لە هەڵەبجە یادی ٣٦ ساڵەی کارەساتی کیمیابارانی شارەکە کرایەوە
ئەمڕۆ شەممە، بە بەشداری کەسوکاری قوربانییانی کارەساتەکە، یادی ٣٦ ساڵەی کیمیابارانی ھەڵەبجە کرایەوە.
Arbil
ھەولێر ــ AA
خەڵکی هەڵەبجە بۆ ڕێزگرتن لە یادی قوربانیانی کارەساتی کیمیابارانی شارەکەیان، لە سەر مەزاری قوربانییەکان و هەروەها لە مۆنیۆمێنتی شارەکە کۆبوونەوە.
لە بەرەبەیانی زووە، وەک هەموو ساڵێک، کەسوکاری قوربانیان و هاووڵاتیانی هەڵەبجە و هەروەها شار و شارۆچکەکانی نزیکی، بە لەبەرکردنی جلی نەریتی و بەدەستگرتنی گوڵ و ئاڵای کوردستان، بەرەو مەزاری قوربانیانی شارەکە ڕۆیشتن.
کاتژمێر ١٠:٠٠ ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ٣٦ ساڵەی کیمیارانی ھەڵەبجە دەستی پێکرد و خەڵکی شارەکە، کەسوکاری قوربانییانی کارەساتەکە، بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەران و کۆنسولی وڵاتان لە ڕێوڕەسمەکەدا، بەشداربوون و تاجەگوڵینەیان لەسەر مەزاری شەھیدان دانا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، ھاووڵاتییان و بەرپرسان و نوێنەرانی وڵاتان بە جیا سەردانی مۆنیۆمێنتی ھەڵەبجەیان کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چیرۆکی کارەساتەکە بە چاوی خۆیان ببینن.
کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە لە ڕۆژی ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ئەنجامدرا و لە ئاکامدا، زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتی مەدەنی شەھیدبوون و سەدان کەسی دیكەش برینداربوون و ساڵانەش لەم ڕۆژەدا، یادی ئەو کارەساتە دەکرێتەوە.