سياسەت, عێراق

فوئاد حوسێن.. لە پێشمەرگایەتییەوە بۆ وەزیری دەرەوەی عێراق

- ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا دەنگی لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی مستەفا كازمی دا. یەکێک لەو کاندیدانەی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتارانی بەدەستهێنا، کاندیدی کورد، فوئاد حوسێن بوو بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق.

Sarmand Hameed  | 06.06.2020 - نوێکردنەوە : 16.06.2020
فوئاد حوسێن.. لە پێشمەرگایەتییەوە بۆ وەزیری دەرەوەی عێراق

Arbil

هەولێر - AA

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا دەنگی لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی مستەفا كازمی دا. یەکێک لەو کاندیدانەی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتارانی بەدەستهێنا، کاندیدی کورد، فوئاد حوسێن بوو بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق.

فوئاد حوسێن کێیە؟

- فوئاد حوسێن بەکی، ساڵی ١٩٤٩ لە شاری خانەقین سەربە پارێزگای دیالە لەدایکبووە.

- خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لەو شارەدا تەواوکردووە.

- ساڵی ١٩٦٧ بووەتە ئەندامی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و هەمان ساڵ پەیوەندیی بە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات.

- بۆ تەواوکردنی خوێندن رووی لە بەغدا کردووە و ساڵی ١٩٧١ بەشی ئینگلیزی کۆلیژی پەروەردە لە زانکۆی بەغدا تەواو دەکات.

- ساڵی ١٩٧٤ پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگەوە دەکات و هەمان ساڵ لەدوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول و وەک پەنابەر روو لە وڵاتی هۆڵەندا دەکات.

- دکتۆرای لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆیەکی ئەمستردام لە هۆڵەندا بەدەستهێناوە.

- لەماوەی مانەوەی لە دەرەوەی وڵات بەردەوام سەرقاڵی کاری سیاسیی بووە لەناو ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا و ساڵی ١٩٧٦ بووەتە سکرتێری کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات.

- ساڵی ١٩٧٨ دەبێتە ئەندامی ئەنستیتۆی کورد لە پاریس.

- ساڵی ١٩٨٤ لەناو ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستلەکاردەکێشێتەوە و وەک کەسایەتییەکی سیاسیی سەربەخۆ بەردەوام دەبێت لەکاری سیاسیی.

- لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٨٤-١٩٩٥ مامۆستا بووە لە کۆلێژی ئەکادیمی کۆمەڵناسی.

- لەبەر چالاکییە سیاسییەکانی، وەک کەسایەتییەکی سیاسیی بەشداری لە کۆنگرەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکات لەوانە کۆنگرەی بەیرووت ساڵی ١٩٩١، کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراق ساڵی ١٩٩٢ لە ڤیەننا و کۆنگرەکانی ساڵی ١٩٩٩ لە واشنتۆن و پیرمام و کۆنگرەی لەندەن لە ساڵی ٢٠٠٢دا.

- دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، گەڕایەوە عێراق و لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەستبەکار دەکات.

- لە ساڵی ٢٠٠٥، سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بووە لە هەرێمی کوردستان .

- بەڕێوەبەری کارگێڕی رێکخراوی پەنابەرانی حکوومی بووە لە ١٩٩٥-١٩٩٦.

- لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٩٦-٢٠٠٣، بەڕێوەبەری نووسینگە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لێکۆڵینەوە و راهێنان بووە.

- لەگەڵ دامەزراندنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٥، دەبێتە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.

- ساڵی ٢٠١٩ لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی دەبێتە وەزیری دارایی عێراق.

- ئەمڕۆش وەک کاندیدی کورد بۆ وەزیری دەرەوەی عێراق لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی پێدرا.

- رۆڵی کاریگەری هەبوو لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا، بەمهۆیەوە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق، حەیدەر عەبادی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە.

- بە کەسێکی نزیک لە سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی دادەنرێت.

- بەشداریی لە دەیان کۆڕ و کۆڕبەندی نێودەوڵەتی و جیهانی لەسەر پرسەکانی سیاسیی و ئابووری و ئەمنی لەوانە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس، کۆنفرانسی ئاسایشی مینونخ، کۆنفرانسی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر لە واشنتۆن لە ٢٠١٧، هەروەها بەشداریی لە لووتکەی ئابووری و وزە لە ساڵی ٢٠١٤ لە ئیستانبوڵ کردووە.

- چەندین لێکۆڵینەوەی لەسەر پرسەکانی ئابووری و سیاسیی لە عێراق هەیە یەکێک لەوانە لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر پرسی سیاسەتی پاکتاوی رەگەزیی لە عێراق.

- جگە لە زمانی کوردی، زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی، فارسی و هۆڵەندی دەزانێت.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın