مەسیحییەکانی قەرەقۆش بە پەرۆشەوە لە چاوەڕوانی پێشوازیکردنی پاپادان
- لە شارۆچکەی قەرەقۆش ئامادەکاریی دەکرێت بۆ پێشوازیکردن لەپاپای ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس کە بڕیارە لە حەوتی ئەم مانگە سەردانی شارۆچەکەکە بکات.

Arbil
ھەولێر ــ AA
حەمدانیە، قەرەقۆش و بەغدیدا ھەرسێکیان ناوی شارۆچکەیەکە کە زۆربەی دانیشتوانەکەی مەسیحیین بە دووری ٣٠ی کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژھەڵاتی شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگاری نەینەوا.
لەئێستادا لە شارۆچکەی قەرەقۆش ئامادەکاریی دەکرێت بۆ پێشوازیکردن لە پاپای ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس کە بڕیارە لە حەوتی ئەم مانگە سەردانی شارۆچەکە بکات.
ئامادەکارییەکان لە شارۆچکەی قەرەقۆش بەشێوەیەک کراون کە شەقامەکانی شارۆچکەکە رازێندراونەتەوە، ھەروەھا دووبارە کڵێسای تاھیرەی گەورە نۆژەنکراوەتەوە کە لە ساڵانی رابردوودا لەلایەن داعشەوە زیانی بەرکەوتبوو.
پاپای ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس لە حەوتی مانگ لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ شارۆچکەی قەرەقۆش، کڵێسای تاھیرەی گەورە بەسەر دەکاتەوە.
لەمبارەیەوە سەرۆکی کڵێسای تاھیرەی گەورە، عەممار یاکۆ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوەکرد کە کڵێسای تاھیرەی گەورە، گەورەترین کڵێسایە لە عێراق و گوتی:
"لە کاتی داگیرکردنی شارۆچکەی قەرەقۆش لەلایەن داعشەوە، کڵێساکە زیانی زۆری بەرکەوتوو و بەتەواوی سووتێندرا، بەڵام دوای گەڕانەوەی خەڵکی شارۆچکەکە بۆ زێدی خۆیان لە ٢٠١٩دا، پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی کڵێساکە دەستی پێکرد و بڕیاربوو پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەکە لە ٢٠٢١ تەواو بکرێت، بەڵام کاتێک راگەیەندرا کە پاپای ڤاتیکان لە پێنجی مانگی ئادار سەردانی عێراق دەکات، پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەکەمان خێراتر کرد و لەئێستادا، سەرجەم قۆناغەکانی پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەکە، تەواوکراوە و کڵێساکەیش بۆ پێشوازیکردن لە پاپای ڤاتیکان رازێندراوەتەوە".
سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس بۆ عێراق بە سەردانێکی مێژوویی دادەندرێت، چونکە ئەوە یەکەمجارە لە مێژوودا ئەو سەردانە ئەنجام بدرێت بەتایبەتیش بۆ شارۆچکەی بەغدیدا.
عەممار یاکۆ گوتیشی: "سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ شارۆچکەی قەرەقۆش، لە کاتێکدایە کە لە رەوشێکی ھەستیارداین بە تایبەتیش کە ناوچەکە دوای ھێرشەکانی داعش و کۆچکردنی زۆری مەسیحییەکان لە عێراق بە ململانێی گەورە تێپەڕدەبێت، بەڵام سەردانەکەی پاپا فرەنسیس دەبێتە پاڵپشتیکردنی مەسیحییەکان لە عێراق و جیھان بۆ ئەوەی لە شوێنی خۆیان بمێننەوە و رەسەنایەتی خۆشیان لەبیر نەکەن نەوەک تەنھا لە بەغدیدا و عێراق، بەڵکو لە ھەموو جیھان".
ھەر لەوبارەوە ئافرەتێکی قەشە بە ناوی ئیبتیسام حەبیب بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو داو و باسی لەوەکرد کە سەردانەکەی پاپا فرەنسیس بۆ شارۆچکەی قەرەقۆش، سەردانی پیرۆزیی، ئاشتیی و دڵخۆشییە بۆ ئەوان و گوتی:
"ھەموو ھاووڵاتییەکی نیشتەجێی قەرەقۆش، بە جۆرێک ئامادەکارییان کردووە کە سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان وەک جەژن وایە بۆ ئەوان، ھەموو خۆشحاڵین بە سەردانەکەی پاپا بۆ قەرەقۆش، چونکە ئەو دێتە ئێرە تا لە رەوشی و گوەزرانمان ئاگادار بێت و پێمان بڵێت کە من لەگەڵ ئێوەدام، لەبەر ئەوە بە دڵنیایییەوە ھەمووان دڵخۆشین بە ھاتنی پاپا فرەنسیس بۆ قەرەقۆش".
ئیبتیسام حەبیب ئەوەشی گوت "ئێمە وای دەبینیین کە سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ قەرەقۆش، سەردانی ئاشتیی و پیرۆزیی دەبێت، هەروەها سەردانێکی ئومێدبەخش دەبێت تا لەسەر خاکەکەمان بمێنینەوە و پارێزگاری لە رەسەنایەتی خۆمان بکەین لە عێراق، ئێمە رۆڵەی ئەم وڵاتەین و دەمانەوێت بە خۆشەویستی و ئاشتیی بژین، جگە لەوەیش ھاتنی پاپا بۆ لای ئێمە، دەتوانین ئەو پەیامە بە جیھان بگەیەنن لەوەی ئێمە دەتوانیین بە خۆشی و ئاشتیی پێکەوە بژین و دڵخۆش دەبین کاتێک پاپا بێتە ئێرە و لە رەوشی ئێستامان ئاگادار بێت".
ئەو گوتیشی: "سەردانەکەی پاپا بۆ قەرەقۆش، بێگومان دەبێتە ھاندانێک بۆ ئەوەی پەنابەرە مەسیحییەکان لە لوبنان، تورکیا و ئوردن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، تا سەرلەنوێ دەست بە ژیانێکی خۆش بکەنەوە لە عێراق".
چاوەڕوان دەکرێت پاپا فرەنسیس لە پێنجی ئەم مانگە سەردانێکی مێژوویی بۆ عێراق ئەنجامبدات و لە میانیدا سەردانی ھەرێمی کوردستان و شارۆچکەی قەرەقۆش بکات.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن