نوری مالیکی پێشوازی کرد لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان
- سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و بەربژێری چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، نوری مالیکی و شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارەیەک پرسی گرنگیان تاوتوێ کرد لەوانە دۆخی ئەمنیی عێراق و دۆسیەی ھەڵبژاردنی سەرکۆمار.
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و بەربژێری چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، نوری مالیکی پێشوازی کرد لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی حزبەکە، فازڵ میرانی.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە دیدارەکەی نێوان نوری مالیکی و شاندەکەی پارتی دۆخی ئەمنی عێراق و پەرەسەندنە خێرا سەربازییەکان لە ناوچەکە و ڕەنگدانەوەیان لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراق تاوتوێ کراون.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە ھەر لە دیدارەکەدا کە ھەریەک لە ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی بەدر، ھادی عامری و سەرۆکی ھاوپەیمانی ئەساسی عێراقی، موحسن مەندەلاوی و سەرۆکی ھاوپەیمانی تەسمیم، عامر فایز ئامادەی بوون جەخت کراوەتە لەسەر گرنگی بەھێزکردنی سەقامگیری ناوخۆیی و پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و پتەوکردنی بەرەی نیشتمانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر دۆخێکی لەناکاو کە کاریگەریی لەسەر ئاسایش و سەروەریی وڵات ھەبێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک دۆسیەی گرنگی دیکە تاوتوێ کراون لەوانە شایستە دەستوورییەکان، بەتایبەتیش دۆسیەی ھەڵبژاردنی سەرکۆمار.
