عێراق, کۆڤید- ١٩

تەندروستی هەولێر: "80 تووشبووی کۆرۆنا باری تەندروستییان ناجێگیرە"

- گوتەبێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیی تەندروستیی هەولێر، بژار موسا: "رۆژانە لە تاقیگەی ناوەند، 200 تاوەکو 300 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆماردەکرێت، ئێستا 80 نەخۆش باری تەندروستییان ناجێگیرە و 100 نەخۆشی دیکەش ئۆکسجینیان بۆ دانراوە".

Hawkar Yaseen   | 06.08.2020
تەندروستی هەولێر: "80 تووشبووی کۆرۆنا باری تەندروستییان ناجێگیرە"

Arbil

هەولێر - AA

شەپۆلی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بەگوتەی بەرپرسانی تەندروستیی هەولێر گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئێستا رۆژانە سەدان حاڵەتی نوێ تۆماردەکرێت و بەشێکیشیان باری تەندروستییان ناجێگیرە و مەترسی مردنیان لێ دەکرێت.

گوتەبێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیی تەندروستیی هەولێر، بژار موسا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند "بەگشتی لە هەولێر هەزار و 900 نەخۆشی کۆرۆنا ماون لەو ژمارەیە نزیکەی 600 نەخۆشیان لە نەخۆشخانەکانن و 100 نەخۆش لەژێر بەکارهێنانی ئۆکسجیندان، 80 نەخۆشیش باری تەندروستییان ناجێگیرە و ئامێری هەناسەدانی دەستکردییان بۆ دانراوە".

بژار موسا راشیگەیاند "ئەوانەی لەژێر بەکارهێنانی ئۆکسجینیشدان لە هەموو ئەگەرێکدا رەنگە باری تەندروستییان تێکبچێت و پێویستییان بە بەکارهێنانی ئامێری هەناسەدانی دەستکردبێت".

گوتەبێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیی تەندروستیی هەولێر، بژار موسا گوتیشی: "ئێمە نازانین لەناو شاردا چەند کەس تووش دەبێت، بەڵام ئەوەی لە تاقیگەی ناوەندی پشکنینی بۆ دەکەین و دەردەکەوێت کە تووشبووە، رۆژانە لەنێوان 200 تاوەکو 300 حاڵەتی نوێ تۆماردەکەین".

بژار موسا دڵنیایی ئەوەیشی دا کە لە رووی پێداویستی و دابینکردنی کەرەستەی پێویست بۆ نەخۆش لە هەولێر هیچ کەموکوڕییەک نییە و هەموو شتێکیان لەبەردەستدایە.

بەپێی لێدوانەکانی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی لە هەموو هەرێمی کوردستان تەنها 200 ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەیە و ئەگەر ژمارەی تووشبووان زیاتر بەرەو بەرزبوونەوە بچێت گرفتی نەمانی ئامێرەکە دروست دەبێت.


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın