عێراق

بەغدا.. کۆنگرەی رۆژنامەوانی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و قەتەر

- وەزیری دەرەوەی عێراق، محەمەد عەلی حەکیم: "لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر، گفتوگۆمان کردووە سەبارەت بە چۆنیەتی هیۆرکردنەوەی رەوشی ناوچەکە"

15.01.2020 - نوێکردنەوە : 15.01.2020
بەغدا.. کۆنگرەی رۆژنامەوانی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و قەتەر

Baghdad

بەغدا - AA

وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی، محەمەد عەلی حەکیم کۆبوویەوە و دوای کۆبوونەوەکەش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز کرد.

محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی و محەمەد عەلی حەکیم رایانگەیاند کە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی پێکەوە کار بکەن بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

سەرەتا وەزیری دەرەوەی عێراق، محەمەد عەلی حەکیم سەبارەت بە سەردانەکەی محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی بۆ بەغدا گوتی: "ئەم سەردانە گرنگە بۆ هەردوو وڵات و بە دووقۆڵیی گفتوگۆمان کردووە سەبارەت بە چۆنیەتی هیۆرکردنەوەی رەوشی ناوچەکە".

محەمەد عەلی حەکیم گوتیشی: "جەختمان کردووەتەوە لەسەر ئەوەی گرنگە سەرجەم لایەنەکان رێز لە سەروەریی عێراق بگرن، هەروەها رەتمانکردووەتەوە کە وڵاتەکەمان بکرێت بە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێیەکان".

وەزیری دەرەوەی عێراق، محەمەد عەلی حەکیم راشیگەیاند کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر بە پێویستمان زانیوە کە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کەم بکرێنەوە.

دواتر وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی باسی لە ئامانجی سەردانەکەی بۆ بەغدا کرد و رایگەیاند کە بەمانجی گفتوگۆکردن سەبارەت بە پێشهاتەکان و چۆنیەتی هێورکردنەوەی رەوشی ناوچەکە هاتووەتە بەغدا.

محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی ئاماژەی بەوەیشکرد کە لەئێستادا ناوچەکە رووبەڕووی گرژیی بووەتەوە و پێوێستە سەرجەم وڵاتان هەوڵەکانیان بە ئامانجی هێورکردنەوەی رەوشەکە بخەنەگەڕ و باسی لەوەیشکرد کە ستایشی هەوڵەکانی عێراق دەکەن کە سەبارەت بە هێورکردنەوەی رەوشەکە خستوویەتەگەڕ.

بەیانی ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی بەسەردانێک گەیشتە بەغدا کە چاوەڕان دەکرێت بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە چۆنیەتی هێورکردنەوەی رەوشی ناوچەکە بەجیا لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح و سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر، عادل عەبدولمەهدی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی کۆببێتەوە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın