بە داخستنی پاڵاوگەکان و کوژانەوەی مۆلیدەکان ئاسمانی هەرێم ڕوونتر دەردەکەوێت
لە هەرێم، لە کۆی حەوت هەزار و ٣٥٤ مۆلیدە، دوو هەزار و ١٠٧ مۆلیدە کوژاونەتەوە و بڕیاریشە تا کۆتایی ٢٠٢٦ تەواوی مۆلیدەکان بکوژێنەوە.
Arbil
هەولێر - AA
لەگەڵ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی و داخستنی ژمارەیەک پاڵاوگەی نایاسایی، ھەرێم بووە شاھێدی پێشکەوتنێکی بەرچاو لە ئاستی باشتربوونی ژینگە و کوالێتی ھەواوە.
کوژانەوەی زیاتر لە دوو ھەزار مۆلیدەی کارەبا و داخستنی ٨٥ پاڵاوگەی نایاسایی، بووە ھۆی دابەزینی ئاستی پیسبوون بەشێوەیەکی پێوانەکراو لە سەرانسەری ناوچەکەدا و پڕۆسەی هۆکارەکانی پاککردنەوەی ژینگە و هەوا تا کۆتایی ساڵی داهاتوو بەردەوامە.
لە هەرێمی کوردستان حەوت هەزار و ٣٥٤ مۆلیدەی بەرهەمهێنانی کارەبا هەیە کە زۆرینەیان کەوتوونەتە شاری هەولێر و هاوکات ١٥٠ پاڵاوگەش لەم شارە هەیە و ئەمەش وایکرد لەماوەی ڕابردوودا کوالێتی هەوای شارەکە ببێتە هەڕەشە لەسەر ژینگە و تەندروستی هاووڵاتییان، بەڵام بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی و دوای هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوە دژ بە پاڵاوگە نایاساییەکان، لە ئێستادا ئاستی هەوای پیسبوون لە شارەکە دابەزیووە.
گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا لەبارەی دۆخی ژینگەی هەرێم، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەی هەرێمی کوردستان، زیادبوونی کارگەکان و پاڵاوگەکان و ئۆتۆمبێل بووە، هەروەها زۆری ژمارەی دانیشتووان و زۆری ژمارەی مۆلیدەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە هەمانشێوە سەرچاوەی سەرەکی پیسبوونی هەوا و ژینگەی هەرێم بووە بە تایبەتی شاری هەولێر".
لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند و بڕیارە تا کۆتایی ٢٠٢٦ سەرجەم هاوبەشانی کارەبا لێی سوودمەندبن و بەمەش کۆی مۆلیدەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەکوژێنەوە و، لە ئێستاشدا سەدا ٥٠ی پڕۆژەکە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
لەبارەی کوژانەوەی مۆلیدەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگەی هەرێم، دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا گوتی: "دوای ئەو گۆرانکارییەی کە ڕوویدا لە ئەنجامی کوژانەوەی مۆلیدەکان بە هۆی پڕۆژەی ڕووناکییەوە کە ئێستا نزیکەی سەدا ٣٠ی مۆلیدەکان کوژاونەتەوە، وایکردووە کە دەردانی گازە ژەهراوییەکان بە تایبەتی CO2 کە گازێکی گەرمە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ، ئەمە بە ڕێژەی سەدا ٣٠ کەم بووەتەوە، چونکە کوژانەوەی مۆلیدەکان کاریگەرییەکی ڕاستەخۆی هەیە لەسەر کوالێتی هەوا بە تایبەت لە شاری هەولێر کە زۆرترین ژمارەی مۆلیدە لە شاری هەولێر کوژاونەتەوە".
بەپێی ئامارێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە هەرێم حەوت هەزار و ٣٥٤ مۆلیدەی بەرهەمهێنانی کارەبا هەیە، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و ٧٧٦ مۆلیدە لە هەولێر، هەروەها هەزار و ٨١٩ مۆلیدە لە دهۆک و هەزار و ٧٥٩ مۆلیدە لە سلێمانی هەیە.
هاوکات بەپێی ئامارێکی پڕۆژەی ڕووناکی، بەهۆی سوودمەندبوونی هاوبەشانی کارەبا لە پڕۆژەی ڕووناکی (کارەبای ٢٤ کاتژمێریی)، لە ئێستادا هەزار و ٦٥٢ مۆلیدە لە هەولێر، ١٦٣ مۆلیدە لە دهۆک و ٢٩٢ مۆلیدە لە سلێمانی کوژاونەتەوە.
لەبارەی هەنگاوەکانی فراوانبوونی پڕۆژەی ڕووناکی و کوژانەوەی مۆلیدەکان، دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا گوتی: "سەرەتای ساڵی داهاتوو مۆلیدەکان بە تەواوی لە شاری هەولێر دەکوژێنەوە و ئەمەش هەنگاوێکی باشە بۆ باشترکردنی کوالێتی هەوا و ئەگەر ئەم پڕۆژەیە بەردەوام بێت بێگومان ژمارەی مۆلیدەکان کە زیاتر لە حەوت هەزار بوو، هەمووی دەکوژێتەوە".
دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا گوتیشی: "لەم کابینەیە ڕەزامەندی دراوە لەسەر دامەزراندنی سێ وێستگەی هەوا لە شاری هەولێر بەڵام پێویستی بە ڕێکارەکان هەیە بۆ ئەوەی تەواو بێت، لە هەمانکاتدا ئامێری (پێوانەکردنی هەوا) پۆڕتەبڵمان هەیە و ئێستا بەپێی ئەم ئامێرە کوالێتی هەوا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، هاوکات ئێستا خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکین بۆ ئەوەی بەراوردکارییەک بکەین لە ئێستا و ڕابردوودا بزانین رێژەی گازەکان لە هەوادا چەند بووە بەڵام کاتی پێویستە بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجام، بە هەمانشێوە ئەم بابەتە پێویستی بە توێژینەوەیەکی قووڵە بۆ ئەوەی بتوانین بەم بەراوردکارییە بیسەلمێنین کە هەبوونی سەرچاوە پیسکەرە ژینگەییەکان چی بوون و چۆن ئێستا کەم بووەتەوە".
لە هەولێر ١٥٠ پاڵاوگەی نایاسایی هەیە کە بوونەتە هۆی بڵاوکردنەوەی گازی ژەهراوی و هەڕەشەن لەسەر تەندروستی هاووڵاتییان، هەر بۆیە ساڵی ڕابردوو حکوومەتی هەرێم بڕیاری داخستن و گرتبەری ڕێوشوێنی پێویستی لە دژیان دا.
لەبارەی ئاماری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکانیش، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا گوتی: "بەپێی دواین ئامار تا ئێستا ٨٥ پاڵاوگە داخراوە، ئەوانی دیکەش پێویستە لەگەڵ مەرج و ڕێنماییە ژینگەییەکان خۆیان بگونجێنن، ئێمە نوسراومان بۆ سەرووی خۆمان کردووە بۆ ئەوەی مۆڵەتیان پێ بدرێت لەسەر مەرج و ڕێنماییە ژینگەییەکان، چونکە تەنیا سێ پاڵاوگەی مۆڵەتدارمان هەیە کە دوو دانەیان لە هەولێر و یەک دانەشیان لە سلێمانییە".
ھاوکات بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان، دوو ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار ئۆتۆمبێل لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، لەم ژمارەیەش یەک ملیۆن و ٢٣٠ ھەزار لە ھەولێر، ٦٧٠ ھەزار لە سلێمانی و ٥٠٠ ھەزار کەوتووتە پارێزگای دھۆک، هەر بۆیەش لە سەرەتای ئەمساڵدا وەک هاندانێک بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگە، حکوومەتی هەرێم بڕیاریدا بەخۆڕایی تابلۆ بداتە ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بە دۆستی ژینگە ناسراون و ئێستا ژمارەیەکی زۆریان لە شەقامەکاندا دەبینرێن.
لەبارەی کاریگەرییەکانییان لەسەر پاک ڕاگرتنی ژینگە، دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا گوتی: "بە گشتی لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و ٤٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل هەیە، بەم دواییەش ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە دۆستی ژینگە ناسراون ژمارەیەکیان هاتووەتە هەرێم، بەڵام هێشتا کاریگەرییەکانی دیار نیە، بەڵام ئەگەر بتوانین ئەم ئۆتۆمبێلانە هاوردە بکەین کە دۆستی ژینگەن و لە هەمانکاتدا ڕێکارێکی تایبەت بگیرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئۆتۆمبێلە کۆنەکان، ئەوا دەتوانین کاریگەرییەکانی لە دەردانی گازە ژەهراوییەکان، وەک کوژانەوەی مۆلیدەکان سەیر بکەین".
