شیکردنەوە

شیکاریی.. کێبڕکێی ھەرێمی و نێودەوڵەتیی بۆ قۆستنەوەی دەرفەتی کشانەوەی رووسیا لە سووریا

بەپێی زانیارییەکان، رووسیا یەکە سەربازییەکانی لە ژمارەیەک ناوچەی سووریا دەکشێنێتەوە و کشانەوەی رووسیا لە ژمارەیەک ناوچەی سووریا لەچوارچێوەی ستراتیجییەکی نوێ دێت کە مۆسکۆ بەھۆی ھێرشی سەر ئۆکرایناوە دایناوە.

Dr. Emine Çelik   | 06.06.2022
شیکاریی.. کێبڕکێی ھەرێمی و نێودەوڵەتیی بۆ قۆستنەوەی دەرفەتی کشانەوەی رووسیا لە سووریا

ئیستانبوڵ ــ AA

بەھۆی کەمبوونەوەی ھەماھەنگیی نێوان یەکە سەربازییەکانی رووسیا لە ئۆکراینا، بەرگرییە چاوەڕواننەکراوکەی ئۆکراینییەکان، ھەروەھا پشتیوانی سەربازیی ئەمریکا و ئەورووپا بۆ کیێڤ، وای لە مۆسکۆ کردووە کە ستراتیجیی نوێ تایبەت بە سیاسەتی خۆی دابنێت.

شرۆڤەکاران پێیان وایە کە پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان لەبارەی کشانەوەی یەکە سەربازییەکانی رووسیا و چەکدارانی سەربە کۆمپانیای ئەمنی "ڤاکنەر" لە ژمارەیەک ناوچەی سووریا وەک ئیدلب، حەما، لازقییە، منبج، تەلڕەفعەت، عەین عەرەب (کۆبانێ‌) و دەرووبەری حەلەب، بە مانای ھەوڵێکە لەلایەن مۆسکۆوە بۆ کۆکردنەوەی ھێزەکانی.

ئەم ستراتیجییە نوێیەی رووسیا کە رژێمی بەشار ئەسەد دەخاتە دۆخێکی سەختەوە، شەڕی ھێزەکان و خاوەن ھەژموونەکان لە جەنگی سووریا دەباتە قۆناغی نوێوە.

جگە لەوەیش ئەو وڵاتانەی کە لە ناوچەکەدان وەک رووسیا، ئەمریکا و ئێران لە رێگای هێزە بە وەکالەتەکانییانەوە جموجۆڵ دەکەن و، ھەروەھا دەگوترێت ئێستا ئیسرائیلیش بووەتە بەشێک لە قەیرانی سووریا، ئەوەیش بەھۆی ئەو ھێرشە ئاسمانیی و وشکانییانەی کە بۆ سەر میلیشیاکانی ئێران لەو وڵاتە ئەنجامی داوە.

پێشتر ئیسرائیل بوونی ئێرانی لە سووریا بە ھەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی لەقەڵەمداوە و رایگەیاندبوو کە رێگا نادات، بوونی ئێران لە سووریا فراوان بێت.

ــ بوونی ئەمریکا لە سووریا

ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن وای نابینێت کە ھێزی سەربازیی وڵاتەکەی لە سووریا، لە ئیدارەکانی پێشوو جیاواز بێت، لەمبارەیەوە ئیدارەی کۆشکی سپی بانگەشەی ئەوە دەکات کە واشنتۆن چوار ئەرکی لە سووریا ھەیە، یەکەمیان کەمکردنەوەی توندوتیژییە، دووەمیان بۆ بەرگرتنە لەسەرھەڵدانی قەیرانی مرۆیی، سێیەمیان زیادکردنی فشارەکانی سەر رێکخراوی تیرۆریستی داعشە ئەوەیش لە رێگای بوونی ھەمیشەیی سەربازیی لە رۆژھەڵاتی سووریا و لە رێگای پاڵپشتیکردن لە رێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگە/پەکەکە کە وەک ھێزێکی وەکیلی خۆی لە شەڕی دژبە داعش بەکاری دەھێنێت و، چوارەم ئەرکیش بریتییە لە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل دژ بەو میلیشیایانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

بەڵام کەمبوونەوەی کاریگەریی داعش لە سووریا و ئەو کۆمەڵکوژیانەی کە پەکەکە ئەنجامی داوە ( لە چەندین وڵاتی ناوچەکە چالاکە لەنێویاندا، سووریا، عێراق و ئێران)، بە ھۆکارێک بۆ سەرھەڵدانی قەیرانێکی مرۆیی دادەندرێت، ھەروەھا ھێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل لە سووریا پرسیاری زۆر دروست دەکات، بەتایبەتیش لەسەر ئەوەی، ئایا بوونی ئەمریکا لە سووریا، ھەروەھا ئەو پشتیوانییە سەربازیی و داراییەی کە واشنتۆن پێشکەشی باڵەکانی پەکەکەی لە سووریا، سوودی چی دەبێت؟

ئەمریکا خواستی ھەیە سوود لەو بۆشایە وەربگرێت کە بەھۆی کشانەوەی چاوەڕوانکراوی رووسیا لە سووریا دروست بێت و بانگەشەی ئەوە دەکات کە چەندین پڕۆژەی بارزگانیی تەنھا لە باکووری ئەو وڵاتە جێبەجێ دەکات کە تایبەت دەبن بە کشتوکاڵ و بونیادنانەوە، بەڵام ناوی ئەو کۆمپانیانەی کە بەنیازن پڕۆژەکان جێبەجێی بکەن، ئاشکرا نەکردووە و بەنھێنیی ھێشتووەتەوە.

ھەروەھا واشنتۆن خواستی ھەیە لە رێگای ھێزە بە وەکالەتەکانییەوە، تەواوی باکووری سووریا کۆنترۆڵ بکات، سوورە لەسەر ئەوەی لە رێگای جێبەجێکردنی پڕۆژە بارزگانییەکان، درێژە بە بوونی خۆی لەو وڵاتە بدات.

لەکۆتاییشدا جموجوڵەکانی یەکە سەربازییەکانی رووسیا لە ناوچەکە، بووەتە ھۆی ئەوەی کە واشنتۆن ھەوڵەکانی خێراتر بکات بۆ چالاککردنی پەکەکە لە گۆڕەپانەکە، ئەوەیش بە ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ئێران و ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە سووریا.

ــ ھەژموونی ئێران لە سووریا

ترسی واشنتۆن لە زیادبووندایە لەوەی کە ئێران ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە لە کشانەوە چاوەڕوانکراوەکەی رووسیا لە سووریا دروست دەبێت، بەتایبەتیش ئەوە شاراوە نییە کە بوونی ئێران لە سووریا، مێژوویەکی دوور و درێژی ھەیە.

ھەروەھا سوپای پاسداران، ھێزەکانی فەیلەقی قودس و دەزگا ئەمنیی و ھەواڵگرییەکانی ئێران بەردەوام پاڵپشتی سەربازیی و لۆجستیی لەپێناو مانەوە و پاراستنی دەسەڵاتی رژێمی بەشار ئەسەد پێشکەش دەکەن.

دوای ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی رووسیا لە سووریا بەھۆی شەڕی سەر ئۆکرانیاوە کەمبووەتەوە، جموجوڵ و بوونی ئێران لە سووریا زیادیکردووە.
دوای ئەو زیانە قورسانەی کە پەکەکە بەھۆی ھێرشەکانی داعش بۆ سەر حەسەکە باکووری رۆژھەڵاتی رووسیا لە سەرەتا ساڵی ٢٠٢٢دا بەرەوڕووی بوویەوە، ھێزەکانی کۆماندۆی ئەمریکا دەستوەردانییان کرد کە بووە مایەی دەستەبەرکردنی کشانەوەی داعش لە ناوچەکە.

بەوھۆیەوە، میلیشیاکانی ئێران توانیوویانە رووبەرێکی نوێ لە خاکی سووریا کۆنترۆڵ بکەن و وردە وردە بوونی خۆیان لە حەسەکە و دەوروبەری زیاد کردووە، پێدەچێت لەگەڵ کشانەوەی رووسیا لە سووریا، ھەژموونی ئێران لە سووریا زیاتر بێت، بەڵگەیش لەسەر ئەوە، ئەو سەردانە بوو کە رژێمی بەشار ئەسەد لە ھەشتی مانگی ئایاری رابردوو بۆ ئێران ئەنجامی دا.

ئەوەیش لە کاتێکدایە کە ھۆشداری ئەوە دراوە کە ھەژموونی ئێران بەسەر ناوەندەکانی دەسەڵات لە سووریا ھەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا دەگوترێت ئیسرائیل بە ھێزێکی گرنگ دادەندرێت کە لەگەڵ واشنتۆندا کاریگەریی لەسەر ستراتیجییەکانی تاران لە سووریا دەبێت.

ــ دەرفەت و ھەڕەشەکان لە سووریا

ئیسرائیل پێیوایە کە کشانەوەی رووسیا لە سووریا لە یەککاتدا، دەبێتە دەرفەت و ھەڕەشە، چونکە لە ساڵی ٢٠١٨دا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ھێرشییان کردە سەر پارێزگای لازقییە باکووری رۆژئاوای سووریا و بەھۆیەوە فڕۆکەیەکی جەنگی رووسیا کە لەو کاتەدا بە ئاسمانی ناوچەکە دەسوڕایەوە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی رژێمی بەشار ئەسەد کرایە ئامانج و بەھۆیەوە قەیرانێکی گەورە لە نێوان رووسیا و ئیسرائیل دروست بوو کە دواتر چارەسەر کرا.

بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ چەندینجار رایانگەیاندبوو کە لەگەڵ بوونی سەربازیی ئێران لە سووریادا نیین، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر فڕۆکە و یەکە سەربازییەکانی رووسیا لە سووریا بە ھەڵە نەکرێنە ئامانج.

بەھۆی ئەوەی یەکە سەربازییەکانی رووسیا بەشدارییان لە بەرەکانی شەڕدا نەکردووە لە سووریا، لەکاتێکدا بەردەوام پاڵپشتیی ھێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد-یان کردووە، ئەوەش ئاسوودەیی لای ئیسرائیل دروستکردووە بەتایبەتیش لە ئەنجامدانی ئەو ھێرشانەی کە میلیشیاکانی ئێران لە سووریا دەکاتە ئامانج.

لە ١٢ و ٢٧ی نیسانی رابردوودا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ھێرشیان کردە نزیک دیمەشقی پایتەختی سووریا بەھۆیەوە چوار سەربازی رژێمی بەشار ئەسەد کوژران لە کاتێکدا ھێرشەکان بۆ بەئامانجکردنی میلیشیاکانی ئێران ئەنجامدرا بوون.

لە مانگی ئایاری رابردوویشدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، زنجیرەیەک ھێرشیان کردە سەر شارۆچکەی مەسایف رۆژئاوای پارێزگای حەما کە میلیشیاکانی ئێرانی تیادابوو، ئامانج لە ئەنجامدانی ئەو ھێرشە، شکاندنی توانای ئێران بوو بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچەیە.

ــ ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆسەر رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە باکووری عێراق

لە میانی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ کە سوپای تورکیا لە نیسانی رابردوودا بە ئامانجی لەناوبردنی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە باکووری عێراق ئەنجامی دەدا، بەردەوام زیانی زۆر بەر رێکخراوە تیرۆریستییەکە کەوتووە.

بەڵام ئەو وڵاتانەی کە لە رووی ماددی و سەربازییەوە پاڵپشتی پێشکەش بە رێکخراوە تیرۆریستییەکە دەکەن، لە رێگای رۆژنامە و میدیا نێودەوڵەتییەکانەوە، ھەوڵدەدەن گومان لە رەوایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دروست بکەن، ئەوەیش بە بیانووی ئەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنانە لە دەرەوەی سنوور ئەنجام دەدرێن و کاریگەریی گەورەییان لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتییدا ھەیە.

تورکیا ئاماژەی بەداوە کە ئۆپەراسیۆنێکی نوێ بە قۆڵایی ٣٠ کیلۆمەتر لەناو خاکی سووریا دەست پێدەکات، ئەوەیش بە ئامانجی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام و بەرگرتن لە بڵاوبونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگە/پەکەکە، بەتایبەتیش دوای پێشھاتەکانی ئەم دواییە لەو وڵاتە، چەکدارەکانی کۆکردووەتەوە.

ھەرچەندە تا ئێستا وردەکاری ئۆپەراسیۆنەکە رانەگەیەندراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دەکرێت بگوترێت کە لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، کۆتایی بە بوونی رێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگە/پەکەکە لە نزیک سنووری تورکیا دەھێندرێت و گۆڕانکارییش بەسەر ھەژموونی ھێزەکان لە سووریا دێت، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە پاڵپشتی بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی پەنابەرە سوورییەکان لە تورکیاوە بۆ زێدی خۆیان.
​​​​​​​

(نووسەر و شارەزا لە پرسەکانی تیرۆر، توندئاژۆیی و ھێرشی سایبری، ئامینە چەلیک)

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın