ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە دهۆک بەرز بووەتەوە
بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینە زۆرەی لەم وەرزەدا ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە پارێزگای دهۆک بەرز بووەتەوە.
Dahuk
دهۆك - AA
دوای چەند ساڵێک لە دابەزینی مەترسیداری ئاستی ئاو بەهۆی وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، بارانبارینی ئەمساڵ له سنووری پارێزگای دهۆك، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پێوانەیی ئاستی ئاوی ژێر زەوی.
بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی دهۆک یەحیا سلێمان حەسەن، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە کرد : "لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٥، پارێزگاکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی توندی ئاو ببووەوە، لە وەرزی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ ئاستی ئاو بە تێکڕا ٧ مەتر و لە هەندێک شوێن تا ١٤ مەتر دابەزیبوو، ئەمەش وای کردبوو قووڵایی لێدانی بیر لە ٢٥٠ مەترەوە بۆ ٣٥٠ مەتر زیاد بکات، کە بارگرانییەکی دارایی گەورەی بۆ جوتیاران دروست کردبوو."
بەپێی گوتەکانی یەحیا سلێمان، بارانبارینی ئەمساڵ "دڵخۆشکەر و بە سوود" بووە، چونکە بارانەکە بە لێزمە نەبووە و بەسەرخۆیی باریوە، ئەمەش دەرفەتی بە خاکەکە داوە کە ئاوەکە بمژێتە ناو تۆێژە جیۆلۆجییەکان. ئامارەکان دەریدەخەن، لە سەنتەری شاری دهۆک زيادتر لە ٤٠٠ ملم باران باریوە، تێکڕای بارانبارین لە پارێزگاکە گەیشتووەتە سەرووی ٦٠٠ ملم، لە ناوچەی گردەسێن لە سنووری قەزای ئاکرێ، ئاستی ئاوی ژێر زەوی بە شێوەیەکی پێوانەیی ١١ مەتر و نیو بەرز بووەتەوە".
بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی دهۆک ئاماژە بەوەش دەکات کە دهۆک خاوەن خاکێکی دەوڵەمەندە بە ئاوی ژێر زەوی، بەتایبەت لە دەشتەکانی ئاکرێ و شێخان کە بەهۆی بوونی "خیز" لە پێکهاتەی خاکەکەدا، ئاو بە خێرایی دەچێتە قووڵایی زەوی، بە پێچەوانەوە، ناوچەی سێمێل بەهۆی ئەوەی خاکەکەی "تەقن و قووڕە"، مژینی ئاو تێیدا خاوە، هەربۆیە ئاستی بەرزبوونەوەی ئاوی ژێر زهوی لەو ناوچەیە کەمترە و بەهۆی زۆریی کارگەکانیشەوە فشارێکی زۆر لەسەر بیرەکانی ئەو دەڤەرە هەیە و گوتی:" کەمبوونەوەی ئاو لە ساڵانی ڕابردوودا زیانێکی گەورەی بە کەرتی کشتوکاڵ گەیاندبوو، بەجۆرێک ساڵی ڕابردوو بەرهەمی جوتیاران نزیکەی ٨٠٪ کەمی کردبوو، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت بەم بووژانەوەیەی ئێستا، کەرتی کشتوکاڵ و ئاوی کانی و ڕووبارەکان دووبارە ببوژێنەوە و تێچووی دەرهێنانی ئاو بۆ جوتیاران کەم ببێتەوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
