دوای ٣٣ ساڵ ئومێد حەمەعەلی چیرۆکی دوو کارەسات بەگریانەوە باس دەکات
"ئەگەر دوای کفنکردن هەست بە جوڵانەوەم لە تابووتەکەدا نەکرایە ئێستا ئەم ئومێد-ە مردبوو"

Arbil
هەڵەبجە - AA خەیروڵا ساروهان/ ئاڵا محەمەد
لە دوای ٣٣ ساڵ ئومێد حەمەعەلی چیرۆکی دوو کارەسات باس دەکات کە بەسەرخۆی و بنەماڵەیدا هاتووە، ئەگەرچی لەم کارەساتانەدا بە هەزاران مرۆڤ مردن، بەڵام ئەو لە هەردووکیان رزگاری بووە و ناسناوی ئومێدی ژیانەوەی هەڵگرتووە، ناسناوێک کە بە ئاسانی بە دەستی نەهێناوە، بەڵکو چیرۆکی مەرگ و قاتوقڕی سەدان منداڵ و شارێکی بە چاوی خۆی بینیووە و ئێستا لە مێشک و هزریدا چەسپاوە.
ئومێد حەمەعەلی کە ئێستا بەئومێدی ژیان ناسراوە لە ساڵی ١٩٧٣ لە شاری هەڵەبجە و لە گەڕەکی پیر محەمەد لەدایک بووە، ئەو یەکێکە لە کارمەندانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و لەو کەسانەیە کە رێنمایی هاووڵاتییان دەکات و باسی رۆژی کارەساتەکە دەکات کە بەسەر شاری هەڵەبجەدا هاتووە، ئومێد حەمەعەلی کە لە ساڵی ١٩٨٨ تەمەنی تەنها ١٥ ساڵ بووە گوتی: "ئەو کاتە من زۆر هۆگری کەروێشکەکانم بووم لە سەرەتا کە مامەم ئەو دوو ئاژەڵە جوانەی بۆ هێنام بە دەستی خۆم خزمەتم دەکردن و سەوزەم لە بازاڕەوە بۆ دەهێنان، هەتا هێدی هێدی زۆر بوون و هەموو ماڵەکەیان کون کون کردبوو، دواتر کە ئەو مەرگەساتە بەسەر ئەم شارەدا هات، هەموو کەروێشکەکانم لەو کونانەی کە بۆ ژیان دروستیان کردبوو بە گازی کیمیایی مردن و ئێستایش کە من تەمەنم گەورە بووە، هەر کاتێک کەروێشک ئەبینم ئەوانەی خۆم دێتەوە بیرم".
''ئەو کات ئێمە نەماندەزانی ئەم بۆنی سێوە، کیمیاییە''
ئومێد حەمەعەلی گوتیشی: "سەعاتی یازدە و نیوی رۆژی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ بوو کە دەنگی یەکەم ناپاڵم هات و ئێمە بەپەلە لەگەڵ خوشک و براکانم پەنامان بۆ ژێرزەمینی کارگەی پۆختەکردنی جگەرە برد، ژێرزەمینی ئەوێ زۆر تۆکمە و بەهێز بوو. کاتێک گەیشتینە ئەوێ خەڵکێکی زۆرمان لەوێ بینی، ئەوانیش لە ترسدا خۆیان گەیاندبووە ئەوێ. دەنگی تەیارە بە سەرماندا دەهات، هەستم دەکرد لەنێو سەرم دەسوڕێنەوە، ترسناک بوو، لەگەڵ هەر ناپاڵمێک کە بەر شار دەکەوت خانووەکە دەلەرزی، دووکەڵی چڕ ئاسمانی شاری تەنیبوو.''
ئومدێد لە درێژەی گێڕانەوەی چیرۆکی تراژیدیای کیمیابارانەکەدا دەڵێت،'' بەباشی لە بیرم دێت کاتژمێر یانزدە و سیی و پێنج دەقە بوو کە بۆنی سێو و سیر هەموو ژێر زەمینەکەی داگرت، هەستم کرد قوڕگم دەکزێتەوە، شتێک ناو قوڕگی گرتبووم، چاوەکانم وەک ئەوەی شتێکی تونی تێچوو بێت بەردەوام دەبرژایەوە، بەردەوام دەستم بە چاوەکانمەوە بوو، ئەو کات ئێمە نەماندەزانی ئەم بۆنی سێوە، کیمیاییە. لەبەر تەنگی هەناسەمان هەوڵی ئەوەمان بوو بە زووترین کات خۆمان لەو ژێرزەمینە دەرباز بکەین و لە دەرەوە هەوای پاک هەڵمژین، سەرەتای هاتنە دەرەوەمان لەژێررەمینەکە هەوای باشمان هەڵمژی، تا ماوەیەکی کورت زۆر باش بووین، بەڵام هێدی هێدی هەستم کرد، چاوەکانم تارمایی سپی بەسەردا دێت و مەودای بینینم نەما، پەردەیەکی سپی هەموو چاوەکانی داپۆشیم ئەژنووەکانم دەلەرزین، هەموو خەڵکەکە هەستیان بەبێ هێزی دەکرد و منیش چیتر نەمدەتوانی بە باشی هەنگاو بنێم".
''لەگەڵ هەر کاتژمێرێک کە تێدەپەڕی دەنگی گریانی منداڵەکان کەم و کەمتر دەبوو و نەمانی دەنگی هەر منداڵێک واتە مەرگی ئەو منداڵە''
ئومێد حەمەعەلی باس لە رزگاربوونی خۆیان و خزم و کەسوکارەکەی و مەرگی کەسانی دی دەکات و دەڵێت، "دواتر لەگەڵ خەڵکەکە کە هەمووی خزم و کەسی خۆمان بوون، بڕیارماندا بەم ئوتۆمبیلەی پشتی خۆمەوە بڕۆینە گوندێک بە ناوی عەبابیلێ هاوار و دەنگە دەنگ و گریانی مناڵ و خەڵک ئەو ناوی هەمووی داگرتبوو و لە دوای بڕینی ٥٠٠ مەتر بە ئوتۆمۆبیلەکە، وەستاین و نەماندەتوانی بڕۆین، هێدی هێدی تاریکی دادەهات و ئێمەیش بێ هێز و بێ ورە بڕیارماندا لەوێ بمێنینەوە، شەوێکی ترسناک، جگە لە گریان و هاوار و پاڕانەوەی خەڵک کە لە هەموو شوێنێکی شار دەبیسترا، هیچ دەنگێکی تر لە شاردا نەمابوو. لەگەڵ هەر کاتژمێرێک کە تێدەپەڕی دەنگی گریانی منداڵەکان کەم و کەمتر دەبوو و نەمانی دەنگی هەر منداڵێک واتە مەرگی ئەو منداڵە، بۆ من کە تەمەنم تەنها ١٥ ساڵ بوو ئەو دیمەنە ئەوەندە ترسناک بوو ناتوانم وەسفی بکەم، ئەگەر ئینسان بە ترس بمرێ، دڵنیام دەبوو ئەو شەوە من لە ترسدا رۆژ نەکەمەوە، بەڵام وادیارە کەس لە ترسا نامرێت بۆیە من توانیم بەرگەی ئەو شەوە سامناکە بگرم. ئەگەرچی لەنێو ئەم سەیارە ئێمە ٢٥ کەس بووین، بەڵام لەم ژمارە خەڵکە تەنیا لە ماوەی دوو رۆژ و شەوێکدا تەنها چوار کەس بە زیندووی دەرباز کرا و ئەوانی تر هەمووی بە گازی کیمیایی خنکان. ''
زۆر زۆرم تینوو بوو و هاواری ئاوم دەکرد، هەر بۆیە ئەو سۆندەی کە لە باڵم بەسترابوو لە باڵم کردەوە و لە تینیویەتیدا ئاوەکەم خواردەوە
لەدرێژەی قسەکانیدا ئومێد گووتی،'' بۆ بەیانی پاشتر کە رۆژ داهات ئێرانییەکان هاتنە سەرمان بەپەلە لەسەر شەرواڵەکەمەوە دەرزییەکیان لێدام و و بە یارمەتی هەلیکۆپتەری ئێرانی ئێمە گەیندراینە نەخۆشخانە لە تاران، کاتێک کە لە نەخۆشخانە بە ئاگا هاتم دەنگی پێم دەبیست و بە باشی لە بیرمە زۆر زۆرم تینوو بوو و هاواری ئاوم دەکرد، هەر بۆیە ئەو سۆندەی کە لە باڵم بەسترابوو لە باڵم کردەوە و لە تینیویەتیدا ئاوەکەم خواردەوە لەبەرئەوەی هەندێک قوڕگم تەڕ بێت و لە دوای ئەوەی کەمێک قوڕگم تەڕ بوو، بوورامەوە و بە هیچ شێوەیەک ئاگام لە خۆم نەما. بۆ جاری دووەم کە بە ئاگا هاتم دکتۆرەکە گوتی، ''بۆ سۆندەکەت دەرکردووە، هەموو باڵت خڵتانی خوێن بووە.''
ئومێد حەمەعەلی هەروەها گوتی: "نەخۆشخانەی یەکەم تەنها بۆ چارەسەری سەرەتایی بوو، دواتر کە گوازرامەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تر، هەموو ئەوانەی تر حاڵیان زۆر شپرز و وێران بوو، هەڵبەت لە گواستنەوەم بۆ ئەو نەخۆشخانە من بۆ ماوەیەکی باش بێ ئاگا بووم لە خۆم، ئەگەرچی من دواتر بۆیان گێڕامەوە کە کفن و دفن کراوم و لەگەڵ مردووەکان براوین بۆ گۆڕستان بۆ ئەوەی لەگەڵ مردووەکانی تر بمانێژن، بەڵام لە کاتی ئامادەکاری بۆ ناشتنمان، هەستیان بەوە کردبوو کە من هێشتا دەجووڵێم و منیان لە مردووەکان جیا کردووەتەوە و وێنەیان گرتووم و رەوانەی نەخۆشخانە کرامەوە. من لە کفن و دفنی خۆم هەڵاتم و زیندوو بوومەوە، هەر بۆیە من ناوی خۆم کرد بە ئومێدی ژیان، لەبەرئەوەی من ئەوە یەکەمجارم نەبوو لە کارەساتی مردن رزگارم دەبوو، ئەگەرچی من چاوەکانم هیچی نەدەدی، بەڵام لە بیرم دێت رۆژنامەنووسەکان هاتن و ئەو کاتە من وەک قوربانی و بەڵگەی کارەساتی کیمیایی چیرۆکی مەرگەساتی هەڵەبجەم بۆ میدیاکان باس کرد".
''کیمیابارانی هەڵەبجە یەکەم مەرگی ئێمە نەبوو''
ئومێد حەمەعەلی گوتیشی: "لە ساڵی ١٩٧٤ ماڵی ئێمە پێشتر بەر ناپاڵمی سوپای عێراقی کەوتووە، دایکم و برا و خوشکەکانی ترم بە ناپاڵمی سوپای عێراقی تیدا چوون، باوکم ئەو کات سەربازی ئەو دەسەڵاتە بوو کە ژن و منداڵەکانی بە ناپاڵمی ئەو کوژران، باوکم دواتر ژیانی هاوسەرگیری پێک هێنا و مناڵی تری خستەوە، بەڵام دیسان لە کارەساتی هەڵەبجە جگە لە من، هەموو مناڵەکانی باوکم و خێزانی تازەیش بوون بە قوربانی، من دەپرسم کێ هەیە بە قەد من و باوکم، قوربانی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری وەک سەدام حسین بووبن.''
لە رۆژی گیرانی عەلی حەسەن مەجید هەمان شەو من هاوسەرگیرم کرد
لە رۆژی گیرانی عەلی حەسەن مەجید ئەو کەسەی کە بڕیاری کیمیایی بارانی هەڵەبجەی بە دەست بوو، بۆ من دوو دووجار ئاهەنگ و خۆشی بوو، رێک هەمان شەو من هاوسەرگیرم کرد، هاوسەرەکەم ئەویش بەرکەوتەی چەکی کیمیاییە، ئێمە لە دوای هاوسەرگیری چەند جارێک هەوڵماندا مناڵ دروست بکەین، بەڵام لەبەر ژەهری کیمیایی مناڵەکانمان بە مردوویی لە دایک دەبوون، بەڵام هەر نائومێد نەبووین، ئێستا کە من قسەتان بۆ دەکەم خاوەنی دوو کچ و کوڕێکم".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن