مەسرور بارزانی: "لەگەڵ بەغدا لە قۆناغی کۆتایی نزیکبووینتەوە بۆ تێگەیشتن"

Arbil
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی لەمیانی ڕێوڕەسمی کردنەوەی شەشەمین پێشانگای نێودەوڵەتی وەبەرھێنانی خانووبەرە لە ھەولێر، وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
لەبارەی بەڕێوەچوونی پێشانگاکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: "ئێمە پێشتر بانگھێشتنامەمان نارد بۆ ئەوەی کە شاندێکی کۆمپانیاکانی ئەمریکایی سەردانی ھەرێم بکەن و ئەمڕۆ دیارە ئەو شاندە لێرەن و ھەر دوای ئەم پێشانگەیەش کۆبوونەوەم ھەیە لەگەڵیان. شاندێکن کە لە ھەموو سێکتەرەکان دەیانەوێت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان پەیوەندیی باشتری بازرگانی دروست بکەن بۆ پەرەپێدانی ھەموو کەرتەکان".
لە بارەی گفتوگۆکانی ھەولێر و بەغدا، سەرۆکوەزیرانی ھەرێم مەسرور بارزانی گوتی: "ئێمە زۆرجار ئەم قسەیەمان کردووە کە ھیوادارین بە زووترین کات ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن، بەڵام ھەموو جارێکیش دەبینین کە کێشەیەکی نوێ لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە ھاتووەتە ئاراوە و ھەمیشە ھەوڵمان داوە زۆر لەسەرخۆ ئەو کێشانە چارەسەر بکەین، چونکە ئەوەی لە لای ئێمە گرنگە بەختەوەریی خەڵکی ھەرێمى کوردستانە، ئارامی و سەقامگیریی خەڵکی ھەرێمى کوردستانە، بەردەوامبوونی پێشکەوتنی ئابوورییە، لەبەر ئەوە ئەوەی لەسەر ھەرێمی کوردستانە دەیکات و بەردەوامیش دەبێت".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "ئێستا شاندەکانی ئێمە لە گفتوگۆی بەردوام دان لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵی. لەسەر داھاتە نانەوتییەکان، لە قۆناغی کۆتایی نزیکبووینەتەوە بۆ تێگەیشتن، لەسەر ھەناردەکردنەوەی نەوتیش ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشەیەکی نەماوە، نە لەگەڵ کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکان، نە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، ئەوەی ماوە خاڵێکە لە نێوان کۆمپانیاکان و حکوومەتی فیدراڵی. کۆمپانیاکان ئێستا داوای گەرەنتی دەکەن بۆ بەردەوامبوونی دابینکردنی شایستە داراییەکانی خۆیان".
ھەروەھا لە بارەی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: "من ھەر لە دوای ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ئامادەبووم بۆ پێکھێنانی حکوومەت، بەڵام دەبێت ھاوبەشەکانی دیکەشمان ئامادە بن، ھەر کاتێک ئامادەبوون، پەنابەخوا حکوومەت پێک دەھێنین".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن