مەسرور بارزانی: "راپەڕین بەرھەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی ھێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو"
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بەبۆنەی ٣٠هەمین ساڵیادی راپەڕینی ئاداری ١٩٩١، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

Arbil
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بەبۆنەی ٣٠هەمین ساڵیادی راپەڕینی ئاداری ١٩٩١، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
مەسرور بارزانی لە سەرەتای پەیامەکەیدا پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان بە تایبەتی هێزەکانی پێشمەرگە و بنەماڵەی شەھیدان دەکات.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسیوویەتی: "راپەڕینی ئاداری ١٩٩١، یەکێکە لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کورستان کە بەرھەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی سەرجەم چین و پێکھاتەکانی گەلی کوردستان و ھێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، رەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستەیی بوو".
راشیگەیاندووە "راپەڕین وەرچەخانێکی مێژوویی بوو لە شۆڕش و تێکۆشانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان کە بەرھەمەکەی دروستبوونی قەوارەی فیدراڵی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی ھەرێم بوو کە پێویستە ئەمڕۆش، ھەر تاکێکی کوردستانی و ھەموو لایەن وپێکھاتەکان، بە یەکڕیزی و یەکدەنگییەوە، داکۆکی لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن".
مەسرور بارزانی جەختی لە پێویستی پاراستنی و گەشەپێدانی بەھا بەرزەکانی راپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبووردەیی و ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستیی گەلی کوردستان کردووەتەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە هەمووان کردووە کە پشتیوانی حکووومەتی هەرێمی کوردستان بکەن تاوەکو کارنامەی چاکسازی جێبەجێ بکات و نووسیوویەتی: "با یادی راپەڕین، ھاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتیوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بین، تا بتوانێت بە باشترین شێوە کارنامە چاکسازییەکەی جێبەجێ بکات و خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و بەیەکەوە، ھەرێمی کوردستان، بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر ببەین.
جێی ئاماژەیە، لە پێنجی ئاداری ١٩٩١، راپەڕین لە شاری رانیە سەربە پارێزگای سلێمانی سەریهەڵدا و دواتر خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەولێر لەدژی دامودەزگاکانی رژێمی بەعس لە عێراق راپەڕین و لە ٢١ی ئاداری هەمان راپەڕین شاری کەرکووکیشی گرتەوە و خەڵکی شارەکە راپەڕینیان ئەنجامدا.
دواتر هێزەکانی سەربازیی رژێمی پێشووی عێراق ئۆپەراسیۆنێکییان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی راپەڕینی تیادا ئەنجامدرا، دەستپێکرد و بەمەش زۆرینەی خەڵکی ئەو پارێزگایانە کۆچیان کرد و روویان لە وڵاتانی دراوسێی عێراق لەوانەش ئێران و تورکیا کرد.
دوای کۆچی ملیۆنی هاووڵاتییان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لەسەر داوای فەڕەنسا هێڵی دژە فڕینی لەسەر ناوچەکانی باکووری عێراق دانا بەمەش پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک لەژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکاندا مایەوە.
دواتر پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامدرا و پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئیدارەیەکی سەربەخۆ پێکهێنرا.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن