عەبدولستار مەجید: "تەماتەی کوردی دۆشاوێکی زۆر باش و تەندروستی لێ بەرهەم دێت"
- سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان، عەبدولستار مەجید: "دۆشاوی تەماتەی هاوردە کراو جگە لە تەماتە، باینجان و کەرەستەی دیکە لە پێکهاتەکەیدایە، تەماتەی کوردی دەتوانرێت دۆشاوێکی زۆر باش و تەندروستی لێ بەرهەم بهێندرێت".

Arbil
هەولێر - AA
لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم بەروبوومی ناوخۆ، هەردوو وەزیرانی کشتوکاڵ و بازرگانی بانگهێشتی کۆبوونەوەی لیژنەکەیان لە پەرلەمان بکەن.
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان، عەبدولستار مەجید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "وەک لیژنەی کشتوکاڵ بڕیارمان دا بانگهێشتی وەزیری کشتوکاڵ و وەزیری بازرگانیی و پیشەسازیی بکەین بۆ کۆبوونەوەی لیژنەکەمان لە پەرلەمانی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە کاتژمێر ١١مان دیاریی کردووە، کۆبوونەویەکی هاوبەش دەکەین بۆ ئەوەی رێگە چارەیەک بدۆزینەوە کە جووتیاری ئێمە چیدی زەرەر نەکات".
گوتیشی: "کۆمەڵێک رێکار هەیە کە دەبێت بگیرێنە بەر، ئێمە وەک لیژنەی کشتوکاڵ کۆمەڵێک پێشنیاز و رێگاچارەمان ئامادە کردووە لەو کۆبوونەوەیە دەیخەینە بەردەستی هەردوو وەزیر".
عەبدولستار مەجید داواشی لە هاووڵاتییان کرد بۆ هاندانی بەروبوومی ناوخۆ بۆ ساغبوونەوەی بەروبوومەکانیان بۆ ئەوەی جووتیاران زەرەر نەکەن پێویستە هەتاوەکو بەروبوومی ناوخۆ هەبێت بەروبوومی هاوردەکراوی وڵاتانی دیکە بەکارنەهێنن و نەیکڕن.
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند "لە سنوورەکان هەرچەندە باج دانراوە، بەڵام هەندێکجار ئەمە پێشێلکراوە وە هەندێک سنووری دیکەی نافەرمی هەیە کە بەلێشاو بەرهەم و بەروبوومی کشتوکاڵیی و مەڕوماڵات بە قاچاخ دێتە ناو هەرێمی کوردستان و زەرە و زیانێکێ زۆری لە بەرهەمی ناوخۆ داوە و بووەتە هۆکاری ساغ نەبوونەوەی بەروبوومی جووتیارانی خۆمان".
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری پەرلەمانی کوردستان، عەبدولستار مەجید دەربارەی ئەو قسەیەی وەزیری کشتوکاڵ کە گوتی 'تەماتەی کوردی بۆ دۆشاو نابێت' گوتی" بە ئەزموونی باوباپیرانمان بە ئەزموونی خۆشمان ئەو تەماتەیەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدێت لە مێژەوە کراوەتە دۆشاوی تەماتە، بەڵام ئەو تەماتەیەی ناوکی زۆربێت راستە لە بڕێکی زۆری تەماتە بڕێکی کەمتر دۆشاوی لێ بەرهەمدێت، ئەگینا بەشێوە گشتیەکەی زۆر باشیش دەبێتە دۆشاو و زۆر پاک و تەمیزتریشە لەو دۆشاوەی ئێستا لە بازاڕدا هەیە و هاوردە کراوە چونکە بەپێی ئەو زانیاریانەی بە ئێمەیان داوە ئەو دۆشاوەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێت دۆشاوی تەماتە نییە بە پاکی و خالسی، بەڵکو باینجان و هەندێک ماددەی کیمیایی تێدەکرێت ئینجا دەکرێت بەو دۆشاوی تەماتەیەی کە لە بازاڕدا هەیە و دەیکڕین".