عێراق

بەهۆی دابەش نەکردنی نەوت بازاڕی سۆپای دار جمەی دێت

Rewa Mahmood Hasan  | 02.02.2023 - نوێکردنەوە : 03.02.2023
بەهۆی دابەش نەکردنی نەوت بازاڕی سۆپای دار جمەی دێت

As Sulaymaniyah

سلێمانی-AA رەوا مەحمود حەسەن

بێساران ئەحمەد فەتاح کە یەکێکە لە فرۆشیارانی سۆپای دار ئاماژە بەوە دەکات لە بازاڕەکانی هەڵەبجە و تەواوی شارۆچکەکاندا، بازاڕی سۆپای دار زیادی کردووە بە رێژەی لەسەدا ٥٠، هەروەک ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی نەوت و سووتەمەنی کە پێشتر لەلایەن حکوومەتەوە بەنرخێکی هەرزان دابەش دەکرا.

بێساران دەڵێت ''لە ساڵی ١٩٩٣وە خەریکی ئەم ئیشەم. هیچ ساڵێک وەک ئەمساڵ خەڵکی لە سۆپای داری نەکۆڵیوەتەوە و نەیکڕیوە، هۆکارەکەیشی ئەوەیە نەوت کەمە و خەڵکەکە نەوتی نییە. پێنج جۆر سۆپا هەیە ئەویش بەپێی گەورەیی و بچووکییەکەیەتی، سۆپامان هەیە بۆ ژووری ١٢ مەتر و ١٦ مەتر و ٢٠ مەتر و ٢٤ مەتر و ٤٠ مەتر دووجا''.

سەبارەت بە جۆری زۆپای داری خۆماڵی و نرخەکانی لە بازاڕەکان لەگەڵ قەبارەیاندا بێساران وەهای گوت ''نرخی سۆپاکان بەپێی گەورەیی و بچووکی دەگۆڕێت، هەتا گەورەتر بێت نرخەکەی زیاترە. خەڵک بەپێی رووبەری ژوورەکەی سۆپاکان دەبات. سۆپامان هەیە ٧٠ سانتیمەتر بەرزە و بایی ٢٥ هەزارە، هەشمانە ٨٠ سانتیمەتر بەرزە و بایی ٢٨ هەزارە. لوولەی سۆپاکانیش یەک دانەی بە هەزار دینارە. ئێچەکان دانەی بە سێ هەزار دینارە و لە سەربان دادەنرێت لەبەر خاتری ئەوەی باران نەیەتە خوارەوە بۆ ناو ماڵەکە، قۆڵی سۆپاکانیش دانەی بە هەزار ٥٠٠ دینارە".

ئەو زۆپا فرۆشەی هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵک هەموو جۆرەکانی سۆپا دەبات بەپێی ئارەزووی خەڵک و رووبەری ژوورەکەیەتی، سۆپا گەورەکان ئاسانترە بۆ بەکارهێنان لەبەر ئەوەی داری کەمێک درێژیش دەگرێت و پێویست بە زۆر وردکردنی دارەکە ناکات.

بێساران ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵکی داری باخ و کەژی ئەم ناوچەیە بەکار دەهێنن بۆ گەرمکردنی سۆپاکانیان و دەڵێت ''ئینجا وەک گوتم ئەمساڵ بەهۆی کەمیی نەوتەوە فرۆشی زیاتر بووە لە ساڵانی پێشوو. ساڵانی نەوەدەکانیش وەک ئێستا خەڵک سۆپای داری زۆر دەکڕی، سۆپاکان هەر لە پلێت دروست دەکران، ماڵەکانی ئەوسا زۆربەیان لە دار دروست کرابوون، لەبەرئەوە هەموو ماڵێک دەیتوانی دایبنێت، بەڵام ئێستا لەبەرئەوەی کۆنکرێت و مسلەحە، دەبێت سەقفەکەی بۆ کون بکرێت".

لەبارەی چۆنیەتی دانانی سۆپاو بەکارهێنانەکەیشیەوە بێساران دەڵێت ''پێویستە لوولەی سۆپاکان رێک بەرەو سەرەوە بڕۆن و بەو جۆرە کێشەی نابێت، بەڵام ئەگەر لار بکرێتەوە زۆر باش نابێت. دووکەڵی سۆپاکان کاتێک دێتەوە ژوورەوە کە بە لاری دابنرێت یان قۆڵی بۆ دانەنرێت، بەڵام ئەگەر قۆڵەکەی تێ بکەیت ئەوکاتە هیچ کێشەیەکی نابێت".

بێساران دەڵێت ''لە سەرەتای دەستپێکی سەرمای ئەمساڵەوە تاکو ئێستا نزیکەی ٥٠٠ سۆپامان بە خەڵکی شار و دەرەوەی شار فرۆشتووە. سۆپایش هەیە بۆ شاخەوانی بەکاردەهێنرێت و پێموایە لە تورکیا دروست دەکرێن و شاخەوانەکان دەیکڕن. سۆپایش هەیە خەڵکی بۆ چێشت و نان بەکاری دەهێنێت، بەڵام ئەوەیان بچووکترە، هەم چێشتی لەسەر لێدەنرێت و هەمیش نانی هەورامی لەسەر دروست دەکرێت.

ئێمە سەماوەری خەڵووزیشمان هەیە بۆ چایی و بۆ ئاوی گەرم بەکار دەهێنرێت، پێنج لیتر ئاو دەگرێت، بەلووعەی ئاو و چاییەکەی بەجیایە، بە خەڵووز و بە داریش ئیش دەکات، نرخەکەیشی ٢٥ هەزار دینارە و هەموویان خۆماڵین و لێرە دروست دەکرێن".

یەکێک لە خاوەن پیشەکان و دروستکەرانی سۆپای دار، بەناوی دانیار ئاماژە بەوە دەکات کە رۆژانە ٥-٦ سۆپای دار دروست دەکات و جگە لە بازاڕەکانی هەڵەبجە، بۆ سلێمانی و ئیدارەی راپەڕینیشی دەنێرێت و باس لەوە دەکات کە هەموو جۆرەکانی سۆپا لە یەک جۆر پلێت دروست دەکرێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın