چل ساڵی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان.. لە تەلیتلەوە بۆ یاخسەمەر
یەكێتیی نیشتمانی كوردستان گەورەترین یادی 40 ساڵەی دامەزراندنی دەباتە گوندی یاخسەمەر لە دۆڵی جافایەتی لە پارێزگای سلێمانی، ئەو گوندە كە سەردەمانێك بارەگای سەركردایەتی یەكێتیی و سكرتێرەكەی جەلال تاڵەبانی لێ بووە.

هەولێر
لەتیف شێخ عومەر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو یادكردنەوەی دامەزراندنی یەكێتی لە یاخسەمەر بۆ ئەوەیە یەكێتی نیشانی بدات ئەمڕۆی بەشێكە لە خەباتێكی دوور و درێژ.
یەكێتی لە قاوەخانەیەكی دیمەشق دامەزرا، سەدام حوسێن چی لەبارەی یەكێتییەوە گوت؟
پاش ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی جەزائیر لە 6ی ئاداری 1975 لەنێوان جێگری سەرۆكی عێراق سەدام حوسێن و شای ئێران محەمەد رەزا پەهلەوی بەسەرپەرشتی سەرۆكی ئەوكاتەی جەزائیر هواری بومدین و دەست هەڵگرتنی شای ئێران لە پاڵپشتیكردنی كورد و شۆڕشەكەی بزاڤی رزگاریخوازی كوردی رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە كردەوە و سەركردایەتیی ئەو كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری كۆتایی هێنانی بە شۆڕشی دا كە بە" نسكۆ" ناساندیان.
دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كە پاش ناكۆكی لە نێو پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر چارەنووسی شۆڕش و خەباتی چەكداری هات سەرەتا هاوپەیمانێتییەكی پێنج لایەنە بوو، لە 22ی ئایاری 1975 یەكەم كۆبوونەوە بۆ دامەزراندنی بەڕێوەچوو، دووەم كۆبوونەوەش لە بەرلین لە 27ی ئایاری 1975 بوو، لە نێو ئەو هاوپەیمانێتییە سێ ئاراستەی جیا هەبوون، كۆمەڵەی رەنجدەران كە نەوشیروان مستەفا نوێنەرایەتی دەكرد، بزووتنەوەی سۆسیالیستی كە باڵە سەربازییەكە زاڵ بوون تێیدا، هەروەها هێڵی گشتیش كە جەلال تاڵەبانی سەرپەرشتیی دەكرد.
لە 25ی ئایاری 1975 چوار سەركردەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە ئەوانیش جەلال تاڵەبانی، فوئاد مەعسوم، عادل موراد، عەبدولرەِزاق میرزا فەیلی لە قاوەخانەی تەلیتلە لە دیمەشق كۆبوونەوە بۆ باسكردنی بارودۆخی شۆڕشی كورد لەدوای رێككەوتننامەی جەزائیرەوە، ئەم دانیشتنە سیاسییە سەرەتای جیابوونەوەی بەشێك لە سەركردەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو كە بڕیاری دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانییان دا، پاش پەیوەندییكردن بە هەریەك لە نەوشیروان موستەفا، كەمال فوئاد، عومەر شێخ موس كرد و ئەو حەوت كەسە بوون بە دامەزرێنەرانی یەكێتیی.
جیاوازیی ئەو كاتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بە پلەی یەكەم لەسەر خەباتی چەكداری لەدژی رژێمی ئەو كاتی عێراق بوو، یەكەمیان لە سێ بژاردەكەی شای ئێران بۆ كورد دانانی چەك و كۆتایی هێنان بە شۆڕشی دا، هەرچی سەركردەكانی یەكێتییە بەردەوامییان هەڵبژارد و لە 1976 شۆڕشییان لە دژی بەعس بەناوی شۆڕشی نوێ وە راگەیاند.
لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا لە ساڵی 2011 كە بە بەشێك لە یاداشتەكانی دادەنرێت جەلال تاڵەبانی دەڵێت سەدام حوسێن گاڵتەی بە دامەزراندنەی یەكێتی كردبوو و گوتبووی "ئەگەر دارخورما لەسەر سەری جەلال تاڵەبانی بڕوێت ناتوانێت شەش چەكدار بباتە شاخ".
یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە 28ی یەكی 1992 یەكەم كۆنگرەی خۆی لە سلێمانی بەست، هەردوو باڵی كۆمەڵە و یەكێتیی شۆڕشگێڕان خۆیان هەڵوەشاندەوە، لە ساڵی 2001 كۆنگرەی دووەمی خۆی لە سلێمانی بەست، لە یەكی حوزەیرانی 2010ش كۆنگرەی سێهەمی لە سلێمانی بەست.
یەكێتیی كە وەكو حزبێكی سۆسیال دیموكرات خۆی پێناس دەكات ئەندامی رێكخراوی سۆسیال دیموكراتی جیهانییە، بە درێژایی مێژووی یەكێتی چەند جارێك سەركردەكانی لێی جیابوونەتەوە، بەڵام دیارترین جیابوونەوە و قورسترینییان بەپێی قسەكانی خودی یەكێتی ئەوەی جێگری ئەو كاتی سكرتێری گشتی نەوشیروان مستەفا بوو لە ساڵی 2006 كە بنكەیەكی جەماوەری یەكێتیی لەگەڵ خۆیدا برد و بزووتنەوەی گۆڕانی دروست كرد، ئەو جیابوونەوەیە كاریگەریی گەورەی لەسەر یەكێتی دانا.
تاڵەبانی لە كەلكانەوە بۆ سكرتێری یەكێتی و كۆشكی كۆماری
جەلال حوسامەدین نور اللە نوری تاڵەبانی لە گوندی كەڵكانی بناری چیای كۆسرەت لە نزیك كۆیە لە 12ی تشرینی دووەمی ساڵی 1933 لە بنەماڵەیەكی دینداری شێخانی تەریقەتی قادری لەدایكبووە، لە ساڵی 1947 پەیوەندیی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كردووە و لە 1951 و لە تەمەنی 18 ساڵیدا بە ئەندامی لێژنەی ناوەندیی پارتی هەڵبژێردراوە.
لە ساڵی 1953 چووەتە كۆلێژی ماف هەرچەندە هەوڵی دابوو بچێتە كۆلێژی پزیشكی، بەڵام بەهۆی چالاكییە سیاسییەكانییەوە رێگری لێكرا، لە 1957 زانكۆی تەواو كرد.
لە ساڵی 1975 لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیان دامەزراند، تاڵەبانی نزیكەی 30 ساڵ ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە و ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەش بووە، بەڵام بەهۆی راگرتنی شۆڕشەوە وازی لە پارتی هێنا، تاڵەبانی لەبارەی خۆیەوە دەڵێت سەدام بە پیاوێكی زۆر مەترسیداری دانابووم، لەو لێخۆشبوونە گشتییەشی دەریكرد تەنیا منی نەگرتبوویەوە، چەندین جاریش دەزگا هەواڵگرییەكانی ویستیان بمكوژن.
ئەو دەڵێت "جارێك كوردێك پارەی وەرگرتبوو بۆ كوشتنم، چوو بوو بە فێڵ ئۆتۆمبێلێكی تەقاندەوە لە هی من دەچوو، دوای رۆژنامەكانی عێراق بڵاویان كردەوە من كوژراوم، رۆیتەرزیش پەیوەیندییان كرد و گوتیان دەمانەوێ وردەكاری مردنی تاڵەبانی وەربگرین منیش وتم فەرموون وەرەن دەتاندەمێ من نەمردووم و دەژییم، ئیدی پێیان سەیر بوو".
لە ساڵی 1991 رۆڵی بەرچاوی بینی لە هەڵگیرساندنی راپەڕینی گەلی كوردستان لە دژی رژێمی بەعس، لە ساڵی 2003 لە پاش داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكییەكانەوە بوو بە ئەندامی ئەنجوومەنی حوكم، لە 6ی نیسانی 2005 وەكو یەكەمین كورد و شەشەم سەركۆمار و حەوتەم حاكمی عێراق هەڵبژێدرا و دواتر بۆ جاری دووەمیش كرایەوە بە سەركۆمار تا 24ی تەمووزی 2014.
مام ئەو نازناوەیە كە جەلال تاڵەبانیی پێدەناسرێتەوە، ئەو بە یەكێك لە سیاسەتمەدارە ژیر و شارەزاكانی كورد و عێراق و نێودەوڵەتیش دەناسرێت، لەسەر ئاستی عێراق بەو سیاسەتمەدارە لەوانی تر جیا دەكرێتەوە كە دەتوانێت هەمووان كۆ بكاتەوە و لەگەڵ دژ و ناكۆكەكانیشیدا كۆك بێت، لە 1977ەوە سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە، لە ساڵی 1970 هاوسەرگیریی لەگەڵ هێرۆ كچی شاعیر و سیاسەتمەداری كورد ئیبراهیم ئەحمەددا كردووە و دوو كوڕی بەناوی قوباد"جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان" و پاڤێڵ كە فەرماندەیەكی سەربازییە.
لە 17ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2012 جەلال تاڵەبانی تووشی جەڵتەی مێشك بوو و لە 20ی ئەو مانگە گوازرایەوە بۆ بەرلین و لەوێ مایەوە، رۆژی 19ی ئابی ساڵی 2014 گەیشتەوە سلێمانی پاش 18 مانگ لە مانەوە لە بەرلین كە لەو ماوەیەكە سێ جار تێیدا دەركەوت لەرێگەی فۆتۆ و ڤیدیۆوە ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەگەڕاوەتەوە بۆ نێو سیاسەت.
دیار نەمانی تاڵەبانی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان بەلای شارەزایانەوە گورزێكی گوچكبڕ بوو و بە دوای خۆیدا دەیان كێشە لە نێو حزبەكەیەوە تا هەرێم و عێراقیش دروست بوو و ناكۆكییەكان هەڵكشان.
تاڵەبانی هەمیشە بە بۆینباخە سوورەكەی و تەسبیحەكەی دەستی دەناسرایەوە، ئەو ئێستا كەمتر ئەو دووەی پێوە دیارە، لەبارەی تەسبیحەكەیەوە دەڵێت "جارێكیان سەدام حوسێن تەسبیحێكی بەدیاری بۆم ناردبوو گوتبووی بیدەن بە تاڵەبانی، چونكە لە شاخ ئیشی نییە با تەسبیحات بكات، بەڵام كە لە دوای 2003 سەدام لەلایەن ئەمریكییەكانەوە دەستگیركرا تەسبیحێكم پێ دا و گوتم لە زینداندا بێ ئیشی پێویستت پێ دەبێت".
بۆچی یەكێتی یادەكەی دەباتەوە گوندی یاخسەمەر؟
1ی حوزەیرانی ئەمساڵ 40 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان تێدەپەڕێت، یەكێتی بڕیاریداوە یادكردنەوە گەورەكەی لە گوندێكی دۆڵی جافایەتی لە ناحییەی سورداشی نزیك لە سلێمانی بێت.
یاخسەمەر ئەو گوندەی ئەمساڵ یادی دامەزراندنی یەكێتی تێدا دەكرێتەوە یەكێكە لە گوندەكانی دۆڵی جافایەتی سەر بە ناحییەی سورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەم ناوچەیە و بەتایبەت ئەو گوندە لە كۆتایی هەشتاكاندا شوێنی بارەگاكانی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و مانەوەی خودی جەلال تاڵەبانی لێ بووە، پاش ئەوەی هێزێكی گەورەی سوپای بەعس هێرشێكی گەورەی بۆ ناوچەی جافایەتی لە سەرەتاكانی ساڵی 1988 دەست پێكرد لە دژی بارەگاكانی یەكێتی دواتر بەهۆی كاولكردنی چەندین گوند هێزی پێشمەرگە لەو ناوچەیە پاشەكشەی كرد، لە ئێوارەی 23ی شوباتی 1988 سوپای بەعس گوندەكانی هەڵەدن و یاخسەمەر و چاڵاویان لە سنووری پارێزگای سلێمانی كیمیاباران كرد.
بەرپرسی مەڵبەندی یەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەتیف شێخ عومەر لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دیاریكردنی ئەو گوندە بۆ یادكردنەوەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی ئاماژەی خۆی تێدایە، ئەو گوندە سەردەمانێك بوو بارەگای سەركردایەتی یەكێتی و مانەوەی خودی مام جەلالیشی لێ بووە، دەلالەتە گشتییەكە ئەوەیە یەكێتی نیشانی ئەوە دەدات كە ئەمڕۆی بەشێكە لە خەباتێكی دوور و درێژ و داستانەكانی دوێنێ درێژكراوەی ئەو داستانانەی ئەمڕۆیە كە لە دژی تاریكستانی داعش بەڕێوەی دەبات".
گوتیشی: "چل ساڵی یەكێتی چل ساڵی خەبات و تێكۆشانە، بۆ یەكەم جارە شۆڕشێك لە كوردستانی عێراق بە ئەنجام بگات و دەستكەوتی باشی هەبێت".
هەرچۆنێك بێت یەكێتیی نیشتمانی كوردستان ئێستا حزبێكی گەورەیە لەسەر ئاستی كوردستان 18 لەسەدی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی هەیە و بە جێگری سەرۆكی هەرێم و پێنج وەزیر لە كابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارە.