مونا قەهوەچی: "بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی نووسینەوەی دەستوور لایەنە سیاسییەکان بڕیاردەدەن"
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، مونا قەهوەچی: "ئەگەر نییەت هەبێت، دەتوانین لەم خولەی پەرلەمان دەستوورێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستانمان هەبێت بۆئەوەی هەموو ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانەی هەمانە دەربازی بکەین".

Arbil
هەولێر - AA هاوکار یاسین
تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کەمتر لە ساڵێکی ماوە، بەڵام هێشتا لەم خولەشدا، نەتوانراوە پرسی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان یەکلا بکرێتەوە.
هەرچەندە لە دەستپێکی کارەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، کارەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بە هەنگاونان بەرەو نزیککردنەوەی بۆچوونی هێز و لایەنە سیاسییەکان دەستی پێ کرد پەیوەست بە نووسینەوەی رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی جیاوازی زۆری بیرکردنەوەی لایەنەکان نەیتوانیوە ئەو ئامانجەی بپێکێت.
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، مونا قەهوەچی لە دیمانەیەکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو دواهەمین هەوڵەکانی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بەو پرسە خستەڕوو، هەروەها دەربارەی پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و یاسای هەڵبژاردنەکانیش وەڵامی ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە.
مونا قەهوەچی دەربارەی دواهەمین هەنگاوەکانیان پەیوەست بە دەستوور، رایگەیاند "ئێمە لە سێی ١١ کۆبوونەوەیەکمان کرد داوامان کرد راوبۆچوونی حزب و لایەنە سیاسییەکان لەڕێگای فراکسیۆنەکانەوە بهێننە پەرلەمان و لە دوا کۆبوونەوەشمان بۆچوونی هەموو لایەنەکان هێنرایە لای دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ناتوانین بڵێین هەموو بۆچوونەکان کۆدەنگی تەواوی لەسەرە، بۆیە پێویستمان بە کات هەیە تاوەکو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی دیکە رێکبخات تاوەکو بتوانین راوبۆچوونەکان زیاتر لەیەک نزیک بکرێتەوە، چونکە پرسی دەستوور پرسێکی نیشتمانییە پرسێک نییە تەنیا پەیوەستبێت بەو حزبانەی لە پەرلەمان کورسییان هەیە، پەیوەستە بە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان ئەوانەی کە کورسیشیان نییە، بۆیە پێویست وابوو کە دەرفەت بۆ هەموو لایەک برەخسێت تاوەکو کۆدەنگی تەواو برەخسێت".
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، مونا قەهوەچی گوتی: "لە پێشتردا لە سەرووی ٧٢ ماددە نووسراوە، ئێستا قسە لەسەر ئەوەیە ئایا هەمان ئەو ماددانە بەردەوام بێت یان جیاوازبن یان بکرێن بە بنەمای سەرەکی یاخود سەرلەنوێ دەستووری هەرێمی کوردستان بنووسرێتەوە، بۆیە ئێمە وەک پەرلەمان ناتوانین وەڵامدەرەوەی ئەو بابەتە بین و بەناوی لایەنە سیاسییەکان بڵێین هەمان رێچکەی رابردوو بەردەوام بێت، دەبێت چاوەڕێ بکەین لایەنەکان راوبۆچوونی تەواوی خۆیان بهێننە پەرلەمان، دوای راوێژ و ئەو بۆچوونانەی لە کۆبوونەوەی سەرۆک فراکسیۆنەکان پێی گەیشتین، ئەم بابەتە پێویستی بە کۆدەنگی هەیە و ئێمەش دەرفەتمان پێداون کە ئەو کۆدەنگییە دروست بکەن، ئەوکات ئێمەش وەک دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام دەدەین و بڕیاردەدەین جارێکی دیکە لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆبوونەوەیەکی دیکە رێکبخەین بۆئەوەی بەتەواوی کۆدەنگی هەبێت لەسەر ئەو پرسانە".
مونا قەهوەچی دەربارەی ئەوەی لەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەرفەتی ئەوە ماوە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستوور رایگەیاند "ئەگەر نییەت هەبێت دەتوانین دەستوورێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستانمان هەبێت بۆئەوەی هەموو ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانەی هەمانە دەربازی بکەین، دەشبینە خاوەنی یاسایەکی زۆر سەرەکی کە دەستوورە و مافی هەموو هاووڵاتییان دەپارێزرێت".
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان دەربارەی ئەوەی ئەو نییەتە لای هێزە سیاسییەکان هەیە گوتی: "ئەوەندەی من دەیزانم بۆ هەبوونی دەستوور پێویستمان بە کۆدەنگی سیاسیی هەیە لە دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان، بۆئەمەش سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان درێغی نەکردووە لە کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان، ئێمەش لەسەرەتای دەستبەکاربوونمان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەکانمان کرد لە سەرۆک حزبەکانەوە دەستمان پێ کرد و ئەوان ئەو کات ئامادەییان دەربڕی پاڵپشتی پەرلەمانی کوردستان بکەن بۆئەوەی لەم خولە ببین بە خاوەنی دەستوور، بەڵام لە پانێڵەکەی زانکۆی کوردستان بەداخەوە گوێبیستی بەشێک لە وتارەکان بووین کە لەلایەن بەشێک لە سەرۆک حزبەکان پێشکەش کرا نیگەرانن لە بوونی دەستوور لەم کات و ساتەدا کە پێچەوانەی ئەو پشتگیرییەیە کە سەرەتا پێیان داین، لەبەر ئەمەیە دەڵێین؛ پێویستمان بەکاتی زیاترە".
مونا قەهوەچی لە وەڵامی ئەوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و کێبڕکێی هێزە سیاسییەکان کاریگەری لەسەر دەرئەنجامی هەوڵەکانیان هەبووە، گوتی: "ناتوانین بڵێین کاریگەری نەبوو کاریگەرییەکی ئێجگار زۆریشی هەبوو، بەڵام ئەوە نابێت ببێتە بەربەست لەبەردەم پرسێکی نیشتمانیی وەک دەستوور، چونکە دەستوور لە هەڵبژاردن و سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەشەوە گەورەترە، چونکە پارێزەری مافی سەرجەم هاووڵاتییانە".
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، مونا قەهوەچی دەربارەی ئەوەش لەم پرسەدا کێ بڕیار بەدەستە، حزبەکان یان پەرلەمان، رایگەیاند "بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی نووسینەوەی دەستوور لایەنە سیاسییەکان بڕیاردەدەن کە چۆن میکانیزمێک دابنرێت بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان، بەڵام پەرلەمانی کوردستان بڕیاردەدات لیژنەکە پەسەند بکرێت بۆئەوەی دەستبەکاربکەن تاوەکو تەواوکردنی کارەکانیان و گەیاندنی بە قۆناغی راپرسی و ریفراندۆم لەسەر".
پرسێکی دیکەی گەرم لە پەرلەمانی کوردستان، بابەتی هەموارکردنی یاسای کۆمیسیۆنی سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردسیانە، دەربارەی ئەم پرسەش سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، مونا قەهوەچی رایگەیاند "پەیوەست بە کۆمیسیۆن ئێمە وەک پێکهاتەکان پێمان باشە یاساکەی هەموار بکرێتەوە تاوەکو پێکهاتەکانیش کورسییان هەبێت لە کۆمیسیۆندا، چونکە بەو یاسایەی ئێستا بەرامبەربە پێکهاتەکان ناهەقییەکی زۆر کراوە، بۆیە داوا دەکەین یاساکە هەمواربکرێتەوە و ژمارەی ئەندامانی کۆمسیاران زیاد بکرێت".
هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، خواستێکی گەورەی بەشێک لە فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستانە و هەندێک لە حزبەکان پرۆژەشیان بۆ ئەو پرسە ئامادەکردووە.
پەیوەست بەو یاسایە و وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، مونا قەهوەچی گوتی: "سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر بمانەوێت لەکات و ساتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، دەبێت کار بەو یاسایەی ئێستا بکرێت کە هیچ کەموکوڕییەکی نییە، ئەوکات دەتوانین لە کاتی خۆی هەڵبژاردن بکەین، بەڵام ئەگەر بمانەوێت یاساکە هەموواربکرێتەوە پێویستمان بە کاتێکی زۆر هەیە، ئەمەش لەوانەیە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لێبکەوێتەوە و نەتوانین لە وادەی خۆیدا هەڵبژاردن بکەین، ئێمە وەک پێکهاتەکان بەپێویستی دەزانین هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و دوانەخرێت و ئەو یاسایەی کە ئێستا هەیە بۆ هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانیش یاسایەکی رەوایە، چونکە یاسایەکە نیمچە کراوەیە و بنەما دیموکراتییەکانی لەخۆی گرتووە".
مونا قەهوەچی گوتیشی: "هیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە نەداوە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام نەدرێت، بەڵام بە هەموارکردنی یاساکە بێگومان پێویستمان بەکات دەبێت، ئێمەش کەمتر لە ساڵێک ماوەمان ماوە و تاوەکو یەکی ئەیلوولی داهاتوو دەتوانین یاسا دەربکەین".
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، مونا قەهوەچی دەربارەی ئەوەی خواستی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی کوردستان چۆنە و زۆرینە لەگەڵ چیدان، رایگەیاند "ئێستا خواستی ئەوە هەیە لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، لەهەمان کاتدا خواستێکی زۆریش هەیە یاساکە هەموار بکەین، هەموارکردنی یاساکەش خۆی بۆخۆی لاوازکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە وادەی خۆیدا، چونکە بە ئاسانی کۆدەنگی دروست نابێت لەسەر هەمووارکردنی یاساکە، بۆ نموونە پەیوەست بە پێکهاتەکان هەندێت پێشنیاز کە فراکسیۆنەکان پێشکەشیان کردووە لەگەڵ راوبۆچوونی پێکهاتەکان ناگونجێت".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن