عێراق

رێوڕەسمی هەشتەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە پەرلەمانی کوردستان

Heman Hussein Yaseen  | 03.08.2022 - نوێکردنەوە : 01.11.2022
رێوڕەسمی هەشتەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە پەرلەمانی کوردستان

Arbil

هەولێر - AA

پەرلەمانی کوردستان لە هەشتەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، لە رێوڕەسمێکدا پێشانگایەکی فۆتۆگرافی کردەوە کە وێنەکان گوزارشتیان لە تاوانەکانی داعش دەکرد، هاوکات سەرۆکی لێژنەی کاروباری شەھیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسیی لە پەرلەمانی کوردستان، سەوسەن محەمەد میرخان لە پەرلەمانی کوردستان لەم یادەدا داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات کە قەرەبووی هاووڵاتییە زیانلێکەوتووەکان بکاتەوە و داواش لە حکوومەتی هەرێم دەکات کە هەوڵەکانییان زیاتر بخەنەگەڕ بۆ بەجیهانناساندنی ئەم دۆسیەیە.

پێشانگایەکە لەلایەن فۆتۆگرافەر، مەحمود هەولێری کرایەوە کە تایبەت بوو بەو وێنانەی گوزارشتی لەو دیمەنە تراجیدییایە دەکرد کە هۆی تاوانەکانی داعشەوە دەبینران.

لە رێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی لێژنەی کاروباری شەھیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسیی لە پەرلەمانی کوردستان، سەوسەن محەمەد میرخان لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "لە بەرەبەیانی سێی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا، تیرۆرسیتانی داعش پەلاماری شنگالیان دا و کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو ناوچەیە رووبەڕووی ٧٤ەمین فەرمانی قڕکردن و کۆمەڵکوژی بوونەوە، ماوەی شەش ساڵیش دەبێت ناوەندی شاری شنگال لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە کۆنترۆڵکراوەتەوە، بەڵام تا ئێستاش سەرووی دوو هەزار ئێزدی لەژێر چنگ و زوڵمی داعش چارەنووسیان نادیارە".

سەوسەن محەمەد داوایشی لە حکوومەتی عێراق کرد کە قەرەبووی هاووڵاتییە زیانلێکەوتووەکان بکاتەوە و گوتیشی: "لەم سۆنگەیەوە داوا لە حکوومەتی عێراقی دەکەین کە ماددەی ١٤٠ی دەستوور جێبەجێ بکات و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت، لانیکەم لە قەرەبووکردنەوە ژیان و گوزەرانی ناوچەکانی بوونەتە قوربانی، کاری جیددی بکات بۆ بونیادنانەوەی شنگال و دەورووبەری و پابەندی رێککەوتن بێت لەگەڵ هەرێم بۆ گەڕانەوەی خەڵکەکە بۆسەر زێدی خۆیان و چارەنووسی دوو هەزار و ٧١٧ کەسی ئێزدی دیاریی بکرێت".

سەوسەن محەمەد میرخان گوتیشی: "پێویستە تاوانباران لە دادگایەکی نێودەوڵەتی یان نیشتمانییدا بە بەشداری نەتەوە یەکگرتووەکان دادگایی بکرێن، هاوکات داوا لە حکوومەتی هەرێم دەکەین کە هەوڵەکانی زیاتر بخاتەگەڕ بۆ بە جیهانی ناساندنی ئەم دۆسیەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال".

جێی ئاماژەیە ئەرشیفکردنی بەڵگەنامەکانی رفێندراوانی ئێزدی لە یەکی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دەستی پێ کردووە و لە سێی نیسانی ٢٠٢٢ کۆتایی پێ هاتووە لەم ماوەیەدا، سێ هەزار و ٥٤٣ دۆسیە ئەرشیفکراوە کە دەکاتە پێنج هەزار و ٣٩٣ لاپەڕە.

تا مانگی تەمووزی ٢٠٢٢، چوار هەزار و ٥٥٤ کەس رزگارکراون، لەو ژمارەیەش هەزار و ٢٠٧ کەس رەگەزی مێ، ٣٣٩ کەس رەگەزی نێر، هەزار و ٥١ کەسیش منداڵی مێینە و ٩٥٧ کەسیش منداڵی نێرینەن، جگە لەوەش تا ئێستا دوو هەزار و ٧١٧ کەس بێسەروشوێنن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın