عێراق

لە هەولێر ئاگر لە یەکەیەکی نیشتەجێبوون کەوتەوە

Heman Hussein Yaseen  | 27.12.2023 - نوێکردنەوە : 27.12.2023
لە هەولێر ئاگر لە یەکەیەکی نیشتەجێبوون کەوتەوە

Arbil

هەولێر - AA

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئاگر لە ماڵێکی نهۆمی ١٧ی شوقەکانی ئیسکان تاوەرز کەوتەوە و بەهۆیەوە سێ هاووڵاتیی و کارمەندێکی بەرگری شارستانی ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

خاوەنی ماڵەکە خەڵکی خوارووی عێراقە و نیشتەجێی شاری هەولێرە، ئاماژەی بەوەکرد کە ویستوویەتی قاوەیەک ئامادە بکات، بەڵام بەهۆی لێچوونی غاز لە چێشتخانەی ماڵەکەیان، لە کاتی هەڵکردنی تەباخ دا، ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و هەر توانیوویەتی خۆی و ژنەکەى رزگار بکات.

خاوەنی ماڵەکە، عەلی دەروێش بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "نەمزانی تەباخەکە لێچووی غازی هەیە و غازەکە پەنگی خواردووەتەوە، ویستم قاوەیەک ئامادە بکەم، لەگەڵ هەڵکردنی ئاگر ئیتر چواردەوری تەباخەکە ئاگری گرت و زۆر هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنماندا بەڵام نەمانتوانی و دواجار تەنیا فریاکەوتین خۆمان ڕزگار بکەین و دواتر تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە".

تاوەرەکە ٢٦ نهۆمە و ئاگرەکە لە نهۆمی ١٧ کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە سەرجەم دانیشتووانی پڕۆژەکە لە ماڵەکانییان هاتوونەتە دەر و کارەبا و ئەسانسۆری تاوەرەکەش کوژاوەتەوە.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، موقەدەم کاروان میراودەلی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا گوتی: "کاتژمێر ١١:٢٢ خوولەک تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە لە بوونی ئاگرێک لەم پڕۆژەیە ئاگادار کراونەتەوە، دەستبەجێ بەرەو ناونیشانەکە بەڕێکەوتوون کە تیاییدا ١٠ تیمی بەرگری شارستانی و یەک تیمی ڕزگارکردن گەیشتنە شوێنەکە و لە ماوەیەکی کەمدا توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت".

لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانیش، موقەدەم کاروان میراودەلی گوتی: "ئاگرەکە لە یەکێک لە ماڵەکانی نهۆمی ١٧ کەوتووەتەوە، وەک خاوەن ماڵەکە باسی کرد، لە ئەنجامی لێچوونی غاز و گڕگرتنی بووە و بۆیان کۆنتڕۆڵ نەکراوە، دوای گەیشتنی تیمەکانمان توانرا ١٧ کەس ڕزگار بکەین کە ١٣ لەوانە پێویستیان بە نەخۆشخانە نەبوو، چوار لەوانە ڕەوانەی نەخۆشخانە کران کە یەکێک لەوانە کارمەندی ئێمەیە و هەموو دووچاری تەنگە نەفەسی بوونە، تەنیا یەکێکیان لە ئەنجامی بەربوونەوە زامدار بووە".

میراودەلی گوتیشی: "پێویستە زیاتر هۆشیاربین لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڕووداوانە، چونکە لەناو شاری هەولێر و دەوروبەری زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ باڵەخانەی لووتکەییمان هەیە و، دەبێت بزانین لە ڕووداوێکی وا چۆن مامەڵە دەکەین و، ئەوەی لە هەمووی گرنگترە، پێویستە هاووڵاتییان لە شوێنەکە دوور بکەونەوە هەم بۆ سەلامەتی گیانی خۆیان، هەم بۆ ئەوەی تیمەکانی ئێمە بە خێرایی کارەکانییان ڕایی بکەن".

جێی ئاماژەیە لەمیانی ئەم دوو مانگەی ڕابردوو، دووەمجارە ئاگر لە پڕۆژەی شوقەکانی ئیسکان تاوەرز دەکەوێتەوە و تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın