دوای ٣١ مانگ لە ڕاگرتنی گەشتەکان، یەکەم فڕۆکەی تورکیا لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەنیشێتەوە
Arbil
هەولێر - AA
دوای ٣١ مانگ لە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی، ئەمشەو یەکەم فڕۆکەی ھێڵی تورکش ئێڕڵاین لە ئیستانبوڵەوە دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دانا محەمەد بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە کە ئەمشەو کاتژمێر ٢٢:٣٠ فڕۆکەیەک لە ئیستانبوڵەوە دەست بە فڕین دەکات و کاتژمێر ١:١٠ ی بەرەبەیان دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و ھەمان فڕۆکە لە کاتژمێر ١٢:٤٠ دەست بە فڕین دەکاتەوە بەرەو ئیستانبوڵ.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەپێی ئەو پلانەی دانراوە، ھەفتانە چوار گەشت لە نێوان سلێمانی و تورکیا ئەنجام دەدرێت و پلان ھەیە ژمارەی گەشتەکان زیاتر بکرێت.
تورکیا لە ٣ی نیسانی ٢٠٢٣دا، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی داخست و لە ٩ی تشرینی یەکەم بڕیاریدا بە کردنەوەی کایەی ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی.
