ماددەی هۆشبەر.. ڕێگایەک بۆ ئەنجامدانی تاوان و هەڵوەشانەوەی کۆمەڵگا
ھەرێمی کوردستان-عێراق یەکێکە لەم شوێنانەی کە دیاردەی بازرگانییکردن و بەکارھێنەرانی ماددەی ھۆشبەر گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و چەندینجار لە ئاستی باڵادا ھۆشداریدراوە لەبارەی لە کۆنتڕۆڵ دەرچوونی دیاردەکە.

Arbil
هەولێر - AA
ساڵانە ڕۆژی ٢٦ی حوزەیران بە ڕۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر دیارییکراوە و تێیدا لە وڵاتە جیاوازەکاندا چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت و ھۆشدارییە پزیشکی و یاساییەکان بڵاودەکرێنەوە.
ھەرێمیش یەکێکە لەم شوێنانەی کە دیاردەی بازرگانییکردن و بەکارھێنەرانی ماددەی ھۆشبەر گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و چەندینجار لە ئاستی باڵادا ھۆشداریدراوە لەبارەی لە کۆنتڕۆڵ دەرچوونی دیاردەکە.
پسپۆڕێکی دەروونی ئاماژە بەوە دەکات کە بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر سەردەکێشێت بۆ ئەنجامدانی چەندین تاوان و بەپێی تێپەڕینی کات ھەندێکجار ئالوودە بوو تووشی حاڵەتێک دەبێت کە وادەزانێت دەوروبەر دەبنە مەترسی بۆسەر گیانی ئەو و لەم کاتەشدا ڕەنگە تاوانی قورس ئەنجام بدات، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئالوودەبوو ئەگەر ویستی چاکبوونی ھەبێت دەتوانێت چارەسەری پێویست وەربگرێت و لە بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر دوور بکەوێتەوە.
پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان، دکتۆر ڕێدار حەمەدئەمین لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم دیاردەیە کێشەیەکی گەورەیە و پێویستی بە چارەسەریی ھەیە کە ئەویش فرە ڕەھەندە و تەنیا بە لایەنی تەندروستی و دەروونی ناکرێت، بەڵام ئەگەر باسی زیانەکان بکەین زۆربەیان دەروونییە ائینجا تەندروستییە، چونکە کەسی ئالوودەبوو کاتێک تووشی ئالوودەبوون دەبێت ئەوا لە ژیان دادەبڕێت، گۆشەگیر دەبێت و لە خێزان و کاروباری ڕۆژانەی دوور دەکەوێتەوە، ئینجا ئەمانەش لێکەوتەی زۆری ھەیە و وای لێدەکات کەسەکە تووشی حاڵەتی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ بێت و ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر ئەم حاڵەتە ڕەنگە سەر بکێشێت بۆ تاوانی دزی و پارەپەیداکردن بۆ کڕینی ماددەکە".
دکتۆر ڕێدار حەمەدئەمین گوتیشی: "ھەندێکجار کەسی ئالوودەبوو، تووشی وەھمێک دەبێت کە وا دەزانێت خێزانەکەی ناپاکی لەگەڵدا دەکات و وا دەزانێت کەسوکارەکەی بە نیازن بیکوژن، ئەمەش وا دەکات ھەنگاوبنێ بۆ کاردانەوە و تاوان".
ئەو پسپۆڕە دەروونییە ئاماژەی بە لێکەوتە تەندروستییەکان کرد و گوتی: "کاتێک کەسێکی ئالوودەبوو بەردەوام ماددەکە بەکاردەھێنێت ئەگەری توشبوونی بە ھەندێک نەخۆشی سێکسی ھەیە وەک ھەوکردنی جگەر و ئێیدز چونکە کەسەکان کەرەستەی یەکتر بەکاردەھێنن و لەم حاڵەتەشدا کەسێک تووشبووبێت ڕێگاخۆشکەرە بۆ ئەوەی ئەوانی دیکەش تووش ببن".
ھاوکات ڕاوێژکارێکی یاسایی جەخت لەوە دەکاتەوە کە نەبوونی کار و دەرفەتی کار، ھەروەھا خراپی گوزەرانی ھاووڵاتییان بەھۆی دۆخی داراییەوە ھۆکارێکن بۆ تووشبوون بە ماددە ھۆشبەرەکان، ئەوەش دەخاتەڕوو کە بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر لێکەوتەی کۆمەڵایەتی، ئاسایشی و دارایی ھەیە.
ڕاوێژکاری یاسایی بەدران حەسەن لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر بووەتە دیاردەیەکی جیھانی و بنبڕناکرێت چونکە ھەموو سنوورەکانی بڕیووە، لەگەڵ زۆربوونی ئالوودەبووان و بەکارھێنەرانی ماددەی ھۆشبەر، شێوازی بازرگانییکردن و بڵاوبوونەوەیشی تەکنیکی نوێی بەخۆیەوە بینیووە، کەواتا سەرەڕای ئەوەی یاساکان پێش دەکەون بۆ ئەوەی پێشگری لە سەرھەڵدانی کێشەکان بکەن، لە ھەمانکاتدا لە شێوازی بازرگانیکردنیشی پێشکەوتن و شێوازی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت و کاریگەری و لێکەوتەکانیشی زۆرە وەک لێکەوتەکانی خێزانی، کۆمەڵایەتی، ئاسایش، دارایی و تەندروستی".
لەبارەی ھۆکارەکانی زۆربوونی دیاردەی بەکارھێنەرانی ماددەی ھۆشبەر، ڕاوێژکاری یاسایی بەدران حەسەن گوتی: "سەرەڕای زۆربوونی دەرچووانی زانکۆ و نەبوونی کار و دەرفەتی کار، ھەروەھا کێشەی خێزانیی و کۆمەڵایەتی بەھۆی باری داراییەوە، ئەوانە ھەموو ھۆکارن بۆ ئەوەی تاک ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە ببێتەوە، یەکێک لە ھۆکارە نەرێنییەکانیش دەبێتە ھۆی ھەڵوەشانەوەی خێزان و زۆربوونی ڕێژەی جیابوونەوە کە ئێستا لە سەرجەم دادگاکان بە ڕێژەی جیاجیا ئەم دیاردەیە بەدی دەکرێت".
ڕاوێژکاری یاسایی بەدران حەسەن گوتیشی: "دیاردەی ماددەی ھۆشبەر کاریگەری لەسەر زیادبوونی ڕێژەی تاوانیش ھەیە، بووەتە ھۆی ئەوەی ڕێژەی تاوان زۆربێت ئەوانەی کە ئالوودە و بەکارھێنەرانی ماددەی ھۆشبەرن، کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر کەسایەتیی ھەیە و دەبنە کەسێکی ھەڵچوو، تووشی لەبیرکردنی ئیرادەی خۆیان دەبن و ھەمووکاتێک ئامادەن بۆ ئەنجامدانی تاوان".
لەبارەی یاساکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی ھۆشبەر، ڕاوێژکاری یاسایی بەدران حەسەن گوتی: "یاسای پێشوو ژمارە ٦٨ کە لە ساڵی ١٩٦٥ دەرچوو بوو، ئەم یاسایە زۆر توند بوو، جیاوازییەکی نەبوو لە نیوان بازرگانان و بەکارھێنەران، سزاکەشی لە بەندکردنی ھەتاھەتایی تا لە سێدارەدان بوو، بەڵام ئەو یاسایەی ئێستا جیاوازی کردووە لە نێوان بازرگانان و بەکارھێنەران، بۆیە سزاکەشیان جیاوازە، چونکە بەکارھێنەران وەک قوربانی سەیر دەکرێن و لە بازرگانان جیاکراونەتەوە".
ماددەی ھۆشبەر بریتییە لە چەند ماددەیەکی بێھۆشکەر کە لە ڕێگەی دەم، دەرزی و کوتان، بۆنکردن، کێشان و ھەڵمژین، خستنەژێر زمان بەکاردێت و جۆرەکانی ھەندێکجار سرووشتین لە شێوەی گەڵا و گوڵ، ھەندێکجاریش دەستکردن لە شێوەی حەب و دەرزیی ئامادەکراو وەک جۆرەکانی مۆرفین، ھیرۆیین، حەشیش، کۆکاین و چەندین بابەتی دیکە.
بەپێی ئامارەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٣٨٨ تۆمەتباری ماددەی ھۆشبەر دەستگیر کراون، کە ١٧٣ کەس بەکارھێنەر بوونە، ١٤٣ بازرگانی ئاسایی بوونە، ٧٢ کەس بازرگانی نێودەوڵەتی بوونە، ھەروەھا لە ماوەی ساڵی ڕابردووشدا نزیکەی ھەزار تۆمەتبار بەھەر سێ جۆرەکەوە دەستگیر کراون.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێڕاق، ئاماری ژمارەی بازرگانان و بەکارهێنەرانی ماددەی ھۆشبەری بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە عێڕاق بڵاوکردبووەوە و ئاماژەی بەوەکردبوو کە لە ساڵی ڕابردوودا، ١٤ ھەزار بازرگان و بەکارھێنەرانی ماددەی ھۆشبەریان دەستگیرکردووە و جەختیش لەوە کرابووەوە کە دەسەڵاتی دادوەری عێراق سزای لەسێدارەدانی بەسەر ١٤٤ بازرگانی نێودەوڵەتیی ماددەی ھۆشبەر و سزای زیندانی ھەتاھەتایی بەسەر ٤٣٤ بازرگانی ناوخۆیدا سەپاندووە.