بەهۆی کەمی ئاستی ئاو لە هەرێمی کوردستان رێگری لە مەرەزەکردن دەکرێت
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، رەحمان خانی رایگەیاند کە بەهۆی کەمی باران بارین و دابەزینی ئاستی ئاو لە بەنداوەکە و وەک رێکارێک بڕیار دراوە رێگری بکرێت لە چاندنی ئەو جۆرە بەروبوومانەی کە ئاوی زۆریان پێویستیە وەک برنج .

As Sulaymaniyah
سلێمانی - AA رەوا حاجی
ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵی و کەمی باران بارین و دروستکردنی چەند بەنداوێک لەسەر رووباری سیروان و لقەکانی و بەگەرخستنیان لەلایەن ئێرانەوە، ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان ١١ مەتر و نیو لە چاو ساڵی رابردوو کەمی کردووە و ئەمەش کاریگەریی کردۆتە سەر کشتوکاڵ.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، رەحمان خانی رایگەیاند کە بەهۆی کەمی باران بارین و دابەزینی ئاستی ئاو لە بەنداوەکە و وەک رێکارێک بڕیار دراوە رێگری بکرێت لە چاندنی ئەو جۆرە بەروبوومانەی کە ئاوی زۆریان پێویستیە وەک برنج .
رەحمان خانی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''بەهۆی کەمی باران و دروستکردنی چەند بەنداوێک لەسەر ئاوی رووباری سیروان، ئەو ئاوەی کە دەرژێتە سەر بەنداوکە کەمی کردووە و لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا ئەمە یەکەمین جارە بەو چەشنە کەمی داهات رووبکاتە ئاوی بەنداوەکە، ئاستی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان لەئێستادا کە لە کۆتایی وەرزی گلدانەوەی ئاوداین، ١١،٥ مەتر لەچاو ساڵی پار کەمترە، ئەو بڕەی کە ئەمساڵ گلدراوەتەوە بەشی پێداویستیە کشتوکاڵییەکان ناکات لە وەرزی هاویندا''.
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، رەحمان خانی ئاماژە بەوە دەکات کە وەک رێکارێکی پێشوەختەش بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی بێ ئاوی بڕیاریان داوە ئەو بڕە ئاوەی لە بەنداوەکەدا گلدراوەتەوە لە یەکی حوزەیرانەوە تاوەکو یەکی تشرینی دووەم بەشێوەیەکی کەمتر لەچاو ساڵانی رابردوو بەری بدەنەوە. تاوەکو ئاوی خواردنەوە و بڕی پێویستی ئاو بۆ باخداری دابین بکرێت لە هاوینی ئەمساڵدا و گوتی: ''نیوەی جاران ئاوەی بەنداوەکە بەردەدەینەوە، هاوکات ئەمەش کار دەکاتە سەر کەم بوونەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی دەربەندیخان. لەئێستادا تەنها ١٥ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت واتە لەسەدا ٢٥ی ساڵی پار کە دەیکردە ٥٠-٦٠ مێگاوات".
رەحمان خانی ئاشکرای دەکات وەک رێکارێک بڕیار دراوە رێگری بکرێت لە چاندنی ئەو بەروبوومانەی کە ئاوی زۆریان پێویستیە وەک برنج.
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان سەبارەت بە هاتنە سەر خەتی حکوومەتی عێراقی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەگەڵ ئێران رایگەیاند ''لە ئێران چەندین ساڵە بەنداو و تونێل لەسەر سیروان و ئەو لقانەی تێی دەرژێت دروست کراون، ئەوان هەوڵ دەدەن ئەو ئاوانەی لە ناوچەکانی خۆیاندایە بۆ مەبەستی خۆیان سوودی لێوەرگرن، عێراقیش بەپلەی یەکەم زەرەرمەند دەبێت لەکاتێکدا نزیکەی دوو ملیۆن و نیو کەس لەمبەر و ئەوبەری رووباری سیروان تا دەگاتە بەغدا نیشتەجێن و سوودمەندن لە ئاوی رووباری سیروان، بۆیە لەکاتی گرنتنەوەیدا هەموو ئەمانە زەرەرمەند دەبن کە بۆ کشتوکاڵ و خواردنەوە بەکاردەهێنرێن، ئەمەش سەردەکێشێت بۆ زیانی ئابووری و ژینگەیی، بۆیە حکوومەتی عێراق لەئێستادا لەسەر هێڵن لەگەڵ لایەنی ئێرانی و بڕیارە دووهەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەک لەنێوان لایەنی عێراقی و ئێرانی ئەنجام بدرێت لەسەر ئەو پرسە تاوەکو بگەنە ئەنجاميک و زیانەکانی کەم ئاوی لەنێوان هەردوولادا بەش بکرێت".
عەلی محەمەد تەمەن ٦٠ ساڵ کە یەکێکە لەو جووتیارانەی لە گوندی بێستانسور چەندین ساڵە جووتیاری دەکات و هەر لە گەنم، مەرەزە و چەندین جۆری تری دانەوێڵە دەچێنێت گوتی: ''بەهۆی کەمی ئاو و کەمی بارانەوە ئەمساڵ خەڵک مەرەزە ناکات".
ئەو باس لەوە دەکات کە لە ساڵانی رابردوودا و لەکاتی بوونی ئاوی پێویستدا، سەرجەمی گوندەکەیان دوای دوورێنەکردنی گەنم، دەکرایە مەرەزە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کەمی باران و نەبوونی ئاوەوە لەوانەیە تەنها لەسەدا ٢٠ی بکرێتە مەرەزە.
عەلی محەمەد باس لەوە دەکات کە ساڵانە نزیکەی حەوت تۆن برنج لە گوندەکەیان لەڕێی مەرەزەوە بەرهەم دێت، بەڵام لەم ساڵدا لەوانەیە رێژەکە زۆر کەمی بکات و نزیک ببێتەوە لە سفر.
گوندی بێستانسوور کە دەکەوێتە سنووری ناحیەی تانجەرۆوە، نزیکەی ١٨ ماڵ دەبن و سەرچاوەی سەرەکی بژێویی ژیانیان کشتوکاڵە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوەوە، کشتوکاڵکردن زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە.
وەک عەلی محەمەد ئاماژەی پێ دەکات بەرپرسانی کشتوکاڵ لە ناوچەکە ئاگاداری هەموو ئەو گوندنشینانەیان کردۆتەوە کە دەکەونە سەر ئاوی بێستانسوور بەهیچ شێوەیەک مەرەزە نەکەن، بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاو.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن