عێراق

دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان: "کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی دانیشتووانی هەرێم دەگاتە سەرووی شەش ملیۆن"

دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان: "بەپێی خەمڵاندنەکان پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان (بەبێ ژمارەی ئاوارە و پەنابەران) بگاتە شەش ملیۆن و ٥٥٦ ھەزار و ٧٥٢ کەس".

Heman Hussein Yaseen  | 11.07.2023 - نوێکردنەوە : 11.07.2023
دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان: "کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی دانیشتووانی هەرێم دەگاتە سەرووی شەش ملیۆن"

Arbil

هەولێر - AA

دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان سەربە وەزارەتی پلاندانان لە رۆژی جیھانی دانیشتوواندا، ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا پێشینی ژمارەی دانیشتووانی بۆ کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ کردووە کە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەگاتە سەرووی شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس.

ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی تەمووزی ٢٠٢٣، دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە بەپێی خەمڵاندنەکانی دەستەی ئامار پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان (بەبێ ژمارەی ئاوارە و پەنابەران) بگاتە شەش ملیۆن و ٥٥٦ ھەزار و ٧٥٢ کەس.

دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان روونی کردووەتەوە "لەم ژمارەیە، سێ ملیۆن و ٢٩٦ ھەزار و ٢٤٠ هاووڵاتیی لە رەگەزی نێرن و لە بەرامبەریشدا، سێ ملیۆن و ٢٦٠ ھەزار و ٢٤٠ هاووڵاتیی لە رەگەزی مێن".

هاوکات پۆڵێنی ئەوە کراوە کە لە کۆی ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان، سەدا ٧٨.٤ی دانیشتووان شارنشینن و سەدا ٢١.٦ی دانیشتووی گوند و لادێکانن و گەشەی دانیشتووانیش بۆ ساڵی ٢٠٢٣دا بە سەدا دوو خەمڵێنراوە.

هەروەها ئاماژە بەوەکراوە کە بابەتێکی دیکەی دانیشتووان کە کاریگەری هەبووە لەسەر پێکهاتەی دیمۆگرافی هەرێم، بوونی ئاوارە و پەنابەرانە بەتایبەت دوای ساڵی ٢٠١٤ بەپێی داتاکانی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، ژمارەی کەسانی ئاوارەی ناوخۆ لە عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٨دا یەک ملیۆن و ١٨٠ هەزار ئاوارە بووە، پشکی هەرێم لە ئاوارە ناوخۆییەکان نزیکەی ٦٩٤ هەزار کەس بوو.

دوێنێ سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان، سیروان محەمەد رایگەیاندبوو کە ئێستا نزیکەی حەوت ملیۆن و ٤٧٦ ھەزار کەس لە ھەرێمی کوردستان دەژین لەو ژمارەیەش ٦٦٠ ھەزار ئاوارە و ٢٦٦ ھەزاریان پەنابەرن.

​​​​​​​رۆژی ١١ی تەمووزی ھەموو ساڵێک لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرۆژی جیهانیی دانیشتووان دەستنیشان کراوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن