عێراق

مەسرور بارزانی بۆ حەفتەمین ساڵیادی کارەساتی شنگال پەیامێکی بڵاوکردەوە

Heman Hussein Yaseen  | 03.08.2021 - نوێکردنەوە : 04.08.2021
مەسرور بارزانی بۆ حەفتەمین ساڵیادی کارەساتی شنگال پەیامێکی بڵاوکردەوە

Arbil

هه‌ولێر - AA

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ حەفتەمین ساڵیادی کارەساتی شنگال پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە کە حکوومەتی ھەرێم لە ھەوڵی بەردەوامدایە بۆ گەڕاندنەوەی ئێزدییەکان بۆسەر زێدی خۆیان و رۆڵی پێشمەرگەیش لە رزگارکردنی شنگال بەرز دەنرخێنێت.

لە پەیامەکەی مەسرور بارزانی-دا ھاتووە ''ئەمڕۆ حەفتەمین ساڵیادی ھێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعشە بۆسەر خوشک و برایانی ئێزدی لە شنگال و دەورووبەری کە بەوھۆیەوە ھەزاران کەس لە دانیشتوانی ئەو دەڤەرە، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن و ئاوارە کران''.

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە "جینۆسایدی ئێزدییان، تاوانێکی ئەوەندە دڕندانەیە کە ھەمیشە لە ویژدانی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە بەردەوام بەڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە بکەینەوە، ھەروەھا بە پێزانینێکی زۆرەوە یادی قوربانیدانەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رزگارکردنی شنگال بەڕابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەینەوە".

مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ھەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ئێزدییەکان بۆ شوێنی خۆیان و ھاتووە ''لەم یادە خەمناکەدا ،دووپاتی دەکەینەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە ھەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سەربەرزانەی خوشک و برا ئێزدییە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان و کارکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێناو ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەڤەرەکانی دیکەی خوشک و برا ئێزدییەکان''.

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی هەروەها رایگەیاندووە کە جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال دەکەنەوە بۆ زەمینەخۆشکردن بۆ ئەوەی ئاوارەکان بەشێوەیەکی سەربەرزانە، بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و دەڤەرەکەش ئاوەدان بکرێتەوە و هاتووە "لە ھەمانکاتدا ھەوڵەکانیشمان زیاتر چڕ دەکەینەوە بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش و ھاوکارەکانیان و ئاشکراکردنی چارەنووسی تەواوی بێسەروشوێنکراوان".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın