سياسەت, archive

کۆسرەت رەسوڵ: یەکێتی بەجێ ناهێڵم

کۆسرەت رەسول عەلی رایگەیاند ئەو ئەندامێکی ئاسایی یەکێتییە و خۆی بە خاوەنی دەزانێ و هەرگیز بەجێی ناهێڵێ.

02.02.2014 - نوێکردنەوە : 02.02.2014
کۆسرەت رەسوڵ: یەکێتی بەجێ ناهێڵم

سلێمانی

کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی "بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ ئێستا ھەموومان ئەندامی ئاسایی و دڵسۆزی یەکێتی نیشتمانی کوردستانین و خۆم بە خاوەنی یەکێتی دەزانم و ھەرگیز جێتان ناھێڵم."

بەگوێرەی راگەیەنراوێک کە لە نووسینگەی رۆژنامەوانیی کۆسرەت رەسوڵ عەلی دەرچوە و وێنەیەکی بە ئانادۆڵو گەیشتووە، ئەمڕۆ کۆسرەت رەسوڵ لە پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی عادل موراد کردوە و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی رەوشی ئێستای یەکێتی و ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆی ئەو حزبە کرا.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا عادل موراد باسی لە قارەمانی و ئازایەتی کۆسرەت رەسوڵ عەلی کرد و رایگەیاند لە سەرجەم قۆناغە جیاجیاکاندا کۆسرەت رەسول رۆڵی قارەمانانەی ھەبووەو ھەمیشەش رۆڵی کاریزمایانەی لە چارەسەرکردنی کێشەو قەیرانەکانی یەکێتی ھەبووە، "ئەمڕۆ لە ھەموو کات زیاتر پێویستمان بە کاک کۆسرەتە."

لە بەرامبەردا کۆسرەت رەسول عەلی گوتی: بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ ئێستا ھەموومان ئەندامی ئاسایی و دڵسۆزی یەکێتی نیشتمانی کوردستانین و خۆم بە خاوەنی یەکێتی دەزانم و ھەرگیز جێتان ناھێڵم، لە ھەمووشتان زیاتر خەمخۆری یەکێتیم و تەنیا لە پێناو یەکێتی ھەموو قۆناغەکانی زیندان و ئاوارەبوون و پێشمەرگایەتیم دیوە.

کۆسرەت رەسوڵ گوتی "یەکێتی ناحەز و دوژمنی زۆرە، با ھەموومان ھەوڵەکانمان بۆ یەکبوون و بەرەوپێشبردنی یەکێتی بێ و ئامادەشم بە ھەموو شێوەیەک ھاوکار و پاڵپشتتان بم بۆ ئەنجامدانی کۆنگرە و رزگارکردنی یەکێتی لەم قەیرانەی ئێستا."

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەند راو سەرنجی خۆیان خستەڕوو، ھەمووشیان داوایان کرد یەکێتی لەم وەزعەی ئێستای رزگار بکرێ.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın