لە دهۆک هیچ ڕێوڕەسمێکی جەماوەری بۆ نەورۆز ئەنجام نادرێت
Dahuk
دهۆک - AA
بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری دهۆک بڕیاریدا ڕێوڕەسمە جەماوەرییەکانی نەورۆزی ئەمساڵ هەڵبوەشێنێتەوە و داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە ماڵەکانی خۆیاندا یادی ئەم جەژنە نەتەوەییە بکەنەوە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری دهۆک، حەسەن فەتاح به ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند: "بەهۆی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران کە کاریگەریی کردووەتە سەر دۆخی هەرێمی کوردستان، بڕیار دراوە هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێکی جەماوەریی فەرمی بۆ جەژنی نەورۆز ئەنجام نەدرێت".
گوتەبێژی ڕۆشنبیری دهۆک ئاماژەی بەوە کرد: "ئەم بڕیارە بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و پاپەندبوونە بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ کە تێیدا جەخت لە ئەنجامنەدانی گردبوونەوە کراوەتەوە، هاووڵاتییان دەتوانن هەر یەکە و لە ماڵی خۆی یان لەسەر بانی خانووەکانیان ئاگرێکی بچووکی نەورۆز بکەنەوە."
حەسەن فەتاح لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەبەوەش کرد کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسیشدا، گەلی کورد ھەرگیز دەستی لە نەریتی نەتەوەیی خۆی ھەڵنەگرتووە و ئاگری نەورۆزی بە گەشاوەیی ھێشتووەتەوە.
لە جەژنی نەورۆز خەڵک بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و ئاھەنگێران ئەو یادە لە یەکتر پیرۆز دەکەن، نەورۆز داب و نەریتێکی زۆر کۆن و دێرینە کە لە لایەن کورد و چەند نەتەوەیەکی دیکەی ناوچەکە بە شێوەی جۆربەجۆر یاد دەکرێتەوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
