
Arbil
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی رادەگەیەنێت کە داعش رۆژانە هەوڵی گەیشتن بە بەغدا دەدات و دەڵێت، بە ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە پلانەکانیان پووچەڵدەکرێتەوە.
کازمی لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کە بە بەشداری ژمارەیک لە بەرپرسانی سیاسی، سەربازیی و هەواڵگریی عێراق بەرێوەچوو، لەبارەی دۆخی ئەمنی عێراقەوە دوا.
سەرەتا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند: "ئاسایش تەنها وشەیەک نییە لە مێدیا قسەی لەسەر بکەین، بەڵکو بەرپرسیارییەتییە، ژیانی خەڵک و ژیانی منداڵەکانمان موجامەلە نییە، هەر کەسێک لە ئاست بەرپرسیارییەتی پاراستنی هاووڵاتییان و ئاسایشیان نەبێت دەبێت لە پۆستەکەیدا نەمێنێت".
گوتیشی: "ئەوەی دوێنێ روویدا بۆشایی ئەمنیی بوو و رێگە بە دووبارەبوونەوەی نادەین، بەڵێنی ئاسایشمان بە گەلەکەمان داوە، ئەو دزەکردنە ئاماژەیە بۆ بوونی کێشەیەک، دەبێ پەلە بکەین لە چارەسەرکردنی".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "دامەزراوە ئەمنییەکانمان لە چەند مانگی رابردوودا توانای گەورەیان نیشانداوە و ئۆپەراسیۆنی گەورە دژبە تیرۆریستانی داعش ئەنجامدراوە و لە زۆرینەیاندا سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە، داعش رۆژانە هەوڵ دەدات بۆ گەیشتن بە بەغدا بەڵام بە ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە پلانەکانیان پووچەڵدەکرێتەوە، بەداخەوە دوێنێ گەیشتنە بەغدا و ئەو کردە خوێناوییەیان ئەنجامدا، رێگە بە دووبارەبوونەوەی دزەکردنیان نادەین".
کازمی جەختیشی لەوە کردەوە کە چەند ئاڵنگارییەک لە دەزگاکانی هەواڵگرییدا بوونی هەیە و دەبێ بەپەلە چارەسەریان بکرێن و گوتی "خودی خۆم سەرپەرشتی ئەو بابەتە دەکەم، دوخێکی نوێ بۆ کارکردن دەسەپێنین و رێکاری بەپەلە دەگرینەبەر".
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند: "عێراق یەک دەوڵەتە و پێویستە دامەزراوە ئەمنیی و سەربازییەکانی بەیەک رۆحییەت کار بکەن، بەجددی یەکخستنی هەوڵە هەواڵگرییەکان دەسەپێنین و شوێنی موجامەلەکردن لەسەر حیسابی عێراق و عێراقییەکان نابێتەوە".
مستەفا کازمی راشیگەیاند: "زنجیرەیەک گۆڕانکارییمان لە دامەزراوە ئەمنیی و سەربازییەکان ئەنجامدا، کاردەکەین بۆ دانانی پلانێکی ئەمنیی گشتگیر و تۆکمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی داهاتوو".
بەیانی ئەمڕۆ هەینی، ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، قاسم ئەعرەجی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، فالح فەیاز و بەرپرسانی هەواڵگری و سەربازیی عێراق بەشدار بوون.
لە هەواڵەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە وردەکاریی کۆبوونەوەکە و بڕیارەکانیان نەکراوە و چاوەڕوان دەکرێت، دوای کۆبوونەوەکە بڕیار و رێکاری نوێ بە مەبەستی زیاتر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری پایتەخت بگیرێتە بەر.
- تەقینەوەی بەغدا
دۆینێ پێنجشەممە ٢٢ی کانوومی دووهەم، لە ئەنجامی دوو تەقینەوەی خۆکووژی لە بەغدا، ٣٢ کەس کوژران و ١١٠ کەس بریندار بوون.
رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەم کردە تیرۆریستییە نیشان دا.
هەر دوا بە دوای تەقینەوەکە، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووە، کازمی فەرمانی گۆڕانکاریی گەورەی لە دامەزراوە ئەمنییەکان دەرکرد.
یەحیا رەسول رایگەیاند، کازمی بڕیاردراوە بە لەکارلابردنی بریکاری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری هەواڵگری فەریق روکن، عامر سەدام لە پۆستەکەی و راسپاردنی فەریق ئەحمەد ئەبو رەغیف بە بریکاری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری هەواڵگری.
هەروەها کازمی بڕیاریداوە بە لەکالابردنی بەڕێوبەری گشتیی هەواڵگریی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆ (شانەی هەڵوکان)، عەبدولکەریم عەبد فازڵ و راسپاردنی جێگری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی، حەمید شەتری بە ئەرکی فەرماندەیی شانەی هەڵۆکان و بەستنەوەی بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
هاوکات فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، فەریق قەیس محەمەداوی لە پۆستەی لابراوە و گواستراوەتەوە بۆ وەزارەتی بەرگریی و لیوا روکن، ئەحمەد سەلیم بۆ ئەو پۆستە راسپێردراوە. کازمی بڕیاریشدا بە لەکارلابردنی فەرماندەی پۆلیسی فیدڕالی فەریق روکن، جەعفەر بەتات لە پۆستەکەی و راسپاردنی فەریق روکن رائید شاکر جەودەت بە ئەرکی فەرماندەی پۆلیسی فیدڕالی و هەروەها لەکارلادانی بەڕێوەبەری بەشی هەواڵگریی و ئاسایش لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، لیوا باسم مەجید لە پۆستەکەی.