سەرۆکوەزیرانی عێراق: "بەردەوامین لە پەرەپێدان بە بەرھەمھێنانی کارەبا"
- سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کردنەوەی یەکەیەکی تۆڕباینی غاز لە وێستگەی وەبەرهێنانی غازی بەسمایە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، ڕایگەیاند کە بەردەوامن لە پەرەپێدان بە بەرھەمھێنانی کارەبا.

Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە بەردەوامن لە پەرەپێدان بە بەرھەمھێنانی کارەبا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد شیاع سوودانی، یەکەی تۆڕباینی غازی (١٣)ی لە وێستگەی وەبەرهێنانی غازی بەسمایە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە باشووری ڕۆژھەڵاتی بەغدا کردووەتە کە ٣٠٠ مێگاوات بۆ بەرھەمی وێستگەکە زیاد دەکات.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی کردنەوەی یەکەی تۆڕباینی غازی (١٣) لە وێستگەی وەبەرهێنانی غازی بەسمایە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، ڕایگەیاندووە کە بەردەوامن لە پەرەپێدان بە بەرھەمھێنانی کارەبا و گوتوویەتی: "بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی یەکەی تۆڕباینی غاز لە وێستگەی کارەبای غازی وەبەرھێنانی بەسمایە، کۆی بەرھەمھێنانی وێستگەکە گەیشتووەتە پێنج هەزار مێگاوات".
لە راگەیاندراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە محەمەد شیاع سوودانی، ستایشی ھەوڵە ھاوبەشەکانی نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتیی کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە کەرتی تایبەت ھاوبەشییەکی ڕاستەقینەی کەرتی گشتییە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییدا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاندووە: "ئێمە کار لەسەر ھاوبەشییەکی فراوانتر دەکەین بە ئامانجی دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا".
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە، سەرۆکوەزیرانی عێڕاق، محەمەد شیاع سوودانی جەختی کردووەتەوە کە تا ھاوینی ساڵی ٢٠٢٦دا، بڕی غازی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق دابین دەکرێت.