
Arbil
هەولێر – AA
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل ئاشكرایكرد، لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاریداوه تا رێکەوتی ١٠ی ئادار کۆمەڵێک رێوشوێنی توند بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگیرێتەبەر.
جووتیار عادل دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە کۆنفرانسێکی میدیاییدا رایگەیاند: "رێژەی بڵاوبوونەوە و تووشبوون بە کۆرۆنا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زیاتر بووە" و بۆیە بڕیاریانداوە رێکارەکان تووند بکەنەوە.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، خوێندن بهردهوام بێت، بهڵام رێكارهكان توندتر دهكرێن و ئهگهر مهترسی زیاتر بێت بژاردهی راگرتنی خوێندن دێته ئاراوه.
بە پێی قسەکانی جووتیار عادل لە چوارچێوەی ئەو بڕیارانەدا رێكارهکانی خۆپارێزیی توندتر دەکرێت و سهرجهم هاووڵاتیانیش پێویستە پابەندی رێنماییهكان بن.
بڕیارە لیژنەکە دوای ١٠ی ئادار جارێکی دیکە کۆببێتەوە و جارێکی دیکە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکات.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكراشیكرد، لە کاتژمێر ١٢ـی شەو تاوەکو ٦ـی بەیانی شوێنە گشتییەکان دادەخرێن.
جووتیار عادل بە دووریشی نەزانی لە ئەگەری پەرەسەندنی ڤایرۆسەکە جارێکی دیکە قەدەغەی هاتووچۆ رابگەیەندرێت و رایگهیاند: "ئەوە لەسەر هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی وەستاوە".
کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە هەرێمی کوردستان ١٠٩ هەزار کەسی تێپەڕاندووە و لەو ژمارەیە سێ هەزار و ٥٢١ کەس گیانیان لەدەستداوە و ترس لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو حکوومەتی هەرێمی کوردستانی هانداوە رێکارەکانی خۆپارێزی توندوتۆڵتر بکات.