یهكگرتووی ئیسلامیی کوردستان: "هەست بە مەترسی تەقینەوەیەکی جەماوەری دەکەین"
ئەنجوومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان:"کەمتەرخەمی خۆپارێزی و کەمی کەرەستەی چارەسەر وشڵەژاوی ئیدارەدانی دۆخەکە بەتایبەت لە هەولێری پایتەخت،جێگای داخە و ناکرێ حکوومەتی هەرێم بەم شێوەیە دەستەوهستان و بێ باک بێ لە بەرامبەر گیانی هاووڵاتیاندا".
Arbil
هەولێر AA
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سیاسی حزبەکە کە بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بە سەرپەرشتی ئەمینداری گشتی حزبەکە، سەڵاحەدین محەمەد بەهادین بەڕێوەچوو، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
یهكگرتووی ئیسلامیی کوردستان رادەگەیەنێت کە "هەست بە مەترسی پەرچەکرداری تەقینەوەیەکی حساب بۆ نەکراو ئەکەین".لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دۆخی تەندروستی هەرێم و تەشەنەسەندنی پەتای کۆڕۆنا لە حاڵەتی کەمتەرخەمی خۆپارێزی و کەمی کەرەستەی چارەسەر و شڵەژاوی ئیدارەدانی دۆخەکە بەتایبەت لە هەولێری پایتەخت جێگای داخە و ناکرێ حکوومەتی هەرێم بەم شێوەیە دەستەوهستان و بێ باک بێ لە بەرامبەر گیانی هاووڵاتیاندا".
دەربارەی دۆخی فەرمانبەران و مووچە، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاندووە "دۆخی بژێوی فەرمانبەران و کەمی و دواکەوتنی مووچە و قوفڵ بوونی جوڵەی بازاڕ و بێباکی و بێ بەرنامەیی حکوومەت لە ئاستێکدایە کە تەقینەوەی رق و خەم و بێچارەیی جەماوەری برسی و گەنجی بێ هیوا گەورەترین مەترسییە لەسەر هەرێم و ناکرێ دەسەڵات و نوخبەی سیاسی وڵات لە ئاستی دا بێ تەگبیر و چارەسەر بن".
راشیانگەیاندووە، "پشتگوێ خستنی چاکسازی گشتگیر بۆ رەگ و ریشەی گەندەڵی و ناشەفافیەت لە داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەکان و خۆخەریککردن و خەڵک خافڵاندن بە هەندێ شتی لاوەکییەوە، یان نیشانەی نەبوونی ئیرادەی راستەقینەیە یان نیشانەی نەتوانین و دەرەقەتنەهاتنە، کە هەردووکیان ئەخوازێ حزبەکانی دەسەڵات لەسەری بووەستن و بەخۆیاندا بچنەوە و بڕیاری جدی لەسەر بدەن".
دەربارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و گفتوگۆکان بۆ رێککەوتنی نێوانیان، ئەنجوومەنی سیاسی یەکگرتوو دەڵێت "دەستی دەستی کردن بە یەکتری لە هەرێم و سارد و سڕی مامەڵەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا لە حاڵەتی ئێستادا هیچ پاساوێکی ئەخڵاقی و نیشتمانی نییە و ئەبێ ئەحکامی لە ناکاو و ئیسعافی پەیرەو بکرێ و هەل و مەرجەکە لەوە زیاتر هەڵناگرێ".
دەربارەی بارودۆخی شەقام و ئاستی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاندووە، "ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە هەمیشە لەگەڵ پاراستنی یەکریزیی و ئاشتەوایی نیشتمانی و سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلەکەمانداین و لەگەڵ خواستی رەوای هاووڵاتیان داین، ئەمڕۆ هەست بە مەترسی پەرچەکرداری تەقینەوەیەکی حساب بۆنەکراو ئەکەین لەم بێ متمانەیی و بێ وەزعییەی کۆمەڵگە و برسیکردن و فشار و ستەمەی لە هاووڵاتی ئەکرێ و لەم بێ منەتی و بێ باکی و ناکاراییەی دەسەڵاتدا".
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەشیاندا ئەنجوومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت "بۆیە پێویستە بە بڕیاری مەحکەم و بە ئیرادەی بەهێزەوە حکوومەت و هێزەکانی دەسەڵات رووبەڕووی دۆخەکە ببنەوە تا کار لەکار نەترازاوە و کەشتی دەیان ساڵەی خەبات و خوێن و رەنجی میللەتهکەمان بە هەموو سەرنشینەکانیەوە نغرۆ نەبووە".