عێراق

مەسرور بارزانی: "ھەرێمی کوردستان پێویستی بە رۆژنامەوانییەکی پیشەییانەی خۆ بە بەرپرسیارزان ھەیە"

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی: "ھەرێمی کوردستان پێویستی بە رۆژنامەوانییەکی پیشەییانەی خۆ بە بەرپرسیارزان ھەیە، کە بەشدارییەکی کارا و ئەرێنی لە پرۆسەی گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی کۆمەڵگەی کوردستاندا بکات".

Zana Natık Kerem  | 22.04.2022 - نوێکردنەوە : 23.04.2022
مەسرور بارزانی: "ھەرێمی کوردستان پێویستی بە رۆژنامەوانییەکی پیشەییانەی خۆ بە بەرپرسیارزان ھەیە"

Arbil

ھەولێر ــ AA

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی-دا رایگەیاند کە راگەیاندن پەیامێکی گرنگ و پبرۆزی ھەیە کە ھوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاریی راست و دروستە و ھەرێمی کوردستان پێویستی بە رۆژنامەوانییەکی پیشەییانەی خۆ بە بەرپرسیارزان ھەیە، کە بەشدارییەکی کارا و ئەرێنی لە پرۆسەی گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی کۆمەڵگەی کوردستاندا بکات.

مەسرور بارزانی لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی-دا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "لە ١٢٤مین ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی (رۆژنامەی کوردستان) لەسەر دەستی خواڵیخۆشبوو میر میقداد میدحەت بەدرخان و ھاوکارانی، کە ھاوکاتیشە لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستاندا، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم راگەیاندنکاران و رۆژنامەوانانی کوردستان دەکەم و ھیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەیش داوە: "راگەیاندن پەیامێکی گرنگ و پبرۆزی ھەیە کە ھوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاریی راست و دروستە و ھەرێمی کوردستان پێویستی بە رۆژنامەوانییەکی پیشەییانەی خۆ بە بەرپرسیارزان ھەیە، کە بەشدارییەکی کارا و ئەرێنی لە پرۆسەی گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی کۆمەڵگەی کوردستاندا بکات و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و ئیتیکی پیشەیی میدیاکاریدا، بە گیانێکی بەرپرسیارانە و بە باشترین و جوانترین شێوە، لە خزمەتی کۆمەڵگە و ئامانجە نیشتمانییە باڵاکاندا بێت".

مەسرور بارزانی ئەوەیشی خستووەتەڕوو: "جێگای خۆشحاڵی و شانازییە کە لە ھەرێمی کوردستاندا، ژینگە و دەرفەتێکی باش بۆ کار و بزاڤی رۆژنامەوانیی و ئازادی راگەیاندن بە گشتی رەخسێنراوە و سەدان دەزگای جۆراوجۆر و فرەدەنگی راگەیاندن، سوودیان لەم کەشە ئازادە وەرگرتووە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستەبەری کردووە و بەوپەڕی ئازادییەوە کار دەکەن".

ئەوەیش خراوەتەڕوو: "لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە داوا لە رۆژنامەونووس و راگەیاندنکارە راستەقینەکانی کوردستان بکەم کە ڕێگە نەدەن ھیچ کەس و لایەنێک، ئەم پیشە و ئەرکە گرنگ و سەنگینە، بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان و ناوزڕاندن و بێ رێزی و سووکایەتیکردن بە بەھا بەرزەکانی نیشتمان بەکاربھێنن".

لە کۆتایی پەیامەکەدا ھاتووە: "بە رێز و پێزانینەوە، یادی رۆژنامەوانە پێشەنگەکان و ھەموو ئەوانە دەکەینەوە کە خزمەتێکی زۆری کاروانی رۆژنامەگەریی و ڕۆشنبیریی کورستانیان کردووە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن