عێراق

بەرەی تورکمانی عێراقی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەست پێکرد

ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی ئایدن مەعروف لە لێدوانێکدا: "داوا لە پێکهاتەی تورکمان بە تایبەتی و خەڵکی پارێزگای هەولێر بە گشتی دەکەین کە دەنگ بە بەربژێرەکانمان بدەن بۆ ئەوەی بتوانین مافی خەڵکی هەرێم دەستەبەر بکەین بە هەموو پێکهاتەکانییەوە".

Heman Hussein Yaseen  | 22.10.2025 - نوێکردنەوە : 23.10.2025
بەرەی تورکمانی عێراقی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەست پێکرد

Arbil

هەولێر - AA

بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەرانی حزبەکەیان، بەرەی تورکمانی عێراقی بانگەشەی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق دەستپێکرد و تێیدا بەربژێرەکانی بازنەی هەولێری حزبەکەیانی بە هاووڵاتییان ناساند.

لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، ئایدن مەعروف، بەرپرسی لقی هەولێری بەرەی تورکمانی، ئەمیر عزەت و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەو حزبە، ئاهەنگێک بۆ ناساندنی بەربژێرەکانیان بەڕێوەچوو.

دەستپێکی ڕێوڕەسمەکە بە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێکرد و دواتر ئامادەبووان بە هەڵکردنی ئاڵای بەرەی تورکمانی جۆش و خرۆشیان بە ڕێوڕەسمەکە بەخشی.

ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی ئایدن مەعروف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێکدا بەربژێرەکانمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی دەناسێنین و داواش لە پێکهاتەی تورکمان بە تایبەتی و خەڵکی پارێزگای هەولێر بە گشتی دەکەین کە دەنگ بە بەربژێرەکانمان بدەن بۆ ئەوەی بتوانین مافی خەڵکی هەرێم دەستەبەر بکەین بە هەموو پێکهاتەکانییەوە".

بەرەی تورکمانی عێراقی لە بازنەی هەولێر بە پێنج بەربژێر بەشدارە کە بریتیین لە بڕوا عومەر، ماجد عەبدوڵڵا سلێمان، ئیبتیسام ئەسعەد مەجید، عەبدولباری ئومێد جەرجیس و وەفا لوتفی.

بەرەی تورکمانی لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا خاوەنی پێنج کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوون کە سێ کورسییان لە کەرکووک و دوو کورسیشیان لە نەینەوا بەدەستهێنابوو.

بڕیارە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ پڕۆسەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بەڕێوە دەچێت و تێیدا حەوت ھەزار و ٧٦٨ بەربژێر لە چوارچێوەی ١٤٦ ھاوپەیمانی و پارت و کەسایەتی سەربەخۆ، لە ١٨ پارێزگادا کێبرکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın