قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شاندی دانوستانكاری بەغدا كۆبوویەوە
جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شاندی دانوستانكاری بەغدا كۆبوویەوە.

Arbil
هەولێر - AA
جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە تەلاری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ شاندی دانوستانكاری بەغدا، كۆبوویەوە.
لەمبارەیەوە نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکوەزیران بڵاوی کردەوە لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دواپێشھاتەكان و دەرئەنجامەكانی دوایین سەردانی وەفدی حكوومەتی ھەرێم بۆ بەغدا كراوە.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە شاندی دانوستانكار دەرئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا و دۆخی دارایی ئێستای عێراقیان بۆ جێگری سەرۆکوەزیران خستووەتەڕوو و ئاماژەیان بەوە داوە کە داهاتی نەوتی عێراق بەڕێژەیەکی زۆر دابەزیوە و کورتهێنانێکی زۆر گەورە لەنێوان داهات و خەرجییەکانی حکوومەتی فێدرالیدا دروست بووە. باسیان لەوەشکردووە بەهۆی ئەم کورتهێنانەوە لە بەغدا فشاری سیاسی هەیە بۆ شكستهێنان بە لێكگەیشتنی پێشووی نێوان ھەرێم و بەغدا.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاندووە کە ئەولەویەتی حکوومەت پاراستنی ژیانی ھاووڵاتییان و دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانە، بۆیە ھەموو ھەوڵێك دەدەن و درێژە بە ھەوڵەكانیشمان دەدەین بۆ ئەوەی بژێوی خەڵك دابین بكەن.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاندووە کە دەبێت بەوپەڕی شەفافییەتەوە بەردەوام لە پەیوەندیدا بن لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی بەغدا و فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانی عیراق.