
Arbil
هەولێر- AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە وتارێکی تەلەفیزیۆنیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بە ئەمریکایان راگەیاندووە کە "پێویستیان بە بنکەی سەربازیی (ئەمریکا) لە عێراق نییە" و تەنھا چاوەڕێی ئەوە دەکەن واشنتۆن پشتیوانی عێراق بێت لە بواری ئابووری و راھێنانی ھێزە ئەمنییەکان.
مستەفا کازمی لەبارەی دیاریکردنی پرسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق گوتی: "لە٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەدەچێت. بەڵێنی بەجێگەیاندنی پێویستییەکان لەمبارەیەوە دەدەم".
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد کە بە زووترین کات یاسای نوێی ھەڵبژاردن پەسەند بکات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی لەیەکەم رۆژی دەستنیشانکردنی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێ، بەڵێنی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی دابوو.