عێراق

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ٥٤٢ بەربژێر بەهۆکاری جیاواز دوورخراونەتەوە

- عیماد جەمیل: "بە گشتی لە سەرتاسەری عێڕاق ٢١ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار و ٨٩ کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەو ژمارەیەش سێ ملیۆن و ٩٢ هەزار و ٢٧٥ دەنگدەر لە هەرێمی کوردستانن، هاوکات ٥٤٢ بەربژێریش بەهۆکاری جیاواز دوورخراونەتەوە".

Heman Hussein Yaseen  | 21.08.2025 - نوێکردنەوە : 24.08.2025
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ٥٤٢ بەربژێر بەهۆکاری جیاواز دوورخراونەتەوە

Arbil

هەولێر - AA

بڕیارە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، هەڵبژارنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێڕاق بەڕێوەبچێت و تێیدا حەفت هەزار و ٩٠٠ کەس کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانیی دەکەن و ٢١ ملیۆن کەسیش مافی دەنگدانی هەیە.

ئەم هەڵبژاردنە بە سیستەمی لیستی کراوە و نوێنەرایەتی ڕێژەیی بۆ قەوارە بەشداربووەکان بەڕێوەدەچێت، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی پێشوو بە سیستەمی فرەبازنەیی بەڕێوەچوو کە تێیدا پارێزگاکان بەسەر چەند ناوچەیەک دابەشکران و هەر ناوچەیەکیش چەند بەربژێرێکی بۆ دیارییکرابوو کە دەنگدەر تەنیا بۆی هەبوو لە سنووری ناوچەکەی خۆی دەنگ بەو بەربژێرە بدات کە کەوتووەتە سنووری ناوچەکەی، ئامانج لە پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە کەمکردنەوەی کاریگەریی پارتە گەورەکان و زیادکردنی دەرفەت بوو بۆ سەربەخۆکان، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، هەر پارێزگایەک یەک بازنەی هەڵبژاردنە و دەنگدەر ئازادە لەوەی دەنگ بە کام بەربژێری پارێزگاکەی دەدات.

سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، عیماد جەمیل لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمان، بە گشتی لە سەرتاسەری عێڕاق ٢١ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار و ٨٩ کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەو ژمارەیەش دوو ملیۆن و ١٥٥ هەزار و ٩٧ کەس دەنگدەری نوێن و بۆ ئەم خولەی پەرلەمان تۆمارکراون".

لەبارەی دەنگدەرانی هەرێمەوە، عیماد جەمیل گوتی: "ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بریتییە لە سێ ملیۆن و ٩٢ هەزار و ٢٧٥ کەس، کە بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەشبوونە، بۆ پارێزگای هەولێر یەک ملیۆن و ٨٩ هەزار و ٨٣ کەس، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە یەک ملیۆن و ٢٠٩ هەزار و ٣٨٠ کەس، هەروەها پارێزگای دهۆک ٧٨٤ هەزار و ٨١٢ کەس".

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق، حەفت هەزار و ٩٠٠ کەس کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانیی دەکەن و، لەبارەی گرتبەبەری ڕێکارە یاساییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای عێڕاق بەرامبەر بەربژێران، عیماد جەمیل گوتی: "بە گشتی ٥٤٢ بەربژێر دوورخراونەتەوە، لەو ژمارەیەش ٢٥٣ بەربژێر بە هۆکاری لێپرسینەوەی دادپەروەریی دوورخراونەتەوە، هەروەها ١٠٠ کەس ڕێگریی یاساییان لێکراوە، هاوکات ١٦٠ کەس لەلایەن لایەنە بەشداربووەکان گۆڕدراون، ١٥ بەربژێریش بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی و، ١٠ بەربژێری کریستیانەکانیش لە بەشداربوون دوورخراونەتەوە، هەروەها چوار بەربژێریش بەهۆی ساختەوە لە پڕۆسەکە دەرهێندراون".

بەپێی داتاکانی ئاماری تۆماری دەنگدەران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێڕاق، زۆرترین دەنگدەر دەکەوێتە پارێزگای بەغدا کە دوو ملیۆن و ٣٨٠ هەزار و ٢٤٦ کەسە و کەمترین دەنگدەریش دەکەوێتە پارێزگای موسەنا کە ٥١٢ هەزار و ٣٥٩ دەنگدەرن.

لە کۆی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانیی، هەرێمی کوردستان لە خولی پێنجەم بە ٦٢ کورسی بەشدارە و لەم چوارچێوەیەشدا، پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٢ کورسی، هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان) ١٦ کورسی، نەوەی نوێ نۆ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی چوار کورسی و کۆمەڵی دادگەریی یەک کورسیی پەرلەمانییان هەیە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın