
Ankara
کۆیە - AA
سەنتەری مەلای گەورە بۆ تۆژینەوە لە زانکۆی کۆیە، سێیەمین دیداری زانستیی بە ناونیشانی "رۆڵی راگەیاندن لە پێکھێنانی ناسنامەی جێندەری" ئەنجامدا.
دیدارەکە بە ھاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی بەیتولحیکمەی بەغدا و بەشداریی توێژەران لە سەنتەری بێشکچی بۆ توێژینەوەی مرۆڤایەتی و سەنتەری جینۆساید بۆ توێژینەوە لە زانکۆی دھۆک، سەنتەری بیر بۆ گفتووگۆ و چاکسازی لە بەغدا، سەنتەری یەکسانی جێندەری لە زانکۆی سلێمانی، بنکەی رۆشنبیری گەلاوێژ لە سلێمانی، سەنتەری لێکۆڵینەوەی زانستی و مرۆڤایەتی لە کۆلێژی پەروەردەى ئاکرێ بهڕێوهچوو.
توێژهران توێژینهوهكانیان لەسەر رۆڵ و کاریگەری راگەیاندن لە سەر ناسنامەی جێندەری و تیشک خستنە سەر کێشەکانی یەکسانی جێندەربوو.
راگری کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی و سەرۆکی بنکەی رۆشنبیری گەلاوێژ دكتۆر ئیبتیسام ئیسماعیل قادر، کە توێژینەوەکەی لەسەر بوونی ژنان لە دامودەزگاکانی راگەیاندن بوو، تیشکی خستە سەر ئامارەکانی دەسەڵاتی ژنان لە دامودەزگاکانی راگەیاندندا.
ئیبتیسام ئیسماعیل قادر رایگهیاند: "بە درێژایی مێژووی رۆژنامەگەری کوردی ژنێک نەبووەتە خاوەن بڕیار لە دامودەزگاكانی راگهیاندن له ھەرێمی کوردستان و ئەگەر ھەبووبێتیش ژمارهی پەنجەی دەست تێناپەڕێنێت".
توێژهینهوهكانی دیکەی دیدارەکە لە بارەی توندوتیژی تهلهڤیزیۆنیی لە دژی ژنان، رۆڵی ئامرازەکانی راگەیاندن لە چارەسەرکردنی کێشەی کۆمەڵایەتی و رۆڵی راگەیاندن لە چەسپاندنی جێندەری بوو.