکارانی کوردستان بکەن، ھەوڵی باشترکردنیان بدەن و چاودێری خێزانی ئەو کرێکارانە بکەن کە لە کاتی کارکردندا گیانیان لە دەستداوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın