مەسرور بارزانی: "ھیوادارم خەڵک لە کەشێکی ئارام و ئازادانە بتوانن دەنگی خۆیان بدەن"
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی داوای بەشداریکردنی لە پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای کرد کە کۆميسیۆن بە ئەمانەتەوە تا کۆتایی پرۆسەکە مامەڵە لەگەڵ دەنگی دەنگدەران بکات.
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی لە بارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند کە بێگومان ھەڵبژاردنێکی گرنگە، چونکە ڕێڕەو و شێوازی حوکمڕانیی چوار ساڵی داھاتوو دیار دەکات.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی لە بنکەیەکی دەنگدان لە پیرمام، بەشداریی لە پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
پاشان سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ھیوای خواست دەنگدەران لە کەشێکی ئارام و ئازادانە بتوانن دەنگی خۆیان بدەن و داواشی کرد کۆمسیۆن بە ئەمانەتەوە تا کۆتایی پرۆسەکە مامەڵە لەگەڵ دەنگی دەنگدەران بکات.
گوتیشی: "ئەمڕۆ ڕۆژی بڕیاری خەڵکە، ھیوادارم خەڵک بتوانێت لە کەشێکی ئارام و ئازاد دا و بە ئارەزووی خۆیان، دەنگی خۆیان بدەن و خەڵکێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بنێرن بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی بەرگری لە مافە ڕەواکانی ئەوان و مافە دەستوورییەکانی خەڵک بکات".
ھەروەھا ڕاشیگەیاند: "بێگومان ھەڵبژاردنێکی گرنگە و ھیوادارم خەڵک بە ھەموو ئارەزووی خۆی و دوور لە ھەموو فشارێک، بڕیاری خۆی بدات، چونکە بڕیاری ئەمڕۆی خەڵک، ڕێڕەو و شێوازی حوکمڕانیی چوار ساڵی داھاتوو دیار دەکات. ھیوادارم کۆمسیۆنیش، بە ئەمانەتەوە تا کۆتایی پرۆسەکە مامەڵە لەگەڵ دەنگی دەنگدەراندا بکات".
