عێراق

دارە شەش سەدەییەکانی هەورامان بەهۆی بێئاویی وشک دەبن

هەورامان بە دارستانی چڕی گوێز و ئاو و هەوایەکی پاک ناسراوە و چەندین ساڵە گوێز لەو ناوچەیە دەچێنرێت و بەرهەم دەهێنرێت و هەندێک لە دارگوێزەکەیان مێژووەکەیان دەگەڕێنەوە بۆ شەش سەدە لەمەوبەر.

Rewa Mahmood Hasan  | 10.06.2021 - نوێکردنەوە : 07.07.2021
دارە شەش سەدەییەکانی هەورامان بەهۆی بێئاویی وشک دەبن

As Sulaymaniyah

هەورامان - AA

هەورامان بە دارستانی چڕی گوێز و ئاو و هەوایەکی پاک ناسراوە و چەندین ساڵە گوێز لەو ناوچەیە دەچێنرێت و بەرهەم دەهێنرێت و هەندێک لە دارگوێزەکەیان مێژووەکەیان دەگەڕێنەوە بۆ شەش سەدە لەمەوبەر.

ئاوێسەر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شارەدێی تەوێڵە بە دووریی سێ كیلۆمەتر لەسەر سنووری نێوان عێراق و ئێراندایەو، لە هەوراماندا بەقەدپاڵی چیاکانەوە ناوچەیەكی سەوز و خاوەن سرووشتێكی جوانە. زۆرترین رێژەی دارگوێز لەو ناوچەیەدا چێنراون.

وەک خەڵکی تەوێڵە باسی لێوە دەکەن، لەڕێیی چەندین پشکنینی کەسانی شارەزاوە دەرکەوتوون کە هەندێک لە درەختەی گوێزەکانی هەورامان بەتایبەت لە ناوچەی ئاوێسەر، تەمەنیان بۆ شەش سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی وشکەساڵی و کەمی ئاوو وشک بوونی کانیاوو کارێزەکانی ناوچەکە، هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر ئەو درەخت و دارانە هەیەو هەندێکیان سەرەتای وشک بوونیان پێوە دەرکەوتووە.

یەکێک لە دانیشتوانی ئاوێسەر، ئاماژە بەوە دەکات کە وەک کەسانی بەتەمەنی گوندەکە باسیان کردووە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر وشکەساڵییەکی لەو چەشنە ناوچەی هەورامانی گرتووەتەوە و ئەمەی ئەمساڵ تا ئێستا لە هەوراماندا بەدی نەکراوە بەجۆرێک کە زۆرێک لە کانیاوەکان وشکیان کردووە.

-ئەمە یەکەمین جارە دوای ١٠٠ ساڵ وشکەساڵی ببینین، پێش ١٠٠ ساڵ کانی سەرەکی ئاوێسەر وشکی کردووە

سەرتیپ ئادەم ئیسماعیل تەمەنی ٦٥ ساڵە و لە گوندی تەوێڵە لەدایک بووە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت، "پێش ١٠٠ ساڵ وشکە ساڵییەکی دیکە لەم شێوەیە روویداوە، ئەمە لەزاری بەتەمنترین کەسی گوندەکەوە گوێمان لێبووە کە دەیگوت، کانی سەرەکی ئاوێسەر و گوندەکە لەو ساڵانەدا وشکی کردووە، ئەم کانیەش لە بەهاراندا دەکرایەوە تا مانگی ئەیلوول ئاوی پێدا دەهات، بەڵام ئەمساڵ لە زستاندا وشکی کردووە".

سەرتیپ ئادەم ئاماژە بەوە دەکات تەنیا لەسەروو تەوێڵەوە نزیکەی ٣٠٠ باخ بەهۆی کەمئاوییەوە رووبەڕووی زیان دەبەنەوەو درەختەکانیان کەم ئاو دەبێت و مەترسی وشکبوونیان لەسەرە، کە هەریەکەیان نزیکەی ٥٠ گوێزیان تێدایە کە دەکاتە ١٥٠٠ بڕ گوێز. ئەمە جگە لە درەختەکانی دیکە.

سەرتیپ ئادەم دەڵێت، "هەر دارگوێزێک ساڵی وا هەبووە ٧٠ هەزار گوێزی گرتووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کەمئاویی و کەمبارانییەوە سەمەری دار گوێزەکان کەم دەبن، بەرهەمیان زۆر کەم دەکاتەوە و کار دەکاتە سەر کوالیتیشان. لەکاتێکدا دار گوێز هەڵاڵە دەکات دەبێت باران لێی بدات، ئەگەر لێی نەدات بەرهەمی گوێزەکان کەم دەکات".

ناوبراوە وەک چارەسەریی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار بۆ هەر چەند باخێک بیرێکی ئیرتیوازی لێبدەن، ئەوا دەتوانن باخەگوێزەکان لە وشکبوون رزگار بکەن.

سەرتیپ ئادەم باس لەوە دەکات ئەمساڵ بەهۆی کەمبارانی کانیاوەکانی گوندەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەی هەورامان وشکبوون هەرئەوەشە وای کردووە کە لە هەورامانی ئەمبەر لە هەرێمی کوردستان بێئاویی بەدی بکرێت، و دەلێت،'' لە گوندەکانی هەورامانی ئەودیویش لەوانە کێمنە، کانە گەمۆ، زاوەر، نۆدشە، وەیسیا و گوڵبەر کانیاوەکان وشکی کردوون بۆیە کاریگەری کردووەتە سەر هەورامی ئەمدیویش".

-''لەئاوێسەر نزیکەی هەزار و ٥٠٠ باخی دارگوێز بەهۆی کەمئاوییەوە رووبەڕووی زیان دەبەنەوە''

سەرتیپ ئادەم باس لەوە دەکات ئێستا بەهۆی کەمئاوییەوە سەرەی جۆگە لە هەفتەیەکەوە کراوەتە ١٥ رۆژ جارێک و بڕەئاوەکەش زۆر کەمە بۆیە توانای تەڕکردنی زەیویەکەی نییە.

سەبارەت بە بوونی دارو درەختی بەتەمەن لە ناوچەی ئاوێسەر لە هەورامان، سەرتیپ ئادەم دەڵێت، "چەند داری هاوشێوەی دارەکانی نزیک کانییەکان درەختی بەتەمەنیان تێدایە، ئەمانە تەمەنیان ٦٠٠ ساڵ دەبێت، ریشەکانیان لەنێو زەویدایە، بەڵام ئەگەر وشکەساڵی بەردەوام بێت مەترسی وشکبوونیان لەسەرە. گەڵاکانی وردە وردە سیس دەبن و لقەکانیان وشک دەبن. ئەو دارانەی کە لەناو چەمەکەدا نەبوون هەمووی وشکیان کردووە، وەک باسی لێوە دەکەن وەختی خۆی بەشی سەرەوی ئاوێسەر گۆمێکی گەورەبووە، پڕبووەتەوە، بەهۆی لافاوەوە. هەندێک جار لە خوارەوە بیریان لێداوە بە ٢٠ مەتر گەیشتووەتە ئاو، دواتر مەکینەکە کاری نەکردووە چونکە لەنێو ئاودابووە و گڵی نەبووە".

سەرتیپ ئادەم باس لەوە دەکات کە سێ چەم لە ناوچەکەدا هەن و سەرجەمیان دەکەنە ١٥٠٠ باخ کە ئەگەر هەریەکیان ٥٠ بر دارگوێزی تێدابێت دەکاتە نزیکەی ٧٥ هەزار دارگوێز کە هەریەکەیان ساڵانە ٧٥ هەزار گوێز بەرهەمەیان دەبێت. بۆیە کەمبارانی و کەمئاویی کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر بەرهەمی گوێز لە بازاڕەکانی هەرێمیشدا.

نەسرەددین محەمەد کە تەمەنی ٥٠ ساڵە و لە ساڵی ١٩٩٢ەوە سەرقاڵی باخداریە، یەکێکە لە دانیشتووانی گوندی بەڵخەکە هەر لە منداڵییەوە لە گوندی بەڵخە ژیاوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمساڵ بەهۆی کەمئاوییەوە چەندین کارێز و ئاو لە گوندی بەڵخە وشکیان کردووە و بەهۆیەوە زیاتر لە ٥٠ باخ کە هەریەکەی سێ بۆ پێنج دۆنم دەبێت و نزیکەی ٢٥ هەزار بڕ گوێزیان تێدایە مەترسی وشکبوونیان لەسەرەو دەڵێت، "بێئاوی کاریگەری لەسەر بەرهەمی گوێزەکان دەبێت و ئەمساڵ بە دڵنیاییەوە گوێزەکان بەرهەمیان کەمتردەبێت چونکە لەکاتی پێویستدا باران لێی نەداون، هاوکات چەندین دارگوێزیش رووبەڕووی وشکبوون دەبنەوە".

نەسرەددین محەمەد ئاماژە بەوە دەکات هەرچەندە زۆرێک لە دارگوێزەکان ریشکیان لە نێوئاودایە بەڵام زۆرێکیان بەهۆی کەمئاویەوە وشک دەبن.

نەسرەددین محەمەد لەگەڵ تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو دەچێتە ناو چەند ئەستێڵێکەوە کە پێشتر ئاوی باخەکانی داوە و پڕ کراوە بەئاوی کانیاو، بەڵام بەهۆی کەمئاویی و کەمبارانییەوە ئێستا سەرجەمیان وشکبوون و دەڵێت، "ئەم شوێنە دەبوو ئێستا پڕبێت لە ئاو نەک ئێمە ئێستا تیایدا بووەستین، لەسەرەوە سەریرمان دەکرد، جاران لە نیوەڕۆوە ئاویان تێدا دەکردەوە و تا ئێوارە پڕ دەبوو لە ئاو، بەڵام بەداخەوە ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵییەوە ئێستا بێئاو ماوەتەوە و ئێمە ئێستا قسەی تیادا دەکەین. کە نزیکەی حەوت ئەستێڵی لەمجۆرە هەن ٥٠ باخی گوندی بەڵخە ئاو دەدەن بەڵام سەرجەمیان لە ئێستادا وشکن".

ناوبراو سەبارەت بە زیانەکانی بێئاویی لەسەر درەختەکان دەڵێت، "لە قۆناغی یەکەمدا گەڵای دارگوێزەکان سیس دەبن وەک دەیبینن زۆربەیان گەڵاکانیان سیس بوون، هەرچەندە بەهار هێشتا ماوێتی، ئەگەر بگەینە هاوین، ئەوا زیاتر وشک دەبن، هاوکات رەشەبا بەردەوام هەیە بۆیە زەوی وشکبووەتەوە و زیانی زیاتری داوە لە باخەکان، ئەمەش ئەو ئایەتەی خوای گەورەمان بیردەهێنێتەوە کە دەفەروێت ئەگەر ئێمە ئاوەکان ببەین بەناخی زەویدا کێ هەیە لەئێوە دەریان بهێنێتەوە. ئێمە ئێستا دەسەوەتانین".

ئەو باخەوانە کە هاوکات پیشەی مامۆستایە چەند بەرهەمێکی گوێز کە وەریبوون پێش وەرزی پێگەیشتن دەگرێت بەدەستیەوە و دەڵێت،'' ئەمە یەکێکی دیکەیە لە کاریگەرییەکانی باران نەبارین، بەرهەمەکە تێر ئاو نابێت ،سەمەر کەم دەبێت، گوڵی گوێزەکان بێهێز دەبن، بۆیە چاوەڕێ دەکەین ئەمساڵ بەرهەمی گوێز بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکات".

نەسرەددین محەمەد باس لەوە دەکات کە بەدرێژایی مێژووی گوندی بەڵخە، کانی و کارێزەکانی پڕئاو بوون و دەڵێت، ''ئێمە بیرمان دێت لەباو وباپیرانمانەوە بۆیان گێڕاوینەتەوە ئەم کانیانە وشکیان نەکردووە، بەتایبەت ئەم کانییە کە کانی کەریمەی پێ دەڵێن، هەرگیز وشکبوونی بەخۆیەوە نەبینیوە، جاران پیاوە پیرەکان دەمەو عەسران دەهاتن لەبەردەم کانییەکان دەحەسانەوە، نوێژیان دەکرد و دواتر دەچوونە نێو چاخانەکە، بەڵام لەم دواییانەوە بەهۆی کەشو هەوا و لێدانی بیر لە ناوچەکانی دیکە بووەتە هۆی وشکبوونی ئەم کانیەش".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın