عێراق

زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لەبارەی جینۆسایدەوە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی رێکدەخات

زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە سلێمانی، لەژێر ناونیشانی ''بونیادنانی ئاشتی و نەهێشتنی کۆمەڵکوژیی'' کۆنفرانسێکی زانستی نێودەڵەتیی رێک دەخات.

Rewa Mahmood Hasan  | 15.12.2021 - نوێکردنەوە : 16.12.2021
زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لەبارەی جینۆسایدەوە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی رێکدەخات

As Sulaymaniyah

سلێمانی ــ AA

زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە سلێمانی، لەژێر ناونیشانی ''بونیادنانی ئاشتی و نەهێشتنی کۆمەڵکوژیی'' کۆنفرانسێکی زانستی نێودەڵەتیی رێک دەخات.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لە شاری سلێمانی، دەیەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی لەلایەن زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی دەستی پێ کرد کە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

لەمبارەیەوە سەرۆکی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە سلێمانی، پرۆفیسۆر دکتۆر مەریوان ئەحمەد بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند کە لە رێگای بەستنی ئەم کۆنفرانسە، ئامانجیانە وەک زانکۆ، چارەسەر بۆ کێشە و گرفتەکانی نێو کۆمەڵگا بدۆزنەوە بە تایبەت لەسەر پرسی جینۆساید.

پرۆفیسۆر دکتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید گوتی: "لە دوو رۆژی کۆنفرانسەکەدا، ٢٠ توێژینەوە تاوتوێ دەکرێن و قسەیان لەسەر دەکرێت کە لەلایەن ژمارەیەک توێژەرەوە ئامادەکراون. تاوەکو لەم رێگەیەوە جارێکی تر هەرێم و عێراق بەگشتی رووبەڕووی کۆمەڵکوژی نەبنەوە. ئامانج لەم کۆنفرانسە رێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کۆمەڵکوژیانە، هاوکات مەبەستمانە پەیامیش بدرێت بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی کە ئەم کۆمەڵکوژییانە بە نێودەوڵەتییانە بناسێنێت".

سەرۆکی زانکۆی گەشەپێدان ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆنفرانسەکەدا، زیاتر لە ٦٠ توێژینەوەی زانستی لەلایەن توێژەرانی وڵاتانی ئەمەریکا، بەریتانیا، رواندا، ئوردن و ئێران پێشکەش دەکرێت و گوتی: ''کۆنفرانسەکە بەبەشداری هەریەک لە زانکۆکانی هەڵەبجە، چەرموو و کۆیە ئەنجام دەدەرێت. لەسەر ئاستی عێراقیش هەر یەکە لە دەزگاکانی شەهیدانی حکوومەتی ناوەندیی عێراق، زیندانیانی سیاسیی حکوومەتی ناوەندیی عێراق و دەزگای حیکمە بەشدار دەبن بە ئامادەبوونی هەریەک لە نوێنەری وەزیری رۆشنبیریی حکوومەتی ناوەندیی عێراق".

بەشێک لە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە مامۆستایانی زانکۆ و بەرپرسانی دەزگا پەیوەندیدارەکان بوون بە جینۆسایدەوە، لای خۆیەوە جێگری سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان، دکتۆر فاتیح سەنگاوی لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند ''وەکو جێگری سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان بەشداربووم ئەمرۆ لە کۆنگرەکەدا، توێژینەوەی جیاجیا پێشکەش دەکرێت، پێشنیازی تێدا دەخرێتەڕوو، بەداخەوە لە عێراق و هەرێمدا کۆمەڵێک پرۆسەی جینۆسایدی بەخۆیەوە بینیەوە، بۆ نموونە؛ جینۆسایدەکانی هەڵەبجە، ئەنفال و بارزانییەکان، تاوەکو جینۆسایدی ئێزیدییەکان، بۆیە رۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لەم کۆنفرانسەدا و لەلایەن کۆمەڵێک پسپۆری زانکۆی جیا جیاوە توێژینەوە پێشکەش دەکرێت لەسەر جینۆساید کە دواتر کۆمەڵێک راسپاردەی لێدەکەوێتەوە".

هەروەها سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق، عەبدوڵڵا نائیلی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند کە دەزگاکەیان بەبێ جیاوازی، خزمەتی کەسوکاری سەرجەم شەھیدان دەکات لە شەھیدانی تاوانەکانی سەردەمی بەعس بەرلە ساڵی ٢٠٠٣، ھەروەھا شەھیدانی دەستی تیرۆر و شەھیدانی نێو ھێزە ئەمنییەکان، لەئێستادا ژمارەیەک زۆر لە شەھیدان لە دەزگای شەھیدان تۆمارکراون.

عەبدوڵڵا نائیلی راشیگەیاند کە دەزگای شەھیدان بەپێی یاسا و بەبێ جیاوازی خزمەت بە کەسوکاری شەھیدان دەکات و گوتی: "زیاتر لە ٦٠ ھەزار شەھید بەھۆی تاوانەکانی بەعسەوە، ٣٠ ھەزار شەھید لە وەزارەتی ناوخۆ، ٣٠ ھەزار شەھید لە وەزارەتی بەرگریی و ١٢٠ ھەزار شەھید بەھۆی تاوانی تیرۆر لە دەزگای شەھیدان تۆمارکراون".

ئاماژەی بەوەیش دا کە دەزگای شەھیدان مووچەی خانەنشینی بۆ کەسوکاری شەھیدان بڕیوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی وەک مافی نیشتەجێبوون، پارچە زەوی یان یەکەی نیشتەجێبوونی داوە بە کەسوکاری شەھیدان، ھەروەھا لە رووی ماددیشەوە قەرەبوو دەکرێنەوە و دەرماڵەی خوێندنیش بۆ منداڵی شەھید خەرج دەکرێت.

باسی لەوەش کرد کە لە ھەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی لە سەرجەم بوارەکاندا، خزمەت بە کەسوکاری شەھیدان بکەن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن