"تا ئێستا ئەو خاڵانەی پەیوەستن بە حکوومەتی فیدراڵ بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال لە ئەرزی واقیعدا هیچ شتێک نەکراوە"
رێبەر ئەحمەد: "تا ئێستا ئەو خاڵانەی پەیوەستن بە حکوومەتی فیدراڵ بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال لە ئەرزی واقیعدا هیچ شتێک نەکراوە، ئەو هێزانەی کە پێویستە ئەوێ بەجێبهێڵن جێیان نەهێشتووە، بەپێچەوانەوە بوون و ژمارە و دەسەڵاتیان زیاتربووە".

Arbil
هەولێر - AA
لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و رەوەندی کوردی لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆبوونەوە، کێشەی ڤیزا بۆ کوردانی سووریا لە دەرەوە و بابەتی وەرگرتنی پارە لە هاووڵاتییان لەلایەن هەندێک کۆمپانیاوە بە بیانووی وەرگرتنی ڤیزای شنگن و بابەتی تێستی کۆرۆنا لە فڕۆکەخانەکان و سەرسنوورەکان تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەبوون.
دوای کۆبوونەوەکە وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ میدیاکان ئاشکراکرد.
رێبەر ئەحمەد سەبارەت بە کێشە و گرفتی ئاوارەکانی سووریا رایگەیاند "تایبەت بە کێشە و گرفتی کوردانی سووریا چ ئەوانەی لە دەرەوەن یان ئەوانەی لێرەن، هەردوولا لە پەرلەمان و لە حکوومەت کۆکبووین لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئاسانکاری زیاتریان بۆ بکرێت، چونکە ئەوان تووشی زوڵم و زۆردارییەکی زۆر بوونەتەوە لێرە ئاوارەنین و وڵاتی خۆیانە ئەو توانایەی کە هەمانە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە خزمەتیاندا دەبێت"
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە بابەتی دابینکردنی ڤیزای شنگن لەڕێگای کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بۆ هاووڵاتییان رایگەیاند "هەندێ خەڵک لەژێر ناوی کۆمپانیای جیاواز کە کۆمپانیای گەشتوگوزارن و خزمەتگوزارییەکی دیکەیان زیادکردووە لە دابینکردنی ڤیزە و پارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان وەردەگرن و زۆرینەی جار پارەکەشیان دەفەوتێت، ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ لەڕێگای دەزگا ئەمنییەکان خەڵکێکی زۆرمان دەستگیرکردووە کە قاچاخچیتی بە ڤیزا دەکەن چ لە هەرێمی کوردستان چ لەگەڵ وڵاتانی دیکە لە فڕۆکەخانەکانیش خەڵکێکی زۆر دەستگیرکراون کە ڤیزای ساختەیان پێبووە و لەلایەن ئەو قاچاخچییانە پێیان دراوە، من لێرەوە داوا لە هەموو هاووڵاتییان دەکەم پارە لە هیچ کۆمپانیایەک نەخەوێنن بۆ وەرگرتنی ڤیزا، چونکە ئەو کۆمپانیایانە بەشێوەیەکی رەسمی چالاکی وەرگرتنی ڤیزایان نەکردووە و مۆڵەتی رەسمییان نییە بۆ ئەو کارە، ئەمڕۆ لێرە بڕیارماندا لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان هەماهەنگی دەکەین و قسە دەکەین رێکاری پێویستی یاسایی دەگرینەبەر بەرامبەر هەموو ئەو کۆمپانیا و کەسانەی کە فێڵ لە خەڵک دەکەن و ڤیزای ساختەیان بۆ دابین دەکەن".
رێبەر ئەحمەد دەربارەی درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە مانگی رەمەزاندا گوتی: "ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەکرێت، گوێ لە راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی دەگرین و گفتوگۆی دەکەین و هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکانی پێشتریش دەکەین، خۆتان دەزانن مانگی رەمەزان لەپێشمانە بۆیە رێکارەکان گۆڕانکاری بەسەردادێت لە رووی قەدەغەی هاتوچۆ و کردنەوە و داخستنی ئەو شوێنانەی کە پێویستن و رەچاوی مانگی رەمەزان دەکەین و قەدەغەی هاتوچۆ گۆڕانکاری تێدا دەکرێت، لەگەڵ مانگی رەمەزان دەیگونجێنین، چونکە لە رەمەزاندا ژیان لەدوای بەربانگ دەستپێدەکات ناکرێت ئێمەش قەدەغەی هاتوچۆ لەسەر هاووڵاتییان دابنێین".
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ئەوەی بۆچی قەدەغەی هاتوچۆ لە سلێمانی جێبەجێ ناکرێت و لە هەولێر و دهۆک جێبەجێکراوە رایگەیاند "بەداخەوە لە رۆژی یەکەمی دەرچوونی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە پارێزگای سلێمانی و هەندێ شاری دیکە جێبەجێ نەکرا، ئەمە چووە بابەتی قەناعەتی کەسی کە لەگەڵ تەندروستی گشتی ناگونجێت، ئەو بڕیارانەی کە ئێمە دەیدەین لە خزمەتی تەندروستیی گشتیی کوردستان و هاووڵاتییانی کوردستانە، ئەو کاتەش لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی سلێمانی قسەم کرد، بۆیە رۆژی دواتر قەدەغەی هاتوچۆ جێبەجێکرا و تا ئێستاشی لەگەڵ بێت، رەنگە وەک و هەولێر و دهۆک نەبێت، بەڵام تاڕادەیەکی زۆر لەو سنوورانەش جێبەجێ کرا".
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە بارەی داهاتی سزای نەبەستنی ماسکیش گوتی: "داهاتی سزای نەبەستنی ماسک بەشێکی تەرخان دەکرێت بۆ خەرجی هێزەکانی بەدواداچوون لە پۆلیس و ئاسایش و لیژنەکانی قایمقامیەت و دابینکردنی ماسک بۆ ئەو کەسانەی بەو کارە هەڵدەستن، بەشەکەی دیکەشی دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی".
لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبیلی خوار مۆدێلی رێگەپێدراو داخڵی شارەکانی هەرێمی کوردستان کراو و دەنگۆی ئەوەش هەبوو ژمارە و تابلۆیان پێدەدرێت، لەو بارەیەوە وەزیری ناوخۆ رایگەیاند "سەبارەت بە ژمارەپێدان بەو ئۆتۆمبیلانەی بەقاچاخ هاتوون، بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبیل داخڵ بووە کە مۆدێلەکانیان لە خوار مۆدێلی رێگەپێدراوە و ئێستا لەسەر شەقامەکانن، پێشنیازێک هەبوو کە ژمارەیان پێبدرێت و تابلۆیان بۆ ببەسترێت، ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ تا ئێستا بڕیارمان نەداوە و پێشنیازەکە لەژێر وردبینی کردندایە لەگەڵ وەزارەتی دارایی کە بڕیاربدەین بۆ کردنەوەی رێگا بۆ هێنانی ئۆتۆمبیلی خوار مۆدێل، ئەم بابەتە لە عێراق باسکراوە و بڕیاری لێدراوە ئێمەش وەک بەشێک لە عێراق ناکرێت بڕیارەکان پێچەوانەی یەکتریبن لەوێ دەرگا کراوەبێت و لێرە داخرابێت و هاووڵاتییانی ئێمە ناچاربن کە تووشی هێنانی سەیارەی قاچاخبن، بەداخەوە لە هەندێک سنوور ئۆتۆمبیلی قاچاخ داخڵکراوە ئێمە ناتوانین شەرعییەت بدەین بەو قاچاخچێتییە، ئەگەر هەڵسەنگاندنی تەواوکرا ئەو رێکارانەی کە پێویستە ئەو ئۆتۆمبیلانەی پێداخڵبێت توندتر دەبن و ئەو رسوماتانەی کە وەردەگیرێت زۆر زیاتر دەبێت بۆئەوەی شەرعییەت بەو قاچاخچێتییە نەدرێت".
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەربارەی دیاردەی چەکهەڵگرتن لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا گوتی: "ئێستا لیژنەیەکمان دروستکردووە لە نوێنەرانی دەزگای ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکانی دیکە بۆئەوەی پێداچوونەوەیەک بە یاسای هەڵگرتنی چەک بکەین، رەنگە ئەم یاسایە بۆ ساڵانی رابردوو باشبووبێت، بەڵام دوای ئەزموونێکی زۆر هەست دەکەین هەندێک بۆشایی تێدایە لە داهاتوودا پیشنیازێک دەخەینە بەردەمی ئەنجوومەنی وەزیران بۆئەوەی لە پەرلەمان بڕیاری لەسەربدرێت".
سەبارەت بەو هێزانەی کە بۆ رێگریکردن لە قاچاخچیتی لە سنوورەکان بڕیاری لێدرابوو کە دروست بکرێت رێبەر ئەحمەد رایگەیاند "ئەو لیژنەیە لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگەبوو بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە، ئێستاشی لەگەڵبێت ئەو بڕیارە لەجێی خۆیەتی و ئێمە رێکارەکانمان گرتووەتەبەر بۆ دروستکردنی هێزەکە، بەڵام هەندێک لە برایانمان لە سلێمانی رایان وابوو کە رەنگە شێوازی دیکە هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە و پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە، چاوەڕێی ئەو هەوڵانە دەکەین ئەگەر هیچ ئەنجامی نەبوو بەدڵنیایی ئەو هێزە دروست دەکرێت و رەوانەی سنوورەکانیشی دەکەین".
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان رایگەیاند "ئەو بڕیارە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە لەبەر ئەوەی ئەو بڕیارە ئێمە لەگەڵی نین بە ناچارکردنی ئاوارەی ناوخۆ بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان، سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار جەختمان لەسەر کردووەتەوە، ئێمە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی هەموو ئەو خەڵکەین بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئێمە لە هەرێمی کوردستان هۆکارنەبووین لە ئاوارەبوونی ئەو خەڵکە ناشچینە ژێرباری ئەوەی بەزۆر خەڵک بنێرینەوە، بەڵام ئاسانکاری پێویستمان کردووە بۆ هەر هاووڵاتییەک ویستی گەڕانەوەی هەبێت".
گوتیشی: "ئێستا ئاوارەی دیکە لەو کەمپانەی عێراق دایخستوون دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان بۆ ناو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان".
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەوتنی شنگال و گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە رایگەیاند "بەداخەوە پێویستبوو چەند مانگێک پێش ئێستا رێککەوتنی شنگال بکەوتایەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆمان زۆر بە ئاشکرا راگەیاندووە و پشتگیری ئەو رێککەوتنەبووین و سوورین لەسەر ئەوەی کە پێویستە ئەم رێککەوتنە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی فیدراڵ نەیتوانیوە ئەو بڕگانەی کە پەیوەستن بە حکوومەتی فیدراڵەوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لەسەر ئەرزی واقع شتێکی وانەکراوە، هەندێک شتی شکڵی کراون، بەڵام لە راستیدا هیچ شتێکی ئەوتۆ نەکراوە، نە ئەو هێزانەی کە پێویستە ئەوێ بەجێبهێڵن جێیان نەهێشتووە، بەپێچەوانەوە بوون و ژمارە و دەسەڵاتیان زیاتربووە لە رووی ئیداریشەوە هیچ گۆڕانکاری نەکراوە، بۆ دامەزراندنی پۆلیسی خۆجێیش تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی پێویست نەهاوێژراوە، بۆیە لە سۆنگەی خەمخۆری خۆمان بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال بۆئەوەی رێگاخۆشبێت بۆگەڕانەوەی خوشک و برا ئاوارە ئێزدییەکان کە نەهامەتییەکی زۆریان چەشتووە تاوەکو لەدەست ژیانی کەمپەکان رزگارببن، ئێمە داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین و داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەموو لایەنیکیش دەکەین کە لە شنگال-ن رێگا خۆش بکەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بەپێچەوانەوە نەهامەتییەکانی ئەوخەڵکە زیاتر دەبێت".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن