عێراق

قوباد تاڵە‌بانی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە

Sarmand Hameed  | 02.12.2021 - نوێکردنەوە : 02.12.2021
قوباد تاڵە‌بانی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە

Arbil

هەولێر - AA

جێگری سە‌رۆكوە‌زیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە، میخاییل بوگدانۆڤ رایگەیاند: "بەشێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا چارەسەر دەکرێن و پێویستە کورد یەکدەنگ بێت بەتایبەت لەم کاتە هەستیارەدا".

بەگوێرەی ئەو هەواڵەی کە لە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، لە‌ كۆبوونە‌وە‌كە‌دا قوباد تاڵە‌بانی و میخاییل بوگدانۆڤ، باسیان لە دواپێشهاتە سیاسییەکان و رەوشی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرد.

ئاماژە بەوەشدراوە کە، "لەبارەی پەیوەندی نێوان رووسیا و هەرێمی کوردستان، میخاییل بۆگدانۆڤ باسی لە پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی مێژوویی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەرۆڵی گرنگی سەرکۆماری پێشووی عێراق، مام جەلال لە پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە کرد".

لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوه‌ بەسەردانی بوگدانۆڤ و بە دۆستێکی دێرینی گەلى کورد وەسفی کردووه‌، دواتر باسی لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کردووه‌ و ئاماژەی بەوە داوه‌ کە چاوەڕێین لەم نزیکانەدا دەستبکرێت بە گفتوگۆی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە عێراق و جەختیشی کردەوە کە "چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەکرێت، هەروەها ئاماژەی بە گرنگی یەکدەنگیی لایەنە کوردستانییەکاندا بەتایبەت لەم کاتە هەستیارەدا".

لەبارەی رەوشی عێراق، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: "لە عێراق کێشەی نەبوونی پلانمان هەیە لە هەندێک بابەتدا، لەگەڵ نەبوونی جیاوازیی لە سیاسەتی لایەنە سیاسییەکان، بۆیە ئەو گفتوگۆیانەى کە پەیوەستن بەپێکهێنانی حکوومەتەوە لەسەر سیاسەتی چۆنییەتی بەرێوەبردن و حوکمڕانی نییە بەڵکو لەسەر وەرگرتنی پۆستەکان دەبێت".

لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە شەڕی دژبە تێرۆریستانی داعش کراوه‌ و لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە داوه‌ کە ئەو شەڕە هێشتا ماوە و ئاماژەی بە هێرشەکانی چەند رۆژی رابردوو دا کە تێیدا چەند پێشمەرگەیەک شەهید و برینداربوون.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە رەوشی سووریا و کێشەی کۆچبەران کراوه‌.

لەکۆتایی هەواڵەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە پرسی کارکردن و هاتنی کۆمپانیا رووسییەکان بۆ هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکاندا خرایە بەرباس و جێگری سەرۆکوەزیران دڵنیایی کردوونەتەوە کە ئاسانکاریی دەکەن بۆ ئەوەی سوود لە تواناکانی ئەوان ببینن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن