مهسرور بارزانی: "بههۆی بێ پلانییهوه٨٠%ی داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەخۆران تەرخانکراوە
- سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، مهسرور بارزانی گوتارێكی دەربارەی پلانەکانی حکومەت بۆ رووبەرووبوونەوەی قەیرانی دارایی بڵاوكردهوه.

Arbil
سلێمانی - AA
https://vimeo.com/govdotkrd لینکی تایبەت بە گوتاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، مهسرور بارزانی گوتارێكی دەربارەی پلانەکانی حکومەت بۆ رووبەرووبوونەوەی قەیرانی دارایی بڵاوكردهوه.
لهگوتارهكهیهدا كه سهر لهئێوارهی ئهمڕۆ له ماڵپهڕی حكوومهتی ههرێمی كوردستان لهرێگهی ڤیدیۆوه بڵاوكراوهتهوه، سهرهتا مهسرور بارزانی بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە، پیرۆزبایی له دانیشتوانی ههرێمی كوردستان دهكات و دهڵێت: "هیودارام کاتێکی خۆش لە رۆژانی جەژندا بە سەر ببەن، داواشتان لێدەکەم بۆ پاراستنی خۆتان و کەسوکار و کۆمەڵگەکەتان، رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان لەبەرچاو بگرن".
دواتر سهرۆكی حكوومهت تیشكی خستهسهر ئهوهی كه هەرێمی کوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان بە هۆی لێکەوتە ئابوورییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، رووبەڕووی دۆخێکی سەختی ئابووری بوونەتەوە، و راشیگهیاند: "ئەم دۆخە نەخوازراوە لە دەرەوەی ویست و خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەم قەیرانەش ئێمە هەموو هەوڵێکمان داوە و بەردەوامیشین لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی بارگرانیی لە سەر هاووڵاتییان کەم بکەینەوە.
جهختی لهوهشكردووهتهوه، ئهوان هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمهوه، هەموو هەوڵێکیان خستووهته گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە گەڵ بەغدا، و لە هەمانکاتیشدا کاریان لە سەر ئەوە کردووه، ئابووری هەرێمی کوردستان لە هەڕەشە و مەترسییەکانی پشتبەستن بە تاکە سەرچاوەیەکی داهات رزگاربکەن.
مهسرور بارزانی رایگهیاند: "بەشێکی زۆری ئەم دۆخە سەختە ئابوورییەش، ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی تەنیا پشت بەستن بە داهاتی ناجێگیری نەوتە".
لە بارەی پەیوەندییهكان لەگەڵ بەغداش، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند: "ئێمە بە جدیەتەوە هەنگاومان نا. هەر لە دوای دەستبەکاربوونمان لە مانگی تەممووزی ساڵی رابردوو، یەکەمین سەردانمان بۆ بەغدا بوو، هەموو ئامادەییەکیشمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور دەربڕی و چەندین پێشنیازیشمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە نەوت پێشکەشکرد، بەڵام بەداخەوە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، دۆخی بەغدا شڵەژا و سەرەنجام حکوومەتی عێراق لە ژێر فشاری ناڕەزاییەتییەکانی خەڵک، دەستی لە کارکێشایەوە و ئیدی خۆی بە بەرپرسیار نەزانی بەرامبەر چارەسەرکردنی ئەو کێشە و ماف و شایستە دەستوورییانەی هەرێمی کوردستان، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە جێبەجێی ناکەن. ئێستاش کە حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی بەڕێز مستەفا کازمی دەستبەکاربووە، دووبارە ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان دەردەبڕین، بە جۆرێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی فیدراڵی دانپێدانراو لە دەستووری عێراقدا، دابین بکرێت. لە دوا هەوڵەکانیشماندا لەم ماوەیەدا، سێ جار شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدای کردووە و لەم دانوستانانەش بەردەوام دەبین، تا بە ئەنجامێکی دادپەروەرانە و دەستوورییانە دەگەین".
ههروهها گوتی: "ئەم قەیرانەی ئێستا، سوورترمان دەکات لە سەر درێژەدان بە ستراتیجی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و لە هەمانکاتدا زیاتر هانمان دەدات بۆ بەردەوامبوون لە سەر درێژەدان بە پرۆسەی چاکسازی و چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێماسیانەی لە رابردوودا لە بواری کارگێڕی و داراییدا هەبووە. بەڵام هاووڵاتیانی خۆشەویستمان دەزانن ڕاستکردنەوەی ئەم هەموو چەوتییە و دامەزراندنی بنەمای ئابوورییەکی سەقامگیرتر، کاتی زیاتر و هاوکاریی هەموولایەکی پێویستە".
باسی لهوهشكرد كه لە چەند رۆژی رابردوودا، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووه و پلانی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی داراییان پەسەند کردووه،هەروەها چەندین بڕیاری گرنگیان لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی دەرکردووه، راشیگهیاند:
"ئێمە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان، جەختمان لە سەر گرنگیی ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازیی کردووەتەوە، کە بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمە. ئێمە سوورین لە سەر بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی چاکسازیی و رێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی. بێگومان لە جێبەجێکردنی چاکسازیدا، بەرژەوەندیی خەڵکانێک کە سەرپێچی و گەندەڵیان کردووە دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە هەوڵی پەکخستنی دەدەن و ئاستەنگی بۆ دروست دەکەن. بەڵام چاکسازی داواکاریی زۆرینەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە و منیش لە بەرەی هاووڵاتییان دەمێنمەوە و بە پاڵپشتی هاووڵاتییانی خۆشەویست لە چاکسازیی بەردەوام دەبین و هەرگیز لێی پاشگەز نابینەوە".
مهسرور بارزانی گوتیشی: "دەبێ چاکسازیش گشتگیر و سەرتاسەری بێت و هەمووان بگرێتەوە و نابێ هیچ کەس و لایەنێک لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و شەخسی رێگری لە پرۆسەی چاکسازی بکات".
داوای لە هەموو لایەنەکانیش كرد بە گیانی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، هاوکاریان بن و یەکڕیزی ناوخۆیی بپارێزن و یارمەتیدەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بن لە رێکخستنەوەی سیستەمی ئابووری و کارگێڕیی و چاککردن و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان.
سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان به تایبهتی داوای لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد، كه "بەرژەوەندیی تەسکی شەخسی و ململانێی حیزبایەتی بەلاوە بنێن و هاوهەڵوێست بن لە داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. دۆخی سەختی دارایی هەرێم بەرئەنجامی چەندین هۆکاری سیاسی و مێژووییە. ئەمە جیا لە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە لایەن حکوومەتی عێراق و قەیرانی دارایی جیهانی، بەڵام ئەم دۆخە سەختە نابێ بکرێتە کەرەستەی ململانێی سیاسی و یەکترشکاندن و پەرتەوازەکردن و دابڕاندنی ناوچەکانی هەرێم لە یەکتر لە ژێر ناوی جۆراوجۆر".
لهبارهی لامهركهزییشهوه مهسرور بارزانی رایگهیاند: "لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمدا، بە راشکاوی ئاماژە بەوە دراوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی پارێزگاکان، کە گونجاو بێت لە گەل سیستەمی یاسایی و کارگێڕی هەرێمی کوردستان. هەروەها ئەرک و بەرپرسیاریەتی بە پێی یاسا و لە ژێر چاودێری سەرۆکایەتی حکوومەت، دابەش دەکرێت، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە ئەنجامدانی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی ئیداری و سەرهەڵدانی فرەچەشنی دەسەڵات لە دەرەوەی دامودەزگاکانی هەرێم. بۆیە ئێمە لە گەڵ لامەرکەزیەتی کارگێڕین، بەمەرجێک لە چوارچێوەی پاراستنی قەوارەی هەرێمدا بێت".
راشیگهیاند: "ئێمە هەموو تواناکانمان چڕکردووەتەوە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتییان و مووچەی فەرمانبەران، لە نۆ مانگی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمیشدا، هەشت مانگ مووچە دراوە و تەنیا مووچەی مانگێک دواکەوتووە. چەندین بڕیاریشمان دەرکردووە بۆ سووککردنی باروگوزەرانی خەڵکی کەمدەرامەت و ئەوانەی بە هۆی رێکارەکانی خۆپارێزی زیانمەند بوون. بەڵام بێگومان دەبێت خۆمان لە گەڵ هەر دۆخێکی نەخوازراودا، کە دێتە پێش بگونجێنین. بەپێی داهات و توانا داراییەکانی هەرێم پلانمان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە داناوە و بودجە و خەرجیی دامودەزگاکانی هەرێم و مووچەخۆران رێکدەخەینەوە و رەچاوی یاسای چاکسازی پەیوەست بەم بوارە دەکەین".
سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ئاماژهی بهوهشكرد كه لە گوتاری دەستبەکاربوونی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەداوه، حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین ملیار دۆلار قەرزارە کە بڕی ٢٧ ملیار دۆلارە و رایگهیاند: "بەشێکی زۆری ئەو قەرزانەش لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵە، بە هۆی نەناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتەکانی پێشووی عێراق، هەربۆیەشە بەداخەوە حکوومەتی هەرێم خاوەنی هیچ یەدەگ و پاشەکەوتێکی دارایی نییە، کەواتە ئێمە تەنیا پشت بەو سەرچاوە داراییانە دەبەستین کە مانگانە دێتە بەردەستمان، ئەمەش وادەکات لە هەر قەیرانێکی دارایی رووبەڕووی کێشە ببینەوە. ئەم راستییەش زۆربەی خەڵکی شارەزا لێی ئاگادارن و شتێکی شاراوە نییە، کەچی بەداخەوە زۆرجار ئەو راستییانە و هەموو پرسە سیاسی و نیشتمانییەکان پشتگوێ دەخرێن و تەنیا باسی مووچە دەکرێت، لە کاتێکدا هەمووشمان دەزانین سەرچاوەکانی مووچە چین".
لهبارهی داهاتهكانی نهوتیش مهسرور بارزانی رایگهیاند: "کاتێک داهاتی مانگانەی فرۆشتنی نەوت ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بوو، لەم بڕە داهاتە زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوت و گواستنەوەی و دانەوەی قەرزەکان خەرجکراوە و ئەوەی بۆ خەزێنەی حکوومەت گەڕاوەتەوە، تەنیا ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بووە. هەروەها تەنیا ٣٨٣ ملیۆن دۆلاریش وەک بەشە بودجەیەک لە بەغدا دەهات، بەڵام ئەو پارەیە بەشی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی نەدەکرد و ناچار رێژەیەکی بەرچاوی داهاتی ناوخۆش وەک تەواوکەری پێوستیی مووچە خەرج کراوە. وێڕای ئەمەش خەرجیی پێویست بۆ بەڕێوەبردن و خزمەتگوزارییەکان لە داهاتی ناوخۆ دابین کراوە و ئینجا مانگانە ٦٠ ملیۆن دۆلار کورتهێنان هەبووە. ئێستاش نرخی نەوت زۆر دابەزیوە، بۆ نموونە لە مانگی رابردوودا کۆی داهاتی فرۆشتنی نەوت کە بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاوەتەوە، تەنیا ٣٠ ملیۆن دۆلار بووە، داهاتی ناوخۆش نزیکەی ٦٠ ملیۆن دۆلار بووە و ئەو بەشە بودجەیەی لە بەغداش دێت دواکەوت".
جهختی لهوهشكردهوه، كه ئەم دۆخە سەختە داراییە، نەک هەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو هەموو جیهانی گرتووەتەوە و تەنانەت هەندێ وڵاتیشی تووشی داڕمانی دارایی کردووە.
سهبارهت به خهرجكردنی داهاتی ههرێمیش، سهرۆكی حكوومهت رایگهیاند: "لە خەرجکردنی داهاتی هەرێمی کوردستاندا، نادادپەروەرییەکی زۆر و بێ پلانی هەبووە ٨٠%ی داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەخۆران تەرخانکراوە، مووچەخۆرانیش ٢٠%ی دانیشتووانی هەرێمن. ئەم رێژەیەی مووچەخۆران بە پێی ستانداردە باوەکان چەندین بەرابەری پێداویستییەکانی هەرێمە. لە باشترین بارودۆخی داراییدا، لە بودجەی هەرێم ١٥%ی بۆ خەرجییەکانی بەڕێوەبردن و خزمەتگوزاری تەرخان کراوە و تەنیا کەمتر لە ٥% بودجە بۆ پەرەپێدانی وڵات دەمێنێتەوە".
گوتیشی: "لەم دابەشکارییە ناتەواوەی بودجەی هەرێمدا، هیچ لێکدانەوەیەک بۆ ئایندە و نەوەکانی داهاتوو نەکراوە. بێگومان ئەم وڵاتە تەنیا بە مووچەدان پێشناکەوێت، بەڵکو پێویستیمان بە ژێرخانێکی پتەوتر هەیە. ناکرێ هاووڵاتی مووچەی هەبێت، بەڵام ئاو و کارەبای نەبێت، قوتابخانەی باشی نەبێت، نەخۆشخانەی نەبێت، ڕێگەوبانێکی باشتری نەبێت، بە گشتی کێشەی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی هەبێت".
سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان جهختی لهوهكردهوه كه، حوکمڕانی تەنیا دابەشکردنی مووچە نییە و رایگهیاند: "بۆیە دەبێت هەموومان پێکەوە بە هاووڵاتی و حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانەوە، بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدەین، بە جۆرێک گەر لە دۆخێکی باشی ئابووریشدا بین، نابێت هەموو توانا داراییەکانمان بۆ مووچە تەرخان بکرێت، پێویستە بەشێکی بەرچاوی بودجە بۆ پێشخستنی خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی ئابوورییمان بێت".
ههروهها گوتی: "هیچ حکوومەتێک ناتوانێت تەواوی هاووڵاتیانی لە سیستەمی ئیداریدا دابمەزرێنێت و مووچەیان بۆ دابین بکات، بەڵکو تەنیا بە پێشخستنی ژێرخانی ئابووریمان و پەرەپێدان بە وەبەرهێنان، دەرفەتی کاری زیاتر دەرەخسێندرێن، کەواتە دەبێت داهات و سەرمایەی وڵات لەم ئاراستە راست و ڕەوایەدا خەرج بکرێت. دەبێت هەموومان پێکەوە پلانمان بۆ دەرچوون لەم سیستەمە داراییەی ئێستا هەبێت. ئەمە بڕیارێکی ئاسان نییە، بەڵام بۆ هەرێم بڕیارێکی چارەنووسسازە لە نێوان دوو ڕێگەی پێشکەوتن و پاشکەوتندا. ئەم بابەتە بۆ هەنگاونان بەرەو داهاتوویەکی گەشتر بۆ هەرێم زۆر گرنگە و نابێت ببێت بە کەرەستەی ململانێ و موزایەدەی سیاسی".
مهسرور بارزانی تیشكی خستهسهر ئهوهی، ئەم دۆخە سەختەی ئێستا کە بە پێی پێشبینی شارەزایان رەنگە تا ماوەیەکی دیکەش بەردەوام بێت، لە هەموومان دەخوازێت هاوکار و یارمەتیدەر بین بۆ تێپەڕاندنی و سووککردنی دۆخی ژیانی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت و رایگهیاند: "لێرەدا دڵنیاتان دەکەمەوە، حکوومەت هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەم قەیرانە، پلانی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و دەرمانی دانا، هەر بەپێی ئەو پلانە لە کۆگاکانی حکوومی و کەرتی تایبەت، لانیکەم تا کۆتایی ئەمساڵ پێداویستی خۆراک و دەرمان دابین کراوە و کێشەی خۆراک و دەرمان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا دروست نابێت. ئەمە جیا لەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە تایبەت لە بواری خۆراک و دەرمان بەردەوامە. هەر لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا حکوومەتی هەرێم جیا لە بەشە خۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان، لە ماوەیەکی نزیکدا، دەست دەکات بە دابەشکردنی خۆراک بە سەر خانەوادە کەمدەرامەتەکان".
ههروهها گوتی: "ئێمە لە هەرێمدا زوو دەستمان بە رێکارەکانی خۆپارێزی کرد، چونکە خۆپارێزی باشترین چارەسەرە. سوپاسی پێگیری و پابەندبوونتان دەکەین، بەڵام لەم رۆژانەدا هەست دەکرێت پابەندبوونەکان سستیی تێکەوتووە، ئێمە لە سەختیی بار و گوزەرانتان تێدەگەین، بەڵام دەبێت بزانین لە هەموو جیهاندا مەترسیی ئەم پەتایە بەردەوامە، دەبێت رێکارەکانی خۆپارێزی لە ئاستی تاکدا، وەک بەکارهێنانی دەمامک و شوشتنی دەست و خۆ دوورگرتن لە قەرەباڵخی بەردەوام بێت. هەر کەسێک پابەند نەبێت، بەرپرسیار دەبێت لە دروستکردنی مەترسی لەسەر خۆی و کەسوکاری و هەموو هاووڵاتییان".
ئاشكراشیكرد بە شایەتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و خەڵکێکی زۆر، ئەزموونی حکوومەتی هەرێم لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزیی و رێنماییە تەندروستییەکان زۆر سەرکەوتوو بووه، و رایگهیاند: "بەڵام بەداخەوە خەڵکانێک هەوڵ دەدەن ئەو هەوڵانە کەمبایەخ و ناشرین بکەن. سەڕەڕای هەموو ئەو قەیران و فشارانەی رووبەڕووی حکوومەتی هەرێم بوونەوە، بەڵام لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا، نموونەیەکی زۆر سەرکەوتووی نیشاندا .لێرەدا ئێوەی هاووڵاتییانی خۆشەویست دڵنیا دەکەمەوە، کە حکوومەتی هەرێم لە هەموو کەس و لایەنێک زیاتر لە خەمی ژیان و بژێوی ئێوە دایە، بۆیە هیوادارم نەکەونە ژێر کاریگەری دروشم و پڕوپاگەندەی ناڕاست و ناواقیعی".
سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، پێداگریی لهسهر ئهوهكرد كه ئهوان گوێ لە هەموو رەخنە و تێبینیەکان دەگرن و داواکارییە واقیعی و مەنتیقییەکانیش لە بەرچاو دەگرن و لێیان تێدەگەن، بەڵام لە هەمانکاتدا پێویستە دانیشتوانی ههرێمیش تێگەیشتنی تەواویان بۆ ئەم دۆخە سەختەی ئێستا هەبێت.
ههروهها رایگهیاند: "سوپاسی خۆڕاگری و قوربانیدانتان دەکەم و دڵنیاشم بە پشتیوانی خوای گەورە و ئێوەی بەڕێز، ئەم دۆخە نالەبارەش تێدەپەڕێنین و کوردستان بەرەو گەشانەوە و بووژانەوە هەنگاو دەنێتەوە، ئەو کاتەش شەریکی سەرکەوتن و دەسکەوتەکان زۆر دەبن. لە کۆتاییدا دووبارە جەژنتان پیرۆز بێت و داواتان لێدەکەم پابەندبن بە خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان، چونکە خۆپارێزی ئەرکێکی نیشتمانیی و ئایینی و مرۆڤایەتییە".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن