سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کرد
- لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێکی گرنگ تایبەت بە دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکرێت.

Arbil
کەمێک پێش ئێستا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دۆمینیک راب کرد و کۆبوونەوەی نێوانیان دەستی پێ کرد.
ھەریەک لە جێگرانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر و جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی بەشداری کۆبوونەوەکەن.
دوێنێ سێشەممە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دۆمینیک راب گەیشتە بەغدا و لەلایەن وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن پێشوازی لێکرا و دواتر لەگەڵ ھەریەک لە سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرکۆماری عێراق، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پابەندبوونی وڵاتەکەی بە پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی و رۆڵی کارای عێراق لە ناوچەکە دووپاتکردووەتەوە، ھەروەھا لە ھەردوو دیدار و کۆبوونەوەیشدا پرسی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی عێراق و چۆنیەتی باشتر بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەی تاوتوێ کراوە.