خواردنگەیەک لە هەولێر چێژی کوردەواری دەبەخشێتە میوانەکانی
شێفی خواردنگەی چێژی کوردەواری، محەمەد جەلال:"سەیرمان کرد لە هەولێر پێویستمان بە ریستۆرانتێکی کوردەواریی و فۆلکلۆرییە، بۆئەوەی ئەو کەسانەی کە لە دەرەوە دێن و لە وڵاتانی دیکەوە سەردانی هەولێر دەکەن، کولتووری خۆمانیان پێ پیشان بدەین".
Arbil
هەولێر - AA
خواردنگەیەک لە هەولێر لەسەر شێوازی رەسەنی کۆنی کوردەواری بنیاتنراوە و هەموو شتێک لە چێشتخانەکەدا تام و چێژی رەسەنایەتی کۆنی کوردەواری و کولتووری دێرینی هەولێر دەدات.
خواردنگەکە بەناوی چێژی کوردەواری دروستکراوە و ئامانجەکەشی هەر بەخشینی ئەو چێژەیە بە میوانە ناوخۆیی و بیانییەکان کە سەردانیان دەکەن.
شێفی خواردنگەی چێژی کوردەواری، محەمەد جەلال لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەربارەی بیرۆکەی دروستکردنی چێشتخانەکە گوتی: "دوای کۆکردنەوەی ئەزمونێک لەسەر هەموو جۆرەکانی خواردن و خواردنەوە و شیرینی سەیرمان کرد لە هەولێر پێویستمان بە ریستۆرانتێکی کوردەواریی و فۆلکلۆرییە، بۆئەوەی ئەو کەسانەی کە لە دەرەوە دێن و لە وڵاتانی دیکەوە سەردانی هەولێر دەکەن، کولتووری خۆمانیان پێ پیشان بدەین و پێیان بڵێین کولتوور و خواردنی ئێمە ئەمانەیە، بۆیە ریستۆرانتەکەمان لەسەر شێوازی رەسەنی کوردەواری دروست کرد و وێنەی گەورە هونەرمەندان و کەسایەتییە کوردییەکان کە جێپەنجەیان هەتاوەکو ئێستاش دیارە لە ریستۆرانتەکەدا نمایش کرد، بۆئەوەی لێرە خەڵک یادیان بکات و ناویان بە زیندوویی بمێنێتەوە".
دەربارەی جۆری خواردنەکانیان شێف محەمەد جەلال گوتی: "خواردنەکان کە لێرە هەن خواردنە رەسەنە کوردییەکانە وەک قوڕاو، دۆغاوا، کفتە و دۆڵمە چەندین خواردنی دیکە، خواردنەکانیش لەسەر شێوازی هەولێر دروست دەکرێت".
گوتیشی: "لێرە خواردنەکان لەگەڵ دایکم دروست دەکەین، بۆیە لەگەڵ ئەویشدا دەیکەم بۆئەوەی خواردنەکان رەسانەیەتییان پێوە دیاربێت و چێژی خواردنی ماڵەوە بدات، ئێمە لێرە بەخێزانی کارەکان دەکەین، تەنانەت باوکیشم لەگەڵمانە بۆئەوەی بە هەوڵی هەموومان کارەکانمان جوانربێت و کاتێک میوانێک لە دەرەوە دێتە ئێرە جوانی هەولێر ببینێت".
شێفی خواردنگەی چێژی کوردەواری، محەمەد جەلال دەربارەی دیزاینی چێشتخانەکەیان و پێشوازی میوانان لەو شێوازە دیزاینە گوتی: "لێرە رۆژانە خەڵکێکی یەکجار زۆردێن بۆ وێنەگرتن، بەجلوبەرگی کوردییەوە دێن لە دیوەخانەکەمان وێنە دەگرن کە دیمەنێکی جوان و کوردەواری تایبەتی هەیە".
دەربارەی میوانە بیانییەکان کە سەردانی چێشتخانەکەیان دەکەن، شێف محەمەد جەلال گوتی: "ئێمە میوانێکی زۆرمان لە وڵاتی تورکیاوە بۆدێت و سەرسامن بەو هەموو وێنە کۆنانەی کە لێرە دانراوە، وێنەکانی هەولێری دێرین یان کەسایەتییەکان یان ئەو ئامێرە میوزیکییە کلاسیکانەی کە لێرە دانراوە، زۆر بەباشی پەسەندی خواردنەکانمان دەکەن، چونکە لەڕووی کولتوورییەوە لەگەڵ تورکیا نزیکین، من بۆخۆم ساڵانە لانیکەم چوار جار سەردانی تورکیا دەکەم و دەچم سەیری شوێنە کلاسیک و کولتوورییەکان دەکەم و ئەوەم بەدی کردووە کە کولتوورمان زۆر نزیکە چ لەڕووی شێوازی ژیان چ لەڕووی خوارنەوە بۆیە ئەوانیش کە دێنە ئێرە زۆر چێژدەبینن".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
