عێراق

دهۆک .. ناوچەی بەرواری باڵا دوای کەمبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر دەبێتە مەنزڵگای گەشتیاران

دوای کاڵبوونەوە و لاوازبوونی تیرۆر لە ناوچەکەدا بەهۆی پاکسازی و کەمبوونەوەی مەترسییەکانی هەبوونی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە، خەڵکێکی زۆر لە وەرزی ھاوین ڕوو لەو ناوچە گەشتیاریانە دەکەن.

Rawan Subhi Obaiullah  | 16.07.2025 - نوێکردنەوە : 17.07.2025
دهۆک .. ناوچەی بەرواری باڵا دوای کەمبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر دەبێتە مەنزڵگای گەشتیاران

Dahuk

دھۆک - AA

دەڤەری بەرواری باڵا، سەر بە قەزای ئامێدییە لە پارێزگای دھۆک، بە بوونی ژمارەیەک ناوچەی گەشتیاریی ناسراوە، دوای کاڵبوونەوە و لاوازبوونی تیرۆر لە ناوچەکەدا بەهۆی پاکسازی و کەمبوونەوەی مەترسییەکانی هەبوونی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە، خەڵکێکی زۆر لە وەرزی ھاوین ڕوو لەو ناوچە گەشتیاریانە دەکەن.

گوندی ھرور لە بەرواری باڵا یەکێکە لەو گوندانەی کە ئێستا ئارامی باڵی بەسەردا کێشاوە و ژیان گەڕاوەتەوە و گەشتیاران لە ھەموو پارێزگاکانی عێراقەوە سەردانی دەکەن.

هاووڵاتی، دەریا تەھا گەشتیارێکە لەگەڵ خێزانەکەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕايگەیاند: "ئێرە زۆر خۆشە، بێجگە لە گوندنیشانی گوندی ھرور، خەڵک لە ھەموو شوێنێکەوە ڕووی تێدەکەن، ئێمە لە بەیانییەوە ھاتووین و بە شەویش دەمێنینەوە، کەشوھەواکەی فێنکە و مەترسی تیرۆر نەماوە. دەمێکە حەزمان لە دانیشتنی ناو سرووشت و شوێنی ئارام هەیە، ئەم گوندە لە زۆر شوێنی گەشتیاری دیکە جیاوازترە، خەڵکی ناوچەکەش زۆر میواندۆست و ڕووخۆشن، ئەوەی کە زۆر گرنگە، ئێمە بە ئاسایی و بێ ترس دەتوانین بە شەو لە ناوچەکە بمێنینەوە، کە ئەمە لە ساڵانی ڕابردوودا مەحاڵ بوو".

هاوکات هاووڵاتییەکی دیکە خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە، کە لە ئەورووپا گەڕاوەتەوە و خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت کە توانیوویەتی بەبێ ترس سەردانی ناوچەکە بکات و کاتێکی خۆش لەگەڵ خێزانەکەی بەسەر ببات.

هاووڵاتی ڕێدیر ئیبراهیم لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم گوندە ناوچەیەکی سەرنجراکێشی گەشتیارییە، کەشوھەواکەی خۆشە، بۆیە کە لە ئەورووپا دەگەڕێمەوە، سێ بۆ چوار جار سەردانی ئەم ناوچەیە دەکەم، دوای ئەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ ناوچەکە گەڕایەوە، ئێستا بۆتە یەکێک لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان، کاتێک لە نەرویجەوە دەگەڕێمەوە، یەکەم شوێنی کە سەردانی دەکەم ھەمیشە گوندی هرورە، چونکە دەتوانم لێرە ئاسوودەیی و ئاشتی بدۆزمەوە کە لە شارە گەورەکاندا ناتوانم بیبینم".

یەکێک لە ھاوڵاتیيانی گوندی ھرور کە ئێستا مامۆستای زانکۆیە و نیشتەجێی شاری هەولێرە، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند: "ناوچەی بەرواری باڵا و گوندی ھرور ناوچەیەکی سەرنجراکێشن بۆ گەشتیاران، ئێمە دەبینین لە ھەموو عێراقەوە خەڵک ڕووی تێدەکەن، خەڵکی ھروریش میواندۆستن، حەز لە خەڵکی بیانی دەکەن، من کە دێمە ئێرە ھەم بۆ گەشتیاری دێم ھەمیش سەردانی گوندنشینەکانم دەکەم، ئەم گوندە شوێنی منداڵیمە، بەڵام ئێستا دوای گەڕانەوەم دەبینم گۆڕانکاریی گەورە لە گوندەکە ڕوویداوە، ئەو گوندەی کە جاران ترس و نائارامیی باڵی بەسەردا کێشابوو، ئێستا بووەتە شوێنی خۆشی و ئاسایش کە گەشتیاران لە دوور و نزیکەوە دێن بۆ بینینی، ھەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە کە ڕۆژێک بتوانم بە ئاسایی بگەڕێمەوە گوندەکەم و لەگەڵ خێزان و ھاوڕێکانم کاتێکی خۆش بەسەر بەرم".

دلبرین عەلیی گەشتیار بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دواى وەستانی شەڕ، ھیوا و ژیانی بۆ چەندین گوندی ناوچەی بەرواری باڵا گەڕاندووەتەوە، گوندی هرور یەکێک لەو گوندانەیە کە ساڵانە ئێمە لە وەرزە جیاوازەکان سەردانی دەکەین و جگە لەوەش گەشتیاران دەتوانن چێژ لە سرووشتی ناوچەکە ببینن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın