سەردانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ پارێزگای سەڵاحەددین
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی: "رێگە نادەین دووبارە تیرۆر بگەڕێتەوە وڵاتەكەمان".

Arbil
هەولێر ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی گەیشتە پارێزگای سەڵاحەددین و لە میانیدا لەگەڵ فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکان كۆبووەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا، مستەفا كازمی رایگەیاندووە كە هاتووە بۆ پارێزگای سەڵاحەددین تا ئەوە پشتڕاست بکاتەوە کە دەوڵەت بوونی هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان و جێگیركردنی پایەکانی یاسا، بە تایبەتیش دوای ئەو تاوانە قێزەونەی كە بەم دواییانە بەرامبەر بە ژمارەیەك هاووڵاتیی دانیشتوانی سنووری پارێزگای سەڵاحەددین ئەنجامدراوە.
لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەكراوە كە مستەفا كازمی لە وردەكاری لێكۆڵینەوە بەراییەكان لە بارەی رووداوی كوژرانی 12 هاووڵاتیی دانیشتوی ناحیەی فەرحاتییە سەربە قەزای بەلەد باشووری شاری تكریت ئاگاداركراوەتەوە و فەرمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەكان کردووە كە بەوداداچوونی ورد بۆ وردەكارییەكانی ئەو رووداوە بكەن و گوتی:
"پەیامی ئێمە بۆ هاووڵاتییانی سەڵاحەددین ئەوەیە كە دەوڵەت دەیانپارێزێت و هێزە ئەمنییەكان ئەركیان پاراستنی نیشتمان و یاسایە".
مستەفا كازمی گوتیشی: "تیرۆریستان جگە لە یاسا و سزادان هیچ شتێكی دیكە چاوەڕوانیان ناكات و بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەین دووبارە تیرۆر بگەڕێتەوە وڵاتەكەمان جا لەژێر هەر ناوێكدا بێت".
لە راگەیەندراوەكەدا هەروەها باس لەوەكراوە كە مستەفا كازمی جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە نابێت كاری ئەمنی تێكەڵ بە سیاسەت بكرێت و بەهیچ شێوەیەكیش نابێت ترس لەنێو هێزە ئەمنییەكاندا بوونی هەبێت، هەروەها نابێت تا ئەو كاتەی لێكۆڵینەوەكان تەواو دەبن هیچ بڕیارێك دەر بكەین".
بەپێی راگەیەندراوەكە بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بە یاوەری شاندێك كە پێكھاتبوو لە ھەریەك لە وەزیری بەرگریی، جومعە عناد و وەزیری ناوخۆ، عوسمان غانمی و سەرۆك ئەركانی سوپا، عەبدوئەمیر رەشید یارەڵڵا و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، فالح فەیاز گەیشتە پارێزگای سەڵاحەددین.
دوێنێ فەرماندەیی پۆلیسی سەڵاحەددین رایگەیاندبوو كە 12 هاووڵاتیی دانیشتوی ناحیەی فەرحاتییە سەربە قەزای بەلەد لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە رفێندراون و دواتر كوژراون و تەرمەكانیان لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتنی سەڵاحەددین-ەوە دۆزراونەتەوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن