بەشیر حەداد: "ئیسلام دوورە لە توندڕۆیی"
گوتاربێژی مزگەوتی جەلیل خەیات بەشیر حەداد: "ئەوانەی بێ رێزی بەرانبەر بە پێغەمبەر و دینی ئێمە دەکەن، سێ بەشی تاوانەکە ھی خۆمانە کە ئێمە نەمانتوانیوە واقعی تەواوی موسڵمان نیشانبدەین".
Arbil
ھەولێر - AA
گوتاربێژی مزگەوتی جەلیل خەیات بەشیر حەداد رایگەیاند: "ئەوانەی بێ رێزی بەرانبەر بە پێغەمبەر و دینی ئێمە دەکەن، سێ بەشی تاوانەکە ھی خۆمانە کە ئێمە نەمانتوانیوە واقعی تەواوی موسڵمان نیشانبدەین".
بەشیر حەداد راشیگەیاند کە ئایینی ئیسلام دوورە لە توندوتیژی و رق و کینە.
گوتاربێژی مزگەوتی جەلیل خەیات بەشیر حەداد لە گوتاری ئەمڕۆ هەینی خۆیدا ھێوای خواست ئەم مانگە ببێتە خێر و خۆشی و بەرەکەت و شیفا و رەحمەتی خودا بەسەر ئەم جیھانەدا برژێت و دوور ببن لەو نەخۆشییە و رزگار بین لە دەست ئەم پەتایە
بەشیر حەداد بۆ نوێژخوێنانی مزگەوتەکە گوتی: "ئەو پەتایە تا دەڕوا ھەر توندتر و قۆلتر دەبێت و شەپۆلەکان لەیەکتر بەھێزترن و داواکارم ھەموو لایەک رێنمایی و ئیلتزامەکانی خۆپارێزی کە دینی ئیسلامیش باسی خۆپارێزی و پاکی و جێبەجێکردنی کردووە و خۆتان و دەورووبەرتان لە تووشبوون و ئازاردان بپارێزن".
بەشیر حەداد باسی پیرۆزی ئەم مانگە و یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامی کرد و گوتی: "دینەکەمان پێمان دەلێت قسە و زمانی زەبر بەرانبەر کەس بەکار مەھێنن و پێویستە ئێمە وەکو ئومەتی پیغەمبەر بەرز و بەڕێز بین شایانی ھەموو ھەڵسوکەوتێک نەبین ئەگەر کەسێک ھەڵەیەکی بەرانبەر بە ئێمەی کرد با ئێمە لە سنوور دەرنەچین ئێمە دینەکەمان پێمان دەڵێت زمانی ناشیرین بەرانبەر بە دوژمنیش بەکار نەھێنین".
ھەروەھا گوتیشی: "ھەڵەی خەڵک بە ھەنگاوی ھەڵە چارەسەر مەکەن، ھەڵەکان بە راست چارەسەر دەکرێن بۆیەش ئەوانەی بێ ئەدەبی و بێ رێزی بەرانبەر بە پێغەمبەر و دینی ئێمە دەکەن، سێ بەشی تاوانەکە ھی خۆمانە کە ئێمە نەمانتوانیوە واقعی تەواوی موسڵمان نیشانبدەین".
بەشیر حەداد باسی ئەو ژنە فەرەنسییەی کرد کە لە مالی دوای چوار ساڵ رزگار کرا و گوتی: "ئەو ئافرەتە فەڕەنسییەی تەمەن ٧٤ ساڵ کە بەدیل گیرا بوو لای گرووپی چەکداری مالی. ئەو ژنە ئیسلام نەبوو چوار ساڵ لای ئەو گرووپە بوو. دوای ئازادبوونی پێویست بوو کینە و رەقی ھەبا بەرانبەریان بەڵام دوای ئازادی ھاتەوە فەڕەنسا و بوو بە موسلمان پرسیاریان لێ کرد بۆ؟ گوتی ئەوەی لە ئیسلام فێر بووم جوان و رێکوپێکە و مەرج نییە ھەموو رێکخراو و گرووپەکان نموونەی ئیسلام بن بەڵام واقعی ئیسلام و سوننەتی پێغەمبەر و قورئان تەمسیل دەکات بۆیەش ئەگەر توانیمان واقعەکە پێشانی خەڵکی بدەین بڕوا ناکەم ناحەزی ئیسلام دروست ببێت و مەگەر کەسێک یا لایەنێک بڕیاری ئەو دوژمنایەتییەیان دابێت".
لە کۆتایی گوتارەکەیدا مامۆستا بەشیر حەداد ئاماژەی بە رووداوەکەی دوێنێ وڵاتی فەڕەنسا کرد و گوتی: "دینمان فێرمان دەکات دژ بە ھەموو توندوتیژی بین. خوێنی موسڵمان یا نامۆسلمان ئەم خوێنە بە ناحەق نابێت بڕژێت، بۆیە ئەو رووداوانەی لە فەڕەنسا روویاندا ئەوە ئایین قەبوولی ناکات و ئێمەش قەبوولی ناکەین. ئەمە چارەسەری نییە. ئەوانەی کە خوێنیان رژاوە خۆ ئەو کەسانە نەبوون (وێنەی پەیغەمبەریان کێشا) کە ئەو ئیشەیان کرد. ئەوە بەم شێوەیە ناکرێت. لە ئیسلام بیر و باوەڕ ئازادە بەڵام تەشهیر و ئیھانە مەکەن و ئێمە ردی ھەموو توندوتیژییەکی جەستەی و بیری دەکەین".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
